ساڵێک تێپەڕی بەسەر هەراکەی سوریا :
بەعسییەکان کۆتاییان هات، دەبوو کۆتاییان بێ،  ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی عرووبی جێی بە ئایدۆلۆژیای بەعسی عرووبی لەق کرد. واتە ئایدیۆلۆژیای ئەردۆغانی : کۆکتێلی ئەتاتورکیسم و  ئیسلامی عوسمانی.
واتە، لە خراپ خراپتر!
بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک، شەرع جلکە سەربازییەکەی کردەوە بەر و گوتی گوێڕایەڵم بن من گوێڕایەلی خودا و پێغەمبەرم. ئەمە کورتکراوەی پڕۆژەکەیە. واتە، سوریای یەک رەنگ و یەک دەنگ، نەخێر بێدەنگ یا هاتوهاوار جێی دەنگ دەگرێتەوە.

کەواتە قەیران بەردەوامە و لە هیچ دیوێکی تونێلەوە رۆشنایی بەدی ناکرێت. نمایشی سەربازی لە دیمەشق زیندووکردەوە هەمانە تاس و حەمامە، بەڵام :

دۆخی نێونەتەوەیی لەبار نییە ئەم رژێمە وەک هێزێکی ملهوڕ لەسەر پێی خۆی راگرێت، هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنیش لەبەرچاو نییە، لێدوانە بێ سەر و بن و بێ تامەکانی تۆم باراک دەرخەری ئەم راستییەن. گرنگی قسە هەر ئەوەندەیە لە کوێەوە دەکرێت.
حکومەتی مەدەنی و دیموکراسی لە دیمەشق بنیات نانرێت، خەونی بە دیموکراسیکردن هەم لە سوریا هەم لە تورکیا شکست دەهێنێت.
هەموو ناماژەکان بە یەک ئاڕاستەدا وەردەچەرخێن : قەیرانی زیاتر، گوتاری سەربازی زیاتر، بەرکەوتەی نەخوازراو... زایەڵەی قاقاکانی دۆحە هەر لە ناو کۆشکەکەی دەمێنێتەوە و ئیمرالی تەنها دەتوانێت بە ژێر لێوەوە قسە بکات، ئاشتی کاری مەردانە بە گورگ و رێوی ناکرێت.
کالای بەعسیسم، لە ژێر دەمامکی جیاواز دووبارە و دەبارە دەبێتەوە، جا بە ریشەوە بێ یا بە کاسکێتەوە...لە عەفلەقەوە بۆ خالیدی کوڕی وەلیدی یا بە پێچەوانەوە..هیچ فەرق ناکات. ناوچەکە بە بێ ریش ئیدارە ناکات!
هەگیز هێزی مەدەنی ئەوەندە لاواز و بێهێز نەبووە لە ناوچەکە...
لەگەڵ ئایندا نە نیشتیمان لەدایکدەبێ نە هاوڵاتی، بەڵکو گۆڕەپانێکی بێ ساحێب تەنها بۆ ئەوانەیە کە هێزیان هەیە...خودا لە هەموو شوێنێکەوە بە بێ هۆکار فیچقە دەکات.

د. ئەحمەدی مەلا 
ئیسپانیا
به‌روار:  08/12/2025
55   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   122
کۆی سه‌ردان:   30952482