چاوپێکەوتنی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد مەحموود باکسی لەگەڵ سەرۆکوەزیری سوێد ئولۆف پاڵمێ.

ڕۆژنامەی سوێدی ئافتۆن بلادت

سیشەمە ١٢-ی ئاگوستی  ١٩٨٠

چاوپێکەوتنی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد مەحموود باکسی لەگەڵ سەرۆکوەزیر و ڕێبەری پارتیی سۆسیاڵ دێمۆکڕاتی سوێد ئولۆف پاڵمێ.

ئولۆف پاڵمێ ئەتۆ چ دەکەی بۆ ئەوەی یارمەتی ئێمەی کورد بدەی؟ 

ئولۆف پاڵمی لەم وتوێژە دا لەگەڵ مەحموود باکسی و ئێلین کالسۆن  دەڵێ  نزیکەی٢٠ میلیۆن کورد لە ئێران، عێراق، توکیا و سووریا هەن، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕوانگەی سیاسییەوە ئاستەمە بۆیان بلوێ بگەنە سەربەخۆیی نەتەوەیی.

مەحموود باکسی خۆی کوردە و لە سوێد وەک ڕۆژنامەوان و نووسەر کار دەکا 

* ئێوە ئەمساڵ لە ٢٦-ی مانگی مەی لە تاران دیدارتان هەبوو لەگەڵ سەرکۆماری ئێران بەنی سەدر. لەو دیدارە دا سەرۆکوزیری ئوتریش برونوو کڕایسکی و ڕێبەری سۆسیالیستی ئێسپانیا فیلیپێ گۆنزالێسیش ئامادە بوون. لەو کاتە دا ئەرتەشی ئێران هەر وەک ئیستا دژی کوردەکان کە داوخوازی " خودموختاری بۆ کوردستان و دێمۆکڕاسی بۆ ئێران " دەکەن، شەڕی دەکرد. لە ١١-ی مانگی ژوەن ئێوە لێرە لە سوێد چاوتان بە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران قوتبزادە کەوت. گەلۆ ئێوە چبڕ باسی دۆزی کوردتان لەگەڵ ئەو سیاسەتمەدارانەی ئێران کردووە؟

ئولۆف پاڵمێ:  -- ئامانجی ئێمە لە سەفەرمان بۆ ئێران بە دەرەجەی یەکەم ئەوە بوو زانیاری خۆمان سەبارەت بە شۆڕشی ئیران باشتر بکەین. بە باوەڕی ئێمە ئەو شۆڕشە مەشڕووعییەتێکی ئەخلاقی هەبوو لە خەباتی خۆی دا بە دژی زولم و زۆری شا و هەر وەها ئاواتی سەربەخۆیی لەئاست هێزە زلەکان، بە دەرەجەی یەکەم دژی زاڵبوونی ئەمریکا، کە هەتا بڵیی بەهێز بوو. ئێمە هەر وەها پێمان وایە ڕێگە چارەسەری بۆ ڕەواندنەوەی قەیرانی نێوان ئێران و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەر لەهەموان چارەنووسی ئەو ئەمریکاییانەی ئێران بە بارمنەی گرتوون دیالۆگە.

    -لە ماوەی سەردانمان لە ئیران و تەنانەت لێرە لە سوێد لە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ئێمە چەندین جار دۆزی کوردمان هێنایە گۆڕێ بۆ ئەوەی دای بگرینەوە لە دنیای دەرەوە نیگەرانی هەیە سەبارەت بەوەی بەسەر کوردەکان دێ.

* پارتیی سۆسیال دێمۆکراتی سوید بارودۆخی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبینێ، ئێستا بەسەریەکەوە زیاتر لە بیست میلیۆن کورد لە تورکیا، عێڕاق، ئێران و سووریا دەژین و لە مافی کولتووری، سیاسی و مرۆڤی بێ بەشن.

مەشرووعیەتی نەتەوەیی

ئولۆف پاڵمی: -- ئێمە پێمان وایە کوردەکان مەشرووعیەتی نەتەوەییان هەیە، ئەویش مانای ئەوەیە دەبێ خودموختاریان بدرێتێ و ئەو خودموختاریەش دەبێ بەڕێگای موزاکەرە، واتە بە ڕیگای ئاشتییانە وەدی بێ.

     ئەو بارودۆخەی ئێستای کوردەکان تێیدا دەژین هەر درێژەی سیاسەتەکانی شایە، کە لە سەر حیسابی کوردەکان لەگەڵ عێراق پێک هات.

- دیارە مرۆ دەبێ ددان بەو ڕاستیەش دا بێنێ لەبەر ئەوەی کوردەکان لە چوار وڵاتی جیاواز دا دەژین و لە هەر کامیان دا کەمایەتین لە وەزع و چلۆنایەییەکی زۆر دژوار دا دەژین. بۆیە مرۆ دەبێ لەگەڵ گەلی کورد و ئەو ئازارانەی دەیچێژێ هەستی هاودڵی هەبێ

-بەڵام لێرە ئەمن دەبێ لەگەڵتان بێ پێچ و پەنا قسە بکەم و بڵێم ئەمن بە شەخسە پێم وانییە لە ڕووی  سیاسییەوە هەڵسووڕی کە دەوڵەتێکی تایبەتی کورد دابمەزرێ. ئامانجێکی واقعی بوونی خودموختارییەکی  بەربڵاوە کە تێیدا مرۆ دەتوانی گەلی کورد سەرەڕای ئەوەی کە لە وڵاتی جیاواز دا دەژین، یەک بخا.

* ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست و هەر وەها پارتیی سۆسیال دێمۆکڕات دەستیان پێکردووە ببینن کە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە نابینێ و جێ بەجێ نابێ هەتاوەکوونێ بوونی دەوڵەتێکی خۆیی بۆ گەلی فەلەستین دەستەبەر نەکرێ. پێشتر ئێوە زۆر بە بوونی ئیسراییلەوە خەریک بوون . بۆچوونتان لە مەڕ مافی کوردەکان چییە بۆ ئەوەی وڵاتێکی لەمەڕ خۆیان هەبێ؟

   ئولۆف پاڵمێ: – ئەمن هەر ئێستا گوتم ئەمن باوەڕەم بە چ جۆرە دەوڵەتی کورد نییە. چارەسەری واقعی دەبێ هەبوونی خودموختاری کوردان بێ لە چوار چێوەی ئەو چوار وڵاتە دا. دیارە ئەمن چ بۆچوونێکی سەربەخۆم نییە گەلۆ کامە مۆدێل لە خودموختاری مۆدێلی هەرە باشە: ئەوەی کەهەنووکە لە ئێسپانیا بەرەو پێش دەبرێ بۆ کاتالۆنیا و وڵاتی باسک، یان ئەو سیستمەی کە ئێستا لە یوگسڵاوی هەیە.

- دیارە دەبێ ئەوە بڵێم من لە سەر ئەو باوەڕم دەبێ مافی نەتەوەیی کوردەکان بە ڕەسمی بناسرێ. مرۆ بێ و چوار پارچە لە چوار وڵاتی جیاواز بکاتەوە بۆ ئەوەی وڵاتێکی لێ ساز کا نا واقعی یە و بە بێ شەڕێکی کە لێکەوتەکانی زۆر نادیارە سەرناگرێ. جا بۆیە بە پێی بۆچوونی من ڕێگای هەرە واقعی ئەوەیە کە مافی نەتەوەیی کوردەکان لە چوارچێوەی ئەو چوار وڵاتانە دا بە ڕەسمی بناسرێ و خودموختارییەکی بەربڵاویان بدرێتێ. ئەوە دەبێ چارەسەری بێ.
خودموختاری لە چوار چێوەی ئەو چوار وڵاتە دا
بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە کەس لە تورکیا ڕەخنەی نەیەتەوە سەری، تا ئەوجێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر بارودۆخی کورەدەکان.
*    بەڵام ئایا دەکرێ بە بە پارتییەک بگوترێ دێمۆکڕات، کە حاشا لە هەبوونی بە میلیۆنان ئینسان دەکا هەر لەبەر ئەوەی ئەوان کوردن؟  وەکوو تر پارتیی کۆماریخوازی گەل لە لایەن ئاتاتورکەوە دامەزرا و هێشتا ئەو ئێدێئۆلۆژییە ڕەگەزپەرستانەیەی هەیە کە ئاتاتورک گەڵالەی کرد.

ئولۆف پاڵمێ: -- ئاتاتورک لە مێژە لە ژیان دا نەماوە و لەو دەمییەوە پارتییەکە پێش کەوتووە و ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە.
*    ئەمڕۆ لە ئێران و عێڕاق داوخوازی کوردەکان بە زەبر و زەنگ و توند و تیژی  وڵام دەدرێتەوە. لە تورکیا ٣٠٠٠٠٠
(سێ سەد هەزار) عەسکەری ئەڕتەشی تورکیا لە بەشی تورکیای کوردستان مۆڵ دراون. ئایا ئێوە ئامادەنە پشتیوانی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردەکان بکەن لە کوردستان؟
ئولۆف پاڵمێ: --  ئێمە لەو ساڵانەی دواییدا هەستمان کردووە بەو بارودۆخە هەرە دژوارەی کە گەلی کورد تییدا دەژی و ئێستا هەتا دێ باری سەرنج وئینترێست بۆ ئەو دۆزە لە زیاد بوون دایە. چارەسەرییەکی ئاشتیانە پێویستە لە سەر بنەمای خودموختاری دابمەزرێ.
* کەوابێ ئێستا ئێوە پێتان وا نییە لە حاڵی حازر دا بکرێ دۆزی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان یان لە کۆنسەی ئوڕووپا دا بهێننە گۆڕێ؟
چارەسەری ئاشتیانە
ئولۆف پاڵمێ
: - نا ئێستا نا، بەڵام ئێمە کێشەکە دەشۆپێنین
  *  بیرو ڕای گشتی و ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست ڕەنگە بتوانن داخویانی بدەن و فشار بێنن بۆ هاتنە گۆڕی دۆزی گەلی کورد. ئێمە بە سەرکەوتنی ڤییێتنامییەکان بە سەر دەوڵەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا دا بۆمان دەرکەوت کە بیروڕای نێونەتەوەیی هەتا بڵێی کاریگەر و بە مانایە.
ئولۆف پاڵمێ: -- ئەوە ڕاستە، بەڵام کوردەکان هێشتا ئەو هەڵکەوتەیان نییە لە ئاستی جیهانی دا
 * پێتان وایە ئەوە لە بەر چی وایە؟
ئولۆف پاڵمێ: -- بە باوەڕی من لەبەر ئەوەیە کە کوردەکان لە وڵاتە جیاوازەکاندا کەمایەتین و ئەو چوار وڵاتە دەڵێن ئەوان کێشەکانی خۆیان لەگەڵ کوردەکان چارەسەر کردووە.
* بەڵام هەتا ئێستا چارەسەری ئەو چوار وڵاتانە بۆ دۆزی کورد تەنێ دەکار کردنی توند و تیژی بە دژی کوردەکان و دەسەڵاتی نیزامی بووە. بەو شێوەیە مرۆ ناتوانێ پرسی کورد چارەسەر بکا، دەنا وا نییە؟
ئولۆف پاڵمێ: -- نا، ئەمنیش پێم وا نییە ئاوا چارەسەر بکرێ. دەبێ چارەسەرێکی ئاشتیانە بدۆزرێتەوە.

وەرگێڕان لە سویدییەوە: حەسەن قازی

ڕوانگە

به‌روار:  03/09/2025
57   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   271
کۆی سه‌ردان:   30684377