مەلا عەبدولخالق لە مردوو شتنەوە بۆ ڕادیۆ
 
تیرۆرکردنی: 1985.4.10

مام ھەژار دەربارەی ئەم پیاوە مەزنە دەڵێت:
حەز دەکەم باسێک لە کاک " عەبدولخالق  مەعروف"  بکەم کە لەوەتا دیومە تا ئەو ڕۆژە دەمرم لە دۆستە هەرە خۆشەویستەکانمە:

فەقێ بووە؛ بۆتە مەلا. لە سەربازی کراوەتە ئیمام تابوور (قازی عەسکەر). هەر لەبەر خۆشیەوە بە ئیشتیبا دەسکاری ڕادیۆی کردووە. گەیشتبووە ڕادەیەک فرستندەی ڕادیۆی زۆر بە هاسانی و نرخێکی زۆر کەم دروست دەکرد. ڕادیۆی نیوکیلۆ واتیمان بە پەنجا هەزار دینار کڕیبوو؛ کە لە کەم جێ دەبیسرا. عەبدولخالق ڕادیۆیەکی مەوجی ناوەڕاستی لە سیم و بوتری بەتاڵ و چەند لامپێک لێک دەدا کە سەد دیناری تێ نەدەچوو؛ لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبیسرا! لە شۆرشدا ناردیان بۆ چێکوسلاڤاکیا؛ گوتبوویان تۆ لە هەموو موهەندیسان ماهیرتری! بەڵام لە کارخانە کار بکە و شتی تازە فێر ببە؛ دوای شەش مانگ هاتەوە. پێنج موهەندیسی ڕادیۆمان هەبوون کە لە خاریج خوێندبوویان؛ دەبوو عەبدولخالق فێریان کا! 

بە مەلایەتیدا زۆر زانا بوو. کەمتر مەلا لە موجادەلەدا دەگەڵیان دەردەبرد. ئاغڵەب گاڵتەی بە عەقڵ و سەودایان دەکرد و مەلا ناخۆشیان دەویست. قەت نەمدی دەم بە پێکەنین نەبێ. لە عیشقی کوردستان و ئازادیخوازیدا سووتابوو. چاوی لە ماڵی دنیا نەبوو. 

بە گاڵتە پێم دەگوت: ئاخر تۆ لە سەربازی مردوو شوتن، ئەو عیلمی ڕادیۆیەت لە قنگی کامیان دەرهێناوە؟!
بە هەموو هێز و توانای خۆی هەتا شۆرش هەبوو هەر دەگەڵ بوو؛ وازی لە ماڵ و منداڵ هێنابوو. بۆ شۆرش لە لەشکرێکی دە هەزار کەسی بە بەهرەتر بوو. لە شکانەکەشدا هاتە سابڵاغ، لە تارانەوە چووە ئەڵمانیا. زۆر لە ژیان ناهومێد ببوو.

 لە ئەڵمانەوە ڕاست چووبووە بەغدا و لە فروودگا گوتی من فڵان کەسی موهەندیسی ڕادیۆی شۆرش بووم و هاتووم ئیعدامم کەن. بەڵام ئیعدامیان نەکرد و هاتەوە هەولێر و دوکانی تەلەفزیۆن چا کردنەوەی دانا.

 زۆر بە داخەوە لە ساڵی ١٩٨٥دا لە هەولێر تیرۆر کرا و بە ڕاستی گەورەترین زیان لە کورد کەوت...

شێرکۆ بێکەسیش لە شعرێکدا دەڵێت:

ئەوەندەی نان بیری برسی و
ئەوەندەی ئاو بیری تینوو
ئەوەندەی شەهید بیری مناڵی و
ئەوەندەی زیندان بیری ئازادی و
دەرێ ئەکات بیری ئەکەم

من دڵنیام چرا هەر ئەدۆزێتەوە
چونکه هەردوکیان
هەر کوڕی ڕووناکین و
چونکە بران
من دڵنیام چرا هەر ئەدۆزێتەوە
چونکه هەردوکیان
هەر کوڕی ڕووناکین و
چونکە بران

هەر دێ بۆ لام
بەڵام ڕەنگە
لەبەر ئازاری دڵەکەی
هێواش بڕوات
درەنگ بگات

یاخود لە ڕێگا لایدابێ و
چووبێ بۆ لای نانەکەلی و
تا پێکەوە زامەکانی ئەویش
لەگەڵ خۆیدا بێنێ

من ئەزانم
وەختێ کە هات لەگەڵ خۆیدا
دوا کتێبی ئەهێنێت و
لەسەر ئا ئەو کورسییە چۆڵەی بەرامبەرم
دائەنیشێ و
من پێی ئەڵێم بە خێر هاتی بۆ ئەم دڵەم
کۆلا، شەربەت، قاوە یان چا؟

ئەویش ئەڵێ نا نا نا هیچیان
هەر تەنها ئاو
پەرداخێ ئاو

شەو درەنگە و زۆر درەنگە و
وەکو درەختی ڕوتەڵەی
ئەم پاییزە شپرزەم و
دەرگای باڵکۆن ئەکەمەوە و
شەو تەمی داوە بە خۆیدا و
هیچ دیار نییە و چرایش ونە
ئەو هەر نەهات

چرای دووەم و سێهەم و
چوارەمیشم نارد بە شوێنیا
ئەو دیار نەبوو
ئەو هەر نەهات

قەڵەم کەوتە وەنەوزدان و
ئەو نەگەیشت و
ئەو هەر نەهات
ئاخر ئەبێ چی ڕوویدابێت
(عەبدولخالق) بۆچی نەهات؟!

وەرگیراوە
به‌روار:  10/04/2026
277   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   437
کۆی سه‌ردان:   31290013