عیزەت دوری لە هەوارە بەرزەیە

بەهاری 1991
پێش کۆڕەو سوپای ئێراق  کەرکوکی گرتەوە و هێزی پێشمەرگە و چەکداری ڕاپەڕیو کەوتنە پاشەکشە بۆ دواوە.
خەڵک کەوتنە دڵەڕاوکێ و لە هێرشی سەدام دەترسان و دۆخێکی  تاریک و خراپ بوو.


نیوەڕۆیەکیان لە کەبابخانەی سیروانی ئەسحابەسپی لەگەڵ " وەستا بەکری حاجی عەزیز" باسی دۆخەکەمان دەکرد، ئیڤایەکی سەربازی چەند چەکدارێکی تیا بوو لە سەراوە هاتن و یەکێکیان لە دواوە هاواری کرد:
"عیزەت دووری "گیراوە و وا لە" مزگەوتی عەلی کەمال".. ،  خەڵکی ئەو ناوە یەکپارچە  کردیان بە چەپڵە لێدان ، و دڵی هەموومانی تەواو خۆشکرد.


من گەڕامەوە بۆ دوکان کە سێ خولەک لە کەبابخانەکەی " کاک بەکر" ەوە دوورە، ئیڤاکە گەیشتە بەردەم ئوتێل مەحوی و بەرەو سەرکارێز دەڕۆی، کابرا هاواری کردەوە:
مەسعود ڕەجەویش گیراوە و لەگەڵ عیزەت دووری لە مزگەوتی عەلی کەمال دانراوە.
خەڵک لە خۆشیدا کەوتنە هاوار و چەپڵە لێدان.


ئێستاش  لەم دۆخی جەنگی ئێرانە ، تا ئێستا شەڕەکە نەبووە بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی‌ کوردستان، شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیله.
وەکو یاری " بەرشلۆنە و ڕیال مەدرید" ی لێهاتووە، کوردی کردووە بە دوو بەشەوە.
برادەرێک هەیە کە ڕۆژانە چەند پۆستێک لەسەر جەنگەکە دەکات و ئێرانی دە جار ڕووخاند لەم مانگەدا.
جارێک پۆستێکی کردبوو " هەڵە" یەکی گەورەی زانیاری کردبوو، لە کۆمێنت بۆیان نووسی " ئەو هەواڵە ڕاست نیە".
کەوتە جوێن دان و دەیووت من شەڕی دەروونی لەگەڵ ئێران دەکەم، ئەم بەڕێزەش وەکو کابرای ئێڤاکەی ئەسحابەسپی بە هەزار لایکێک  دەفع بووە و بەهاری هێناوەتە سەر‌ چۆک.


شایەنی نووسینە باشووری کوردستان قەرزاری دەیان ساڵەی " شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی‌ کوردستانە"   کە بوونە قوربانی هەرێم و  چالاکیەکانی خۆیان سڕ کردووە و هەڵوێستی ئەمجارەشیان کە " ڕۆژهەڵات و باشوور" یان لە هێرش و پەلاماری ئێران پاراست ، هەڵوێستێکی نیشتمانی و عاقڵانە و دووربینانە بوو کە نەبوونە بەشێکی جەنگەکە و تا  ئەمریکا قومارمان پێوە بکات.


تێبینی:
زیرەکی دەستکرد بۆ عیزەت دووری هیچی وای نەووت، بەڵام بۆ مەسعود ڕەجەوی عەقڵی نەیبڕی بەدەموچاوی بەستراوەوە وێنەکەی درووستکرد.


شێرزاد عەزیز
مالمۆ
https://www.malmokurd.com/News-45884-6
به‌روار:  09/04/2026
45   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   892
کۆی سه‌ردان:   31283389