شۆڕش و شەترەنج 🤣🤣
لە گه‌رمه‌ی شۆڕشی نوێی گه‌لی كوردستاندا، خوالێخۆشبوو، شەهیدی سەركردە "سەڵاحی حاجی ڕەفیقی خەراجیانی ، ناسراو بەسەڵاحی موهەندیس، فەرماندەی مەفرەزە سەرەتاییەكان، سەرەتای ساڵی (1979) دێته‌وه‌ ناوشار بۆ ئەنجامدانی كارێكی زۆر ترسناك و چارەنووسساز، بەهاوكاری چەند رۆڵەیەكی گیان لەسەردەست و پاڵەوان ئاسا لە هاوەڵانی.
شەوێكی بەهاری زوو ئەبێت، كەشه‌كه‌ باو تۆفان ئەبێت، بەڕێكەوت لە یەكێك لە كۆڵانەكانی گەڕەكی "كانێسكان"ی دێرین و خاوەن مێژوویەكی لە بننەهاتوو، تووشی ئەبێت بەتووش كوڕی  قسەخۆش و سوعبەتچی شاری سلێمانی، خوالێخۆشبوو"حەسەنی شیرین"ەوە، دیارە شەهید سەڵاح دەمامك و دەماغی كردووە، شەوباش لە كاك حەسەن ئەكات، دیارە ئه‌ویش سەرگەرمی شتێكیتر ئەبێت، بەساردییەكه‌وە وەڵامی  ئەداتەوە. كاك سەڵاحیش ئەڵێ:
"كاك حەسەن نامناسیتەوە..؟"
حەسەنیش ئەڵێ:
"نەوەڵڵا.."
دوای ئەوەی شەهید سەڵاح دەمامكەكەی لا دەبات، پێیدەڵێت:
"كاك حەسەن سەڵاحی حاجی رەفیقم"
ئیتر دوای چاك و چۆنییه‌كی گه‌رم، كاك حەسەن لێی ئەپرسێت كە وا خێرە بەوشەوە ساردەو بەوشێوەیە لەو ناوەیە، شەهید سەڵاحیش پێیدەڵێت:
"كاك حەسەن، من ئێستا پێشمەرگەم و لە دەرەوەم"
ئیتر كاك حەسەن لەگەڵ خۆیدا ئەیباتەوە بۆ ماڵی خۆیان و دوای پشوودان و چا خواردنەوە، لێی ئەپرسێت:
"كێ  لە دەرەوەیە لە گەڵتا"
شەهید سەڵاحیش پێی ئەڵێت:
"شەهیدی سەركردە، عەلی عەسكەری، شەهید عه‌لی عوسمان، ناسراو به‌ عەبدولمەلیك، كەمالی سەید وەهابی بزەنیانی، ناسراو بە وەزیری نانەوا، حەسەن بەگی عارف بەگی سەرقەڵا.. كاك حەسەنیش كەمێك بێدەنگ ئەبێ و دواتر ئەڵێت:
"حەی.. حەی.. حەی.. مەلیك و وەزیر و عەسكەر و قەڵا، جا توخوا ئەمە شۆڕشە یان شەترەنجە"
د. دڵشاد عومەر عەبدولڕەحیم

وێنەکە لە ڕاستەوە:
شەهید مولازم سەید کەریم، نەناسراو، کاک نەوشیروان مستەفا ئەمین، شەهید سەلاحی موهەندیس،نەناسراو، نە ناسراو
 
به‌روار:  03/09/2025
66   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   253
کۆی سه‌ردان:   30684419