سووتانی 283 مناڵی کورد لە سینەمای عامودا
ڕۆژی 1960.11.13

ئەمڕۆ 65  ساڵ بەسەر ڕووداوی گڕگرتنی سینەمای عامودا-دا تێدەپەڕێت، کە تێیدا 283 منداڵی کورد قەقنەس ئاسا سووتان و بوونە خۆڵەمێش.

65 ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵکوژییەک لە شاری عامودای ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا، لە ١٣ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1960 بەڕێوەبەری عامودا بڕیاریدا منداڵانی عامودا ببەنە تەماشای فیلی “تاوانی نیوە شەو” کە لەبارەی شۆرشی جەزائیرەوە بەرهەم هێنرابوو، هەرچەندە ژمارەیەک منداڵ و خێزانەکانیان ڕەتیانکردەوە نایانەوێت لە سینەما تەماشای فیلمەکە بکەن، بەڵام نزیکەی ٥٠٠ منداڵی خوێندنگەیەکی سەرەتایی بران بۆ سینەما.

دەرگاکانی سینەماکە داخران و منداڵان چاوەڕوانی نمایشکردنی فیلمەکە بوون، لە چاوتروکانێکدا ئاگرێکی گەورە لەپشت پەردەی سینەماکە کەوتەوە، دواتر ئاگرەکە بە خێرایی گەیشتە پەردەکانی دیواری سینەماکە و هەموو چواردەوری سینەماکەی گرتەوە، سینەماکە کە لە خشت درووستکرابوو، لە ماوەیەکی کەمدا ئاگری گرت و داڕما.

پاش دوو کاتژمێر هێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام تا ئاگرەکە کوژایەوە ٢٨٣ منداڵی کورد، کە تەمەنیان لە نێوان ٨ بۆ ١٤ ساڵاندا بوون سووتان و کۆمەڵکوژییەکی تر لە مێژووی تاڵی گەلی کورد زیادی کرد.

بە پێی وتەی هەندێک لەو منداڵانەی کە ڕزگارکران، هەموو ده‌رگاکان داخرابوون و نەدەکرانەوە، منداڵانی کورد یەک بە یەک وەک قەقنەس دەسووتان و دەبوون بە خۆڵەمیش.

هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی ئەم ڕووداوە نەکرا، ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە، دەسەڵاتدارانی سووریا ڕایانگەیاند، “ئەمە چارەنووسە، هیچ شتێک نییە، کە ئەنجامی بدەین” و ڕوونیشیان کردەوە کە ئاگرەکە بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە بووە. بەڵام لە کاتی ڕووداوەکەدا هیچ کام لە تەکنیککاران و کارمەندانی سینەماکە زیانیان پێ نەگەیشتبوو، سەربازەکان دەستوەردانیان نەکردبوو، دەرگاکانیش قوفڵ کرابوون و هیچ لێکۆڵینەوەیەکیش ئەنجام نەدرا. ئەمانە هەموویان بەڵگەن لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە.

باخچەی پاکرەوانان، کە لە شوێنی سینەماکە درووستکراوە، وێنەی محەممەد سەید ئاغای دەقوری (١٩٢٨-١٩٦٠) لە ناو باخچەکەدا هەڵواسراوە، محەممەد سەید ئەو کەسەیە کە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەدا مناڵێکی زۆری لە ئاگری سینەماکە ڕزگار کرد، لە باخچەکەدا بیرێکی ئاو هەیە کە لە کاتی ئاگری سینەماکەدا دەیان منداڵ لە باڵکۆنی سینەماکە خۆیان هەڵداوەتە ناو ئاوی بیرەکەوە تا ئێستاش ماوە.
ئەو منداڵانەی لە کۆمەڵکوژیی عامودا-دا گیانیان لەدەستدا، لەلایەن خۆبەرێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بە شەهیدی شۆڕش ناسێندران.
ڕۆژنیوز

به‌روار:  14/11/2025
55   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   179
کۆی سه‌ردان:   30897198