|
هیتلەر چوکێکی بچوک و تاکێ گوونی هەبووە
خوێندنەوەی جینۆمی هیتلەر کۆمەڵە شتێکی سەیری دەرخست: ئەم کابرایە "ٓچوکێکی زۆر بچوکی هەبووە و یەک گوونیشی هەبووە واتە یەک گوونی شۆڕبووەی هەبووە ".
، بەڵام گرنگە لەوە تێبگەین کە ئەو تایبەتمەندیانە، مەرجی دڕندەیی نییە …
دەمێکە هەوڵی ئەوە دەدرێت جینۆمی هیتلەر بخوێندرێتەوە لە رێگەیەکەوە، بەڵام دەرکەوت ئەوە کارێکی ئاسان نییە. لەوانەیە ئاگاداربن، لە دوا رۆژەکانی جەنگی جیهانی دووەم، هیتلەر خۆکوژی کرد و پێش ئەو کارەی، داوای ئەوەی کردبوو کە لەشی بسوتێنرێت بۆ ئەوەی نەکرێت بە مەسخەرەی خەڵکی. دوای خۆکوژیەکەشی، هەر هەمان کار کرا و لاشەکەی سوتێنرا و پاشماوەکەی کەوتە دەست سوپای سوری روسیا کە ئەوانیش بردیان و بە نهێنی لە شوێنێکی نەزانراودا ژێر خاکیان کرد.
پێشتر هەوڵی ئەوە درا لە رێگەی تاڵە موویەکەوە، کە گوایە تایبەتە بە هیتلەر، ریزبەندی DNA ی ئەو وەرگیرێت، بەڵام پاشان دەرکەوت مووەکە شتێکی ساختەیە و تایبەت نییە بە هیتلەر. لە هەوڵێکی تردا، ئەو پارچە بەرگەی قەنەفەیە بەکارهات کە خوێنی هیتلەری پێوە بوو.... دوای ئەوەی هێزە ئەمەریکیەکان گەیشتنە شوێنی حەشارگەی هیتلەر و چونە ئەو شوێنەی هیتلەر خۆکوژی تێدا کرد، سەرکردەی ناسراو بە Roswell P Rosengren ی ئەو بەشە سەبازانە، بەرگی قەنەفەکەی هیتلەری بڕی کە خوێنی ئەوی پێوە بوو و لەگەڵ خۆیدا بردیەوە بە یادگاری. ئەو پارچە بەرگەی کە خوێنی هیتلەری پێوەیە، ئێستا لە مۆزەخانەی Gettysburg Museum of History پارێزراوە و شتێکە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت وەک پاشماوەی هیتلەر.
زاناکان توانییان ریزبەندی DNA لەو بەشە خوێنەی سەر ئەو بەرگە وەرگرن و ئەو زانیاریانەیان بەراورد کرد بە جینۆمی خزم و کەسەکانی هیتلەر... لەو پرۆسەیەدا، بۆ ئەوەی ئاستی هەڵەکان کەمبکرێتەوە، دوو ئەزمونگای جیاوازی سەربەخۆ، کاری خوێندنەوەی جینۆمی هیتلەریان ئەنجام دا و پاشان زانیاریەکانیان بەراوردکرد بە یەکتری. لە ئەنجامی هەموو ئەو هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنانە، دەرکەوت خوێندنەوەی جینۆمی هیتلەر دروستە و کرۆمۆسۆمی Y ئەو سامپڵە، رێک وەک ئەوەی خزم و کەسەکانی هیتلەر وایە.
لێکۆڵینەوە جەنەتیکیەکان کۆمەڵە دیاردەیەکی سەرنجراکێشی هیتلەری دەرخست: دەرکەوت کەم کەسە، واتە هیتلەر، ئەو هەڵە جەنەتیکەی هەبووە لە جینی ناسراو بە PROK2 کە دەبێتە هۆکاری کێشەی گەشەکردنی گەڵوگون و باڵغی و ناسراوە بە Kallmann syndrome. ئەو کەسەی ئەو هەڵە جەنەتیکیەی هەبێت، کێشەی گەشەکردنی ئەندامە سێکسیەکانی دەبێت. لە رێگەی بەراوردکردنی ئەو زانیاریە جەنەتیکیانەی دەستکەوتووە، بە ریکۆردە مێژوویەکان، توانرا ئەو ئەنجامە وەرگیرێت کە هیتلەر کێشەی کێر بچوکی micropenis هەبووە و تاکە گوونێکیشی هەبووە لە خوارەوە، واتە کێشەی cryptorchidism هەبووە.
لەوەش زیاتر، لە رێگەی هەڵسەنگاندنی جیاوازیە جەنەتیکیەکانی polygenic risk score (PRS) دەرکەوت کە ئەگەرییەکی زۆریشی هەیە هیتلەر ADHD هەبوبێت (واتە نەتوانیین لە راگرتنی چەقی سەرنج لەسەر شتێک یاخود بابەتێک). هەروەها ئەگەری زۆریشی هەیە کە سکیزۆفرێنیا schizophrenia ی هەبوبێت. لەم رۆژانەدا، هەندێ کەس هەڵسەنگاندنی جەنەتیکی (PRS) دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئەگەری ئەوەیان هەیە ئەو تایبەتمەندیانەیان هەبێت....
شایەنی باسە و لە هەموشی گرنگتر سەبارەت ئەو ئەنجامانەی لەم خوێندنەوە جەنەتیکیەی هیتلەرەوە وەرگیراوە ئەوەیە کە لەگەڵ روداوە مێژووییە تایبەتەکانی ژیانی ئەدلۆف هیتلەردا دەگونجێت. هەر بۆ نموونە، ریپۆرتی پزیشکی زیندانی Landsberg لە ساڵی 1923دا کە هیتلەر زیندان بووە تێدا، بە ئاشکرا باس لەوە دەکات هیتلەر گونی راستی لە شوێنی خۆیدا نییە و cryptorchidism ی هەیە.
زۆر گرنگە ئەوەمان لەبیر نەچێت بە تەنیا ئەو تایبەتمەندیانە، هیتلەری نەکرد بەو دڕندەیەی کە هەبوو. بەڵکوو کۆمەڵە هەلومەرجێکی جیاوازی دەوروبەر و دەرونی، وایکرد لە هیتلەر کە کاریگەریە نێگەتیڤەکانی ئەو تایبەتمەندییانەش ئەوەندەی تر کەسایەتی و شێوازی بیرکردنەوەی ئەو بشێوێنێت. کەسانی زۆر شەرافەتمەندار هەن کە لەگەڵ ئەو تایبەتمەند و کێشانەدا دەژین. ئەو کەسانە نەک بە تەنیا دەتوانن ژیانێکی سادە بەسەر بەرن لەگەڵ ئەو تایبەتمەندیانە، بەڵکوو ئەو هەلومەرجانە دەبێتە سەرچاوەیەکی زۆر گرنگی داهینان و دانیشمەندی ئەو کەسانە.
سەرەڕای ئەوەش، وابزانم شتێکی خراپ نابێت پشکنین لە گەڵوگوونی هەموو ئەو سیاسەتمەندار و بانگخوازانە بکەین کە دەقیڕێنن و زۆر خۆیان دەبەنە پێشەوە. چونکە ئەگەری زۆرە کە سەرچاوەیەکی گرنگی لێدوان و بیروبۆچونەکانیان لەناو دەرەپێکانیانەوە هەڵقوڵێت وەک لە راستی واقع و ژیانی خەڵک … گۆران ئیبراهیم
بهروار: 16/11/2025
124 جار خوێندراوهتهوه
|