|
ڕۆڵی جاشایەتی
«ئەو داگیرکراوەی ڕۆڵی بەکرێگیراو (جاش) قبووڵ دەکات، دووجار نامۆ دەبێت - جارێک لای داگیرکەر نامۆیە و جارێکیش لای گەلەکەی خۆی» - ئەلبێرت میمی
لەڕووی سایکۆلۆژیی و مێژووییشەوە جاش بەگشتیی لەنێو گەلانی داگیرکراودا دیاردەیەکی بەرچاوە. لەو شوێنەشدا، بەتایبەت کە هێشتا لە باکووری کوردستان سنووری نێوان ناسنامەی کوردیی و ناسنامەی هاووڵاتیی کۆماری تورکیا تەواو دیار نییە، و توانەوە بە زەبر و «بە سروشتییی» مێژوویەکی دڕندەی هەیە، ئەو کوردەی دەبێتە تورک، زۆر لە تورکەکە بەرانبەر کوردەکە دڕندەتر دەبێت.
بەگشتیی دەزانێت پەلاماری کێ بدات، خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان دەناسێت، سزادانی کەسانی سەر بە نەتەوەکەی خۆی، کێبڕکێیە بۆ سەلماندنی وەفاداریی بۆ داگیرکەر، بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێی ئەوەدا دەژیت گومانی بخرێتەسەر، بۆیە توندوتیژتر دەبێت. ترسی هەیە ئەگەر زۆر توندوتیژ نەبێت، جاشی دیکە لە کێبڕکێدا شوێنی بگرنەوە.
لەبەرئەوە توندوتیژیی بەرانبەر خەڵکانی سەر بە نەتەوەکەی، کە لەلایەن داگیرکەرەوە وەک ناشارستان (بۆ نموونە لێرەدا تورکی شاخستانیی) پێناسەکراون، هەم وەک شارستانێتیی دەبینرێت و هەم سزاشی لەسەر نابێت.
بەڵام دەشزانێت کە سەروەرەکەی ڕقی لێیەتی و هەر بە گومانەوە سەیری دەکات، چەندە ڕق و گومانی سەروەرەکەی زیاتر بێت، ئەو بەرانبەر نەتەوەکەی خۆی توندوتیژتر دەبێت. تاسیتوسی مێژوونووسی ڕۆمانیی، باسی ئەو ژەرمەنانە دەکات کە خیانەتیان لە هۆزە ژەرمەنەکان بۆ ئیمپراتۆری ئەڵمانیی دەکرد و دەڵێت: «سەروەر زۆر زیاتر ڕقی لەو خیانەتکارەیە کە خزمەتی دەکات تا لەو هۆزەی خیانەتکارەکە لێیەوە هاتووە».
بەڵام لە لۆژیکی کۆتاییدا، سەروەر تا ئەو شوێنەی هەموو کارە قێزەون و قڕێژەکان بە جاش دەکات، لای خۆی دەیهێڵێتەوە، پاشان هەر بەچاوی سوکەوە سەیری دەکات و ئەو کاتەی مردوو بێت، جا بەباشی دەزانێت. هیتلەر قسەیەکی لەسەر ئۆتۆ ڤاینینگەر هەیە، ڤاینینگەر یەکێک بوو لەو جووانەی ڕقی دونیای لە جووایەتیی بوو و بەردەوام سووکایەتیی بە جووەکان دەکرد و ئامادە بوو بە هەموو شێوەیەک یارمەتیی دەوڵەت بدات بۆ ڕاوەدوونانی جووەکان. پاشان خۆی دەکوژێت. هیتلەر دەڵێت «تەنها یەک جوو هەبوو باش بوو، ئەویش ڤاینینگەر بوو، کاتێک زانی ناتوانێت جووایەتیی تێپەڕێنێت، بەرگەی نەگرت و خۆی کوشت. تەنها بەخۆکوشتن جووایەتیی تێدەپەڕێنرێت».
ئەمە بۆ هاکان فیدان-یش ڕاستە. بۆ عەلی قەرەداغی-ش ڕاستە. بۆ هەموو ئەوانەی خەریکی ستایش و مەرایین بۆ ئەردۆغان و سیستەمە سوڵتانییەکەی و بۆ ئەحمەد شەرعەی کۆنەداعش. هەم لە ناخەوە سوکایەتییان پێدەکەن و هەم لای گەلی خۆشیان ڕسوان.
پێشڕەو محەمەد
بەرلیان
بهروار: 10/02/2026
28 جار خوێندراوهتهوه
|