کەزی💜


لەو گوتەیەی حەمید بۆزئەرسەلانەوە دەستپێدەکەم کە دەڵێت : کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەند تاقە کۆمەڵگەیە کە واتای نوێ دەداتە شتەکان.

بڕینی کەزی ژنە شەڕڤانێک ئەم راستییەی بۆ سەڵماندنین کە لە ماوەی نیوە سەدە زیاترە کۆمەڵگەی عەرەبی نەیتوانیوە هیچ واتایەکی نوێ بە گەردوونی بکات. کۆمەڵگەی فارس لە ماوەی ئەم پەنجا ساڵە نەیتوانیوە یەک دەرهاویشتەی ئەرێنی بخاتە سەر واتاسازییەک کە خۆی وابەستەی دەرەوەی خۆی بکات. لە ئاڵوگۆڕدا بێ لەگەڵ ئەوی دیکەی جیاواز. لە کۆمەڵگەی تورکییدا تاکو ئێستا لە هەوڵی دروستکردنی بەیرەقدار و فۆبیای کوردی هیچ واتایەکی نوێی نەبەخشیوە بە هێج دەستەواژەیەک کە توانیبێتی کۆمەڵگەی تورکی تێپەڕێنێت. داعش بە ملپەڕاندنی چەند رۆڵەی کورد نەیتوانیت هیچ شەرعییەتێک بۆ دینەکەی بهێنێتەوە و لەچەقبەستوویی لە ناو رابردوودا نەیتوانی پەیامێکی جیهانی ببەخشێت بەو هەموو کوشتارەی کە لەم دە پانزە ساڵەدا ئەنجامی دا.

کەواتە کۆمەڵگەی ئێمە، هەم کۆمەڵگەیەکی گەنجە، هەم دینامیکە، خێرا خۆی دەخزێنێتە نێو دیاردەکان و واتای نوێی لێهەڵدەهێنجێت، ئەمەش دیاردەیەکی هەم سۆسیۆلۆژییە، هەم سیاسیی و کەلتوورییە.
بۆچی دیاردەی کەزی خێرا بوو بە دیاردەیەکی جیهانی؟
لەم کردەیەدا چەند پێکهاتە بەشدار بووە. لە سەر هەمووییەوە رەوایەتی کێشەی کورد کە هەم پەیوەندیی بە خاکەوە هەیە، هەم بە دروستکردنی ئایندەوە ؛ هەروەها بەشداربوونی ژن لە مەیدانی ئەم خەباتە شەرعییەدا، هەروەها دیاردەی ئەتک کردن وەک سڕینەوەی شوناس دەبێ لێرە بخوێندرێتەوە.
ئەم کردەیە پێرفۆرانسێکی هونەری نەبوو، نمایشێکی راگوزەر نەبوو، بەڵکو سنوورێکی لە نێوان هەمەجییەت و شارستانییەت دانا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خێرا هاتە سەر خەت و گوتی "بەسە".
ئیدی کەز بوو بە رەمز، هیچ چەکێک هەندەی بە رەمزبوونی خەبات لە ناو مێژوو نامینێتەوە، بەڵکو رۆحی دەکاتە بەر، هەرمانی پێدەبەخشێت.
لێرەوە کەزی هەموو واتا نوێیەکانی خۆی وەدەستهێنا.
د.ئەحمەدی مەلا
ئیسپانیا
به‌روار:  30/01/2026
50   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   11
کۆی سه‌ردان:   31089588