|
گەوادێک دەناسم بەپلەی لیوا خانەنشین کراوە:
پێشمەرگەیەکی دێرین و فەرماندەی کەرتێک، کە زۆر هاوڕێمە و تەواوی نهێنییەکانی خۆمان لای یەکتر باس دەکەین و متمانەی زۆرمان بە یەکتر هەیە، بۆی گێڕامەوە کە:
لە هاوینی ساڵی (1987) خۆیی و دوو پێشمەرگە دەچنە نێو شارۆچکەی (؟؟؟)، بەڵام خۆی لەنێو دارستانێک دەمێنێتەوە و ئەو دوو پێشمەرگەیە دەنێرێ و گومانلێکراو (ع. م. ق) لە ماڵ دەگرن و دێنن. فەرماندەی کەرتەکە خۆی ناچێت، چونکە خۆیی و گومانلێکراوەکە خەڵکی هەمان شارۆچکە بوون. دوو پێشمەرگەکە (ع. م. ق) دەهێنن و دەیگەیەننە لای فەرماندەی کەرتەکە.
فەرماندەی کەرتەکە و دوو پێشمەرگەکە بەنیازی ئەوە بوون ئەو کەسە گوللە باران بکەن، گەر بێتو کابرا تۆمەتەکەی لەسەر ساغ بێتەوە. بەڵام هەر دوو سێ خولەک دوای ئەوەی کە دوو پێشمەرگەکە بەخۆو تۆمەتبارەکە دەگەنە لای فەرماندەکەیان، دایک، خوشک و پورێکی تۆمەتبارەکە دەگەنە ناو دارستانەکە و فەرماندەی کەرتەکە دەبینن و دەستبەجێ دایکی تۆمەتبارەکە دەڵێ: (ئەوە تۆی پێشمەرگەت ناردووە بۆ ئەوەی کوڕەکەمان ببەن، کەواتە هەر شتێکی بەسەر بێت ئێمە لە تۆی دەزانین)؟
فەرماندەی کەرتەکە گوتی: (کە دایک، خوشک و پوری گومانلێکراوەکەم بینی زانیم تازە ڕیسەکەمان لێ بووەوە بە خوری، بۆیە لە ناچاریدا گوتم: بۆ ئەوە نەمان هێناوە بیبەین، یان شتێکی لێ بکەین، بەڵکو بۆ ئەوە بانگمان کردووە کە هەندێک زانیاری هەیە ئەو دەیزانێ و سەبارەت بەو زانیارییانە چەند پرسیارێکی لێدەکەین و نیو کاتژمێر ناخایەنێت و دەگەڕێتەوە، گەر حەز دەکەن ئێوە لێرە بوەستن، خۆم پیاسەیەکی لەگەڵ دەکەم و دەگەڕێینەوەو هەمووتان پێکەوە بڕۆنەوە.
ئێمە تۆزێک دوورکەوتینەوەو قسەم لەگەڵی کرد کە زانیاریمان هەیە و پەیوەندی بە (عەقید ت. خ. ن) بەڕێوەبەری ئەمن هەیە و ژنی بۆ دەبات. کابرا گوتی: بەڵێ ڕاستە پەیوەندیم لەگەڵی هەیە، تا ئێستا خوشکێکم، براژنێکم و دوو تا سێ ژنی ترم بۆی بردووە، داواشی کردووە کە تۆی بۆ بکوژم، بەڵام گوتومە پێم بکرێت دەیکوژم وەلێ زەحمەتە بتوانم ئەوکارە بکەم).
ئەو فەرماندەی کەرتە لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو و گوتی: (دوای ئەوەی هەموو زانیارییەکانی بۆ باسکردم گەڕاینەوە لای ئەوان و تۆمەتبارەکە، دایکی، خوشکی و پوری-مان بەڕێکردن و خۆیشمان بەپەلە شوێنەکەمان جێهێشت، نەوەک ئەو بچێت و هەواڵی بوونی ئێمە لەنێو شار بگەیەنێتە فەرمانگەی ئەمن و مونەزەمەی حزبی بەعس).
ئەو هاوڕێیەم، واتە فەرماندەی کەرتەکە گوتی: (دوای ڕاپەڕین ئەو گەوادە بە پلەی لیوا خانەنشینە و منیش بەپلەی ملازم و بەس، خۆ گەر خانەنشین نەکراباین و ئەو لیوا بوایە و من ملازم، بەگوێرەی یاسای سەربازی هەر جارێ تووشم بە تووشی ئەو گەوادە بوایە، دەبوایە منی پێشمەرگە و فەرماندەی دێرین تا هێزم هەبێ پێ بکوتم بە زەویدا و سڵاوی سەربازی بۆ ئەو گەواد و سیخوڕە بکەم).
دەرسیم پێشەوا
دانیمارک
بهروار: 12/04/2026
413 جار خوێندراوهتهوه
|