|
لافاوەكەی چەمچەماڵ
لافاوەكەی چەمچەماڵ دەریخست ئیتر "حكومەت باوكی میللەت نیە"،
دەبێت خەڵكی خۆی مشوری خۆی بخوات، دڵسۆزان و خێرخوازان و خەمخۆران، لە رووداو و كارەساتەكاندا دەبنە باوكی میللەت "حكومەت تەنیا باوكی كوڕەكانی خۆیەتی" تەنیا دەتوانن كوڕانی خۆیان بكەنە ملیاردێر و هاوڵاتیش قوربانی لافا و كارەبا بڕان و بێخزمەتی و بێموچەیی..؟
لافاوەكە هەموو عەیب و عارو بیخزمەتی و پەراوێزخراوی چەمچەماڵی دەرخست، پێگەی چەمچەماڵ لە چاوی حكومەت و حزبە باڵا دەستەكاندا دەڤەرێكی بێئەرزش و بێ دەنگ و بێخاوەنە...
- نەیەكێتی بایەخی پێدەدات، نە پارتی، نە حكومەت دەزانێت چەمچەماڵ لە كوێیە، نە حزب.
- نە بافڵ تاڵەبانی چووە چەمچەماڵ و مایكە شكاوەكەی هەڵبگرێتەوەو سنگدەرپەرێنێت و بڵێت"ئێمە غازی چەمچەماڵمان هەیە"، نە مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانیش هاوشێوەی لافاوەكەی زاخۆو دهۆك ملێار و دوو ملیار دیناریان بۆ تەرخانكرد، وەك ئەوەی چەمچەماڵ لە كەوكەبێكی تر بێت..
- ئێستا غازەكەی چەمچەماڵ تاكە كارتی بەهێزی یەكێتییە بەرامبەر پارتی و تەنانەت توركیاو عێراقیش..
- چەمچەماڵ یەكێتی لە كەركوك كردووەتە هێزی یەكەم، زیاتر لە (40) هەزار دەنگی كەركوكی لێیە هەمیشە بەشی نزیكەی دوو كورسی (50%)ی كورسیەكانی كەركوكی یەكێتی لە چەمچەماڵبووە، ئەی كوا خێری یەكێتی بۆ چەمچەماڵ؟
- چەمچەماڵ (100%)ی غازی ماڵان ( LPG) بۆ هەموو هەرێمی كوردستان دابین دەكات كە رۆژانە (هەزارو 150) تەن بەرهەمدێنێت و لە بەشی ناوخۆ زیاترەو بەشێكی دەبرێتە دەرەوەی وڵات.
- چەمچەماڵ رۆژانە زیاتر لە (38) هەزار بەرمیل نەوت (نەفتا) بەرهەمدەهێنێت.
- رۆژانە (500) ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەمدەهێنێت كە بەشی (80%) كارەبای هەرێمە و گازی سروشتی رەوانەی وێستگەكانی (چەمچەماڵ، هەولێر، بازیان، دهۆك) دەكات.
- لە تەنیشت چەمچەماڵ وێستگەی كارەبای (1500) مێگاواتی چەمچەماڵ هەیەو لە نزیكی وێستگەی كارەبای (750) مێگاواتی كارەبا هەیە لە دەربەندی بازیان.
- لە چەمچەماڵ بە كێڵگەی غازی كۆرمۆر و كێڵگەی چەمچەماڵەوە نزیكەی (16) ترلیۆن پێ سێجا غاز هەیەو گەورەترین كێڵگەی غازە لە هەرێم و عێراق و ناوچەكە.
- چەمچەماڵ پێشتێنەی ئەمنی و ناوەندی پێكبەستنەوەی كەركوك و سلێمانیە.
- حكومەتێك بە 10 ساڵ نەیتوانی ئاوەكەی گۆپتەپەیان بۆ رابكێشێت "بە هاوین بە 15 رۆژ جارێك ئاویان بۆ دێتەوە، هاوینان لە تینواندا دەخنكێن و بە زستانیش لافاو دەیان خنكێنێت"
- چەمچەماڵ هێندە بێخاوەنە، گەنجەكانی چەندین ساڵە هاوار دەكەن رزگارمان بكەن لەدەست ئەو بەرپرسانەی كە نازانن چەمچەماڵ چی دەوێت، ئاخری چەمچەماڵیان گەیاند بەوەی لافاو دایپۆشێت، كەسێك نیە لەو بەرپرسانە رزگاریان بكات، كەسیش گوێ لە گەنجەكانیان ناگرێت كە دەڵێن: ئەو لافاوە بەهۆی زیادەڕۆیی و بەرتەسككردنەوەی رێڕەوەكان و بێخەمی بەرپرسەكانیەوە ئاوای لێهات.
- چەمچەماڵ هێندە بێنازە، وەك بەرێوەبەری رێگاوبانی چەمچەماڵ وتی: بە 450 گوندی چەمچەماڵ تەنیا یەك شۆفڵمان هەیە، بە شۆفڵێك چی دەكەیت؟؟
- حكومەت هێندە جیاوازی دەكات لە نێوان ناوچەكاندا: قایمقامی قەزای زاخۆ رادەگەیێنێت، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە 330 پرۆژەی خزمەتگوزارییان بە گوژمەی 360 ملیار دینار لە زاخۆجێبەجێکردووە... پرسیارەكە ئەوەیە ئەی چەند بۆ چەمچەماڵ جێبەجێكراوە؟
- پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە بە گوژمەی 114 ملیار دینار دەبوایە لە ماوەی ساڵێكدا تەواوبكرێت ساڵ تێپەرێو 20%ی تەواوە بووە، پرۆژەی ئاوی قوشتەپە 222 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوەو ماوەی دوو ساڵی بۆ تەرخانكرا بە ساڵێك تەواوكرا..؟؟؟
چەمچەماڵی دوای رووداوەكە:
بۆ یەكێتی:
چەمچەماڵ پێگەیەكی سیاسی و ئابوری و ستراتیژی گرنگە بۆ ناوچەكە بەتایبەت سنوری ژێر دەستەڵاتی ئیدارەی یەكێتی، بەڵام یەكێتی نەلەرووی حزبییەوە خزمەتی چەمچەماڵی كردووە نەك رووی ئیداری و حكومییەوە، لە پاڵ خزمەت نەكردن كۆمەڵێك بەرپرسی نابەرپرس و بێزاركەر و ماوەدرێژ لە پۆستەكانیاندا كردووە بە ملی ئەو شارەوە.
بۆ پارتی:
راستە چەمچەماڵ لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتییە، بەڵام پارتیش هیچی بۆ نەكردووە، دەبێت پارتیش ئەوە بزانێت، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لای پارتیە، تا ئێستا چەمچەماڵیان بینیوە؟؟، ئەزانن دەكەوێتە كوێیوە؟؟، ئەترسم وابزانن ناوچەی جێناكۆكەو لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدایە؟؟؟؟
بۆ خەڵكی چەمچەماڵ:
بێدەنگی خەڵكی چەمچەماڵ، بەكارنەهێنانی كارتەكانی چەمچەماڵ، سود وەرنەگرتن لە پێگەی چەمچەماڵ وای كردووە، هەمیشە پەراویێزخراوو پشتگوێخراوبن، نە غازەكەی چەمچەماڵ بەسودیان بووەو نە كارەباكەیان و نە ناوچەو دەنگ و سنورەكەیان كردووەتە كارت بۆ خزمەتكردنی دەڤەرەكەیان.!
ئەوەی هەیانە كۆمەڵێك گەنجی چالاك و خوێنگەرم و جدی و لە خۆبردوو كە ئەتوانن بەرپرسان و حكومەت و حزب ناچاربكەن، حساب بۆ چەمچەماڵ بكات...
دەبێت لافاوی نیگەرانی و ناڕەزایی و دەنگهەڵبڕین بەردەوام بێت تا:
- چەمچەماڵ دەكەنە ئیدارەی سەربەخۆ، بەڵام پرۆژەو بەبەرپرسی دڵسۆز و خەمخور.
- پشكی غاز (پترۆ دۆلار) پارەی نەوت و غاز بۆ سودی ناوچەكەو پرۆژەو دامەزراندنی گەنجەكان.
- چەمچەماڵ بكرێتە سەنتەری بازرگانی و سەنتەری گواستنەوەی ستراتیژی غاز و چیمەنتۆ و خشت و پیشەسازی لە نێوان هەرێم و عێراق.
چەمچەماڵییەكان لافاو رایان دەگرێت؟ یان خەتاباران دەخەنە بەردەم لافاوی رق و توڕەیی و نیگەرانی پەراوێزخراویان!!!!
........................................
راپۆرتی ناوەندی هاوبەشی قەیرانەكان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان:
ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٩) تەنها لەو ڕۆژەدا (١٢٧.١) ملم باران لە چەمچەماڵ و لە تەکیە (١٧٣.٥) ملم باریووە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز لەو ناوچانە.
زیانە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن:
• دوو کەس گیانی لەدەستداوە.
• (١٢) کەس بریندار بووە.
• یەک کەس بێ سەر و شوێنە.
• دەیان ئۆتۆمبیل ئاو بردوویەتی و زیانیان پێکەوتووە.
• (٥٠٠) ماڵ لە قەزای چەمچماڵ زیانی بەرکەوتووە. و لە پارێزگای سلێمانی و بازیانیش چەندین ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
• زیاتر لە (١٠٠) دووکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان. و (٥) فەرمانگەی حکومی ئاویان تێچووە. و کتێبخانەی چەمچەماڵ زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
محەمەد رەئوف
بهروار: 11/12/2025
39 جار خوێندراوهتهوه
|