بەختیار عەلی بۆ زمانەکانی جیهان 🌍

دواهەمین هەناری دونیا بۆ ڕوسی، نەفرەتی نەوبەهاران بۆ ئەڵمانی، بەندەر فەیلی بۆ دانیمارکی، داگیرکردنی تاریکی بۆ ئینگلیزی، دواهەمین هەناری دونیا بۆ کەتەلانی، شاری مۆسیقارە سپییەکان و کۆشکی باڵندە غەمگینەکان بۆ تورکی

لە ماوەی ڕابوردوودا نوسەر بەختیار عەلی، چەند گرێبەستێکی بۆ وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک لە بەرهەمەکانی بە هەندێک زمانی جیاواز مۆرکردوە. 
وەک ساڵی پار بڵاومانکردەوە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا “دواهەمین هەناری دونیا” بە زمانی ڕوسی بکەوێتە بەر دەستی خوێنەران. لە هەمان کاتدا بڕیارە ئەم ساڵ ڕۆمانی “بەندەر فەیلی” بە وەرگێڕانی کاک هێمن عومەر بە دانیمارکی چاپ ببێت. لە ڕۆژانی ڕابوردووشدا گرێبەستک لەگەڵ بنکەی بڵاوکردنەوەی «دیل کراتەر» لە بەرشلۆنە مۆرکرا، کە یەکێکە لە بنکە نوێ و گرنگەکانی پەخش و بڵاوکردنەوە بە زمانی کەتالانی، بە مەبەستی وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی «دواهەمین هەناری دونیا» بە زمانی کەتەلانی.  لە نیۆرکیش بڕیارە بنکەی بڵاوکردنەوەی ئارکیپێلاگۆ لە ڕێگای «داگیرکردنی تاریکی» یەوە درێژبدات بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی نوسەر بە ئینگلیزی. لە هەمان کاتدا هەر دوو ئازیزان ڕاوێژ سەلیم و ئوتە کانتێرا لانگ، دەقی وەرگێڕدراوی «نەفرەتی نەوبەهاران»یان ڕادەستی «یونێۆنس فێرلاگ»ی سویسری کردوە، کە پێشتر شەش کتێبی دیکەی نوسەریان بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکردۆتەوە. لە هەمان کاتدا گرێبەستێک بۆ چاپی «شاری مۆسیقارە سپییەکان» و «کۆشکی باڵندە غەمگینەکان» بە تورکی لەگەڵ بنکەی «توتەم یاینلاری» مۆرکراوە. 
نوسەر لە مانگی چوار و پێنجدا، زنجیرەیەک کۆڕی لە «ئەڵمانیا، بریتانیا، سوید» هەیە، کە لە ڕۆژانی داهاتوودا زانیاری تەواو دەربارەی کات و شوێنی کۆڕەکان بڵاودەکەینەوە.
به‌روار:  12/04/2026
41   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   187
کۆی سه‌ردان:   31297713