با وەک ژیشک بین!!
شەهید ڕێباز لە کتێبی (قەندیل بەغدادی هەژاند) دا ، دەڵێت ئەوەندە شەڕی یەکتریمان کردبوو لە شاخ وەختێک ئێوارەیەک بوو بەشەڕمان لەناوخۆدا ، گوێمان لە ئەفسەرە عەرەبەکان بوو لە ڕەبایەکانی خۆیان ئەیانووت ئەوا دیسان کوردەکان تێک بەربوونەوە.

 خراپتر لە شەڕی ئیعلامی و شەڕی هەڵبژاردن ، ئێمە شەڕی فیزیکی و پاکتاوی لاشەیی یەکتریمان کردووە و نەگەیشتووین بەهیچ .

خراپترین ئاشتی لە باشترین شەڕ باشترە ، ئەوانەی شەڕیان نەدیوە شمشێری هەرەشە و راپۆرت و سرینەوەیان بەرامبەر ئەوانی تر هەمیشە تیژە.
.........
بەخۆشی خۆمان بێت یان بەناچاری هەموومان مەحکومین بەوەی ڕۆژانە لە تەعزیەو شایی و کۆنفرانس و دەوام و بازاڕ و زانکۆ و میوانداری و بۆنەکان یەکتری ببینین و چاومان بەیەکتری بکەوێتەوە ، ئافەرین بۆ ئەوکەسەی کە بایی ئەوەندەی تیادەهێڵێتەوە ڕووی بێت تەماشای ئەوانی تر بکات .

کورد دەڵێ (سەری دونیا بە پووش نەگیراوە) ئەوەی ئەمڕۆ نەیارە بەیانی دەبێتە دۆست ، ئەوەی ئەمڕۆ دۆستە سبەی دەبێتە نەیار.

لە نەیار خراپتر ئەوانەن کە بەناوی دڵسۆزی تەونی ئەم ئاشتییە دەپسێنن تاخۆیان ببەنە پێشەوە .

ژیژک لە کاتی سەرما ئەگەر نزیک بن دڕکەکانیان دەچێت بەگیانی یەکتریدا ، ئەگەریش دوربن سەرما دەیانکوژێت بۆیە بە ناچاری کۆ دەبنەوە و بەرگەی کەمێک ئازاری یەکتری دەگرن باشترە لەوەی  نەمێنن.

بەرگەی کەمێک توڕەیی و بیرکردنەوەی جیاواز و ڕەنگ و بۆن و ئایدۆلۆژیا و ئاینی یەکتری بگرن ، باشترە لەوەی هەرەشە لەیەکتری بکەین ، چونکە هەموومان بەتەنها هیچ نین و دەمرین ، دوای ماوەیەک سەرماکەش نامێنێت ، ئەوکات چاومان بە چاوی یەکتری دەکەوێتەوە لە شوێنان،  با هیچ نەبێت روومان بێت بڵێین ئێمە کەسی یەک بووین ، با ڕوومان بێت تەماشای یەکتری بکەین.
هێمن عەبدولقادر

تێبینی:
بۆ پاراستنی پەیجەکەمان لە ڕیپۆرت ناچارین کۆمێنتی زبر و جوێن دەسڕینەوە و بلۆک دەکرێت.
سوپاس و ڕێز بۆ ڕەچاوکردنی
به‌روار:  12/11/2025
100   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   177
کۆی سه‌ردان:   30897194