|
لە ستۆکهۆڵمەوە بۆ کۆبانێ 🇸🇪
یادی گەنجێک دەکەینەوە، کە هەستی نەتەوەیی لە ناخیدا هانی دا تا لە باشوورەوە سنوورە دەستکردەکان تێکبشکێنێت و خۆی بگەیەنێت بە کۆبانێ، ئەو ڕۆڵی کارای هەبوو بۆ نزیککردنەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گەیاندنی دەنگی کوردان بە جیهان.
ئەمڕۆ، پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆرکردنی بڵێسە عومەر، کە لە ساتەوەختێکی دژواردا بۆ خەمی کۆبانێی لە شان هەڵگرت و بۆ بەرگرییکردن لە گەلەکەی لە شارۆچکەی ڕانیەی باشووری کوردستانەوە خۆی گەیاند بە ڕۆژئاوای کوردستان و دژی چەتەکانی داعش بەرخۆدانی هەڵبژاردن.
بڵێسە عومەر، لە دایکبووى شارۆچکەی ڕانیەی ئیدارەی ڕاپەڕینە، هەڵگرى ڕەگەزنامەى وڵاتى سویدبوو، لەپاش ئەوەی چەتەکانى داعش ھێرشیانکردە سەر کۆبانێ، بڕیاری دا بەشداریی ئەو بەرخۆدانە بکات و ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت.
هەروەک مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی ئەوکات و جێگری سەرۆکی کاربەڕێکەری ئێستای هەرێم دەڵێت: کاک بڵێسە هەستێکی نیشتیمانی پاڵی پێوەنا تا وەک گەنجێکی نموونەیی و بەو هەستە قوڵە نەتەوەیی و نیشتیمانییەی کە هەیەتی بۆ کوردستان ڕوو بکاتە کۆبانێ.
لەو سەروبەندەدای کە داعش چواردەوری کۆبانێی گرتبوو و شەڕڤانان بەر بەرخۆدانیان ڕێگرییان لە کەوتنی کۆبانێ دەگرت، بڵیسە عومەر پەیوەندی بە مستەفا سەید قادر، کە ئەو کات وەزیری پێشەمەرگەبوو دەکات و داوای لێدەکات کە هەوڵبدات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بهێنێتە سەر هێڵ و پشتیوانی لە کۆبانێ و بەرخۆدانی شەڕڤانان بکەن.
بڕیاری ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠١٤ـی دەرکرد و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم بڕیاریان لێدا و دواتر دەستمان ئاوەڵا بوو کە هێز بنێرین بۆ کۆبانێ، هێزەکەش ڕۆڵێکی باشی بینی و مانەوە تا ئەوکاتەی کە پێویستبوو.
ئەو دەشڵێت: کاک بڵێسە دوای ناردنی هێزەکەی پێشمەرگەش پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵمدا هەبوو، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بەردەوام لە دۆخی کۆبانێ ئاگاداری دەکردمەوە، لەو کاتەدا کە وەزیری پێشمەرگە بووم، ئەمریکا و هاوپەیمانانی دیکە هاوکاری هێزی پێشمەرگەیان دەکرد دژی داعش و کۆمیتەیەکی هاوبەشمان دروستکرد و هەموو دووشەمەیەک کۆدەبووینەوە، لەسەر بنەمای زانیارییەکانی کاک بڵێسە کە دەینارد بۆم و منیش لەگەڵ هاوپەیمانان باسم دەکرد، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنمان بۆ کۆبانێ دیاریکردبوو و زۆرکات دەمانتوانی فریای دۆخی کۆبانێ بکەوین.
هەر سەبارەت بە ڕەنج و کەسایەتی شەهید بڵێسە، مستەفا سەید قادر دەڵێت: دەتوانم بڵێم وەک گەنجێکی نیشتیمانپەروەر و نەتەوەیی توانی ڕۆڵێکی باشبگێڕێت لە کۆمەکی ئێمە و کۆبانێشدا، بۆ ئەوەی هەرچیمان لەدەستبێت بیکەین بۆ ئەوەی کۆبانێ نەکەوێت، هەرواش دەرچوو، بۆیە پەرۆشییەکی زۆر لەو گەنجە نیشتیمانپەروەرەدا بەدیدەکرا.
ئەمڕۆ، ئەوانەی کە دەیانناسی یان ئاشنای هەوڵەکانی بۆ بەرگرییکردن لە گەلەکەی بوون شاهێدی تێکۆشانەکەین، وەک مستەفا سەید قادر دەڵێت: بەداخەوە ئەو لە دۆخێکی نادیاردا تیرۆر کرا، خۆزگە بمایە و تەمەنی درێژبوایە، بەڵام لەگەڵ ئەو تەمەنە کەمەشی کە بەسەری برد، ئەونەی ئێمە ئاگادارین لە هەوڵ و تێکۆشانەکانیدا نمونەیەکی جوانی پێشکەشکرد، پەرۆشییەکی زۆر لەو کوڕە گەنجەدا هەبوو لە هەموو ڕوویەکەوە، چوونی لە ڕانیەوە بۆ کۆبانێ نمونەیەکی دیار و بەرچاوە.
ڕۆژنیوز
بهروار: 14/11/2025
335 جار خوێندراوهتهوه
|