|
مامۆستایەکی بادینی سەرای سلێمانی له ڕووخان پاراستووە.
داستانی سەرای عەبدولرەقیب یوسف
لە ساڵی 1781 مەحمود پاشای بابان ، لە قەڵاچۆلانەوە رووی کردە گوندی مەڵکەندی ، مەخفەرێکی لە سەر گردی قشڵە دروست کرد ،بۆ پارێزگاری لە و شارە نوێیەی ، نیازبوو دروستی بکەن .
لە 1784ئیبراھیم پاشای بابان ، شاری سلیمانی لە گوندی مەڵکەندی بە چەند بینایەک و بازاڕ و سەرا بنیات نا.
لەو کاتەوە سەرای سلێمانی بوو، بە ناوەندی کاروباری ئیداری و سیاسیی و دیبلۆماسی و گفتوگۆ ورێکەوتن نامەی ئەمارەتی بابان ، بەردەرگای سەراو گۆڕەپانی سەرا ، بوو بە ناوەندی گردبوونەوەی بۆنەکانی خەڵکی شار.
لە 17 تشرینی دووەمی 1918 مێجەرنۆئێل لە گۆڕەپانی سەرای سلێمانی ، لە کۆبونەوەیەکی فراوان ، لە بەردەم خەڵکی شارو سەرۆک عەشرەتەکان و چەند کەسێتیەکی دیاری رۆژھەڵاتی کوردستان ،شێخ مەحمود یان بە حوکمداری سلێمانی دانا.
ئەم رووداوە گرنگە ،گۆڕانکارییەکی نوێ بوو ،ئینگلیزەکان تەواوی شارەکانی عێراق یان بە سوپای پیادە و بە زەبروزەنگ و شەڕ داگیر کردبوو ،بەڵام بە بڕیاری بەریتانیا ، نوینەری بەریتانیا، دەسەڵاتی ئیداری وسیاسیی و فەرھەنگی یان بۆ کورد لە سەرای سلێمانی دامەزراند .
ی 6 ئەیلوولی 1930 راپەڕینی نوێ ی، شەپۆلی شەقامی شار بوو ، ھەرھەموو یان بە یەک دەنگ و بە یەک ھەڵویست، لە بەردەم سەرای سلێمانی کۆبونەوە ، سەراپا شاری سلێمانی یان ھەژاند ، بۆ رووبەرووبوونەوەی بەرنامەو نەخشەی بەریتانیا، فەوجی سەربازانی بەریتانیا، لولەی مەترەلۆزەکان یان کردە خەڵکەکە وکۆمەڵ کوژی کوردیان کرد ،( 60 ) کەس شەھید کرا ، (98)کەس دەسگیر کرا .
لە 1956.10.10 تەرمی شێخ مەحمود ،لە مەراسیم وپێشوازیەکی گەورەدا ، لە بەغدادەوە گەیشتە سلێمانی ، شەپۆلی شەقامی شار ، تەرمەکەیان بردە بەردەم سجنی سەرەوەی سلێمانی .
داوای ئازادکردنی شێخ لەتیف ی کوڕی شێخ مەحمود یان کرد ، بۆئەوەی لە پرسەی باوکی دا ، بەشداری بکات ، دەسەڵاتدارانی پاشایەتی داوەکەی شەقامی شاریان رەت کردەوە .
تەرمەکەی شێخ مەحمود یان بە ئوتۆمۆبیلەکەوە لە سەرا ی شار ،وەک ناڕەزایی بەرز کردەوە ، بە بریاری عومەر عەلی متەسەریفی سلیمانی ،پۆلیسەکان تەقەیان لە خۆپیشانداران کرد .
دووگولە بەرتەرمەکەی شێخ مەحمود کەوت ،خوێنێکی زۆری لەبەر رۆیشت ،ئەختەری ھاوسەری رەشۆڵ عەبدوڵلای ھونەرمەند شەھید کرا.
دوای راپەڕینی 1991 ، ھەموو ھاوکێشەکانی ژیان گۆڕا ، لە ساڵی 1997 پارێزگای سلێمانی و لەساڵی 2002 وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، لە پلان و بەرنامەو نەخشەیەکی بازرگانی دا ،بە نیازبوون ،سەرای سلێمانی و ھێمای شکۆی شاری ھەڵمەت و بەرگری و خۆپیشاندانی شەقامی شاری سلێمانی بڕوخێنن و لە شوێنەکەی تەلاری بازرگانی و بازاڕی ئاڵتون و گەراج دروست بکەن .
*مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف ی زاناو شوینەوارناسی گەورەی کورد ، لە ھەڵویستێکی زۆرباڵای جوامێرانە ، لە گەڵ ھاوڕێکانی دا ، شەورۆژ بێ ئەوەی ماندووبوون بزانن ، بە یاداشتیکی 12 لاپەرەیی ناڕەزایی ، بە ھەموو توانایانەوە ، رووبە رووی ئەو خاپوورکردنە ی سەرا وەستانەوە ، ئەو سەربازە ونەی عاشقی شوینەوارە دیرینەکانی کوردستان لە گەڵ ھاوڕێکانی دا "ٓ1010"ئیمزای کەسایەتیە دیارو چین و توێژە جیاجیاکانیان ، بە ناوی سیانی خۆیان و بە ئیمزای خۆیان ، دژی روخانی سەرای سلێمانی و فرۆشتنی گردی قشڵەی سلێمانی کۆکردەوە.
بڕیاری دا گەر دەسەڵاتدارانی کورد بە دواکاریی و ناڕەزاییەکانیان و ئیمزاکانیان ، دژ بە رووخانی سەرای سلیمانی رازی نەبن ، لە ھەڵویستیکی باڵای تەحەدا ، لە بەردەم سەرای سلێمانیدا ، ئاگر لە جەستەی خۆی بەربدات .
مامۆستا عەبدولرەقیب نامەیەک و دوانزە لاپەرە یاداشتی بە " 1010 " ئیمزاوە ، تەسلیم بە جەبار فەرمان کرد ، بۆ ئەوەی بیگەینێتە دەست مام جەلال و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە قەڵا چۆلان .
لەو کۆبونەوەیەدا مام جەلال و مەکتەبی سیاسی ، کە نامەکەو دوانزە لاپەرە یاداشتەکەیان خوێندەوە ،توشی تێڕامان بوون ،
لە ھەڵوێستی باڵای مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف ، چۆن بەو عەشقە بێ سنوورە باڵایەوە ،چۆن بە جورئەتەوە ، بە گژ نەخشەی رووخانی سەرای سلێمانی و فرۆشتنی قشڵەی سلێمانی وەستاوەتەوە ؟
چۆن مامۆستا عەبدولرەقیب و ھاوڕێکانی ، ئەو ھەموو ئیمزایەیان کۆکردوەتەوە ؟
چۆن بە ئیرادەیەکی ئازایانەوە ، ئامادەیە جەستەو رۆحی خۆی بکات بە مەشخەڵی بەھای شکۆ ی سەرای شارو قشڵەی سلێمانی ؟
ھەر ئەو کاتە مام جەلال و مەکتەبی سیاسیی ، ھەموویان بە یەک دەنگ و بەیەک ھەڵویست ، پشتگیری داوا رەوا کەی مامۆستا عەبدولرەقیب و ھاوڕیکانی و ئیمزاکان کرد و بڕیاری روخانی سەرای سلیمانی ھەڵوەشاندەوە .
سەرچاوە:
چەند زانیارییەکم لە مامۆستاعەبدولرەقیب ی زاناو شوینەوارناسەوە پێ گەیشتووە .
*دوای چەند ساڵیک دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی ، گردی قشڵەی پەرستگای ، شەش ھەزار ساڵی شاری سلێمانی یان ،لە سیناریۆیەکی بازرگانی دا فرۆشت بە بازرگانێکی گەورە ، ئەو شوینەوارەیان خاپوورکرد و کردیان بە "کاسە مۆڵ" بازرگانی و بازاڕی نوێ ی شار.
عەبدوڵا کەریم مەحمود
بهروار: 15/11/2025
129 جار خوێندراوهتهوه
|