ئیلهان چۆماک چۆن باسی بەختیار عەلی دەکات؟
شاعیر و نووسەر ئیلهان سامی چۆماک دوای بەسەربردنی 30 ساڵ لە زیندانە بەدناوەکانی تورکیادا، پایزی ساڵی ڕابردوو ئازاد کرا. ڕۆژهات تورگوت دیمانەیەکی درێژی بە زمانی تورکی لەگەڵ چۆماک سازکردووە کە لەم ڕۆژانەدا لە ماڵپەڕی گۆڤاری "دلۆپ"ی کرمانجیدا بڵاو کراوەتەوە (لینکی دیمانەکە لە کۆمێنتە). لەوێدا تورگوت لە چۆماک دەپرسێت داخۆ لە زیندان بواری هەبووە کتێبی کوردی بخوێنێتەوە، ئەویش لە وەڵامدا ناوی چەند شاعیر و نووسەرێک دەهێنێت کە کتێبەکانیانی خوێندووەتەوە و کاتێک دەگاتە سەر ناوی بەختیار عەلی، دەڵێت:
"بەدڵنیایی بەختیار عەلی لە ڕۆماندا لوتکەیە. گەیشتن بە ئاستی ئەو کارێکی زۆر سەختە. (دوایین هەناری دنیا) ڕۆمانێکی زۆر باش بوو. بەر لە دەرچوونیشم لە زیندان (شاری مۆسیقارە سپییەکان)م خوێندەوە. 700 لاپەڕەیە، کتێبێکی زۆر ئەستوورە. پێشتر (ئێوارەی پەروانە)م خوێندبووەوە. مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم جارێکی تریش خوێندمەوە. واتە ئەوم زۆر خۆش دەوێت." 

سەبارەت بە چۆماك:
ساڵی 1994، کاتێک ئیلهان سامی چۆماک لە قۆناغی چوارەمی بەشی جوگرافیای کۆلێژی ئەدەبییاتی زانکۆی ئیستانبوڵ فێرخواز بوو، لەپڕ دەستگیر کرا و پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر خرایە زیندانەوە. ئەو چەندین ساڵ لە شەڕێکی سەختی سەلماندنی بێتاوانیی خۆیدا بوو، بەڵام تا ساڵی ڕابردوو هەر لە زینداندا بوو.
چۆماک شاعیر و نووسەرێکی ناسراوە و بە زمانی تورکی دەنووسێت و شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕدراون. سەرباری گشت نادادپەروەری و چەرمەسەرییەکانی ژیانی گرتووخانە، چۆماک کۆڵی نەدا و باوەشی بۆ ژیان و خۆشەویستی و ئومێد و شیعر کردووە و لە کتێبی "تێکنەدانی شارەمێروولە"دا کە مانگی تەمووزی 2021 بە زمانی تورکی کەوتە بازاڕەوە، بە زمانێکی شاعیرانە و شێوازێکی ئەدەبییانە باسی سەردەمی منداڵی و چیرۆکی دەستگیرکردنی و شیعر و تێڕوانینی خۆی بۆ ژیان دەگێڕێتەوە و دەنووسێت:
"...دادگەری پاشقوولی لێم گرت و کەوتمە زەوی، زۆر خراپ نووچم دا و هەوڵی هەڵسانەوە چەندین ساڵی تەمەنمی برد، بەڵام هەرچۆنێک بێت توانیم خۆم لەو هەست و نەستانە بەدوور بگرم کە دەیانویست ژەهراویم بکەن و ڕەهەندە جوانەکانی مرۆڤبوونم لە یادەوەریمدا پاراست و فێر بووم چۆن لە فەوتان بیانپارێزم... ئومێد هەمیشە لێمەوە نزیک و یاوەرم بوو بۆ ڕەواندنەوەی تاریکایی ئەنگوستەچاوی بێهیوایی و بڵاوە پێکردنی بێدەنگیی باڵکێشاو بەسەر دڵ و ئەقڵدا و بۆ هێشتنەوەی ژیان لەسەر ڕەوتی خۆی."
ئیلهان سامی چۆماک ساڵی 1973 لە پارێزگای بینگۆل (چەولیک)ی باکوری کوردستان لە دایک بووە. ئەو کاتێک ساڵی 1994 لە ئیستانبوڵ بە تۆمەتی هەبوونی دەست لە سووتاندنی دارستانەکاندا دەستگیر کرا، لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت دادگایی کرا و لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانەی کە لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگیرابوو، سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی دەیان وتار و بابەتی جیاوازی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنەمانووسان و نووسەرانی کورد و تورک، چۆماک ناچار بوو ماوەی 30 ساڵ بە بێ تاوان لە گۆشەی زینداندا بەسەرببات و دۆسیەی وی تەنانەت یەک بەڵگەی بەرجستەیشی تێدا نەبوو بۆ سەلماندنی ئەو تاوانانەی کە درابوونە پاڵی. بگرە دادگای دەوڵەتیش کاتی خۆی بڕوای بەو دانپێدانانەی چۆماک نەکردبوو کە پۆلیس لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگرتبوو. دواتر دادگا سەرباری بەکارهێنانی دەستەواژەی "بە تەواوەتی ڕوون نەبووەتەوە داخۆ تۆمەتبار لە پێکادانی چەکدارییەوە گلاوە یان نا"، بە تاوانی "تێوەگلان لە شەڕی چەکداریدا لە سێگۆشەی گەنج-لجێ-قولپ" سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بۆ چۆماک بڕییەوە.  ئەگەرچی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری زیندانیکردنی چۆماکی بە ناڕەوا لە قەڵەم دا و بڕیاری دا دادگاییکردنەکەی دووبارە بکرێتەوە، بەڵام دادگاکانی تورکیا پابەندی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا نەبوون. 
ئیلهان سامی چۆماک لە کتێبی "تێکنەدانی شارەمێروولە"دا دەڵێت: "با هەرکەسێک ئەو ناڕەوایەتییەی بەرامبەر بە من کراوە، بەلایەنی کەمەوە بۆ کەسێکی نزیکی خۆی بگێڕێتەوە. شەڕانگێزییەکی چەسپاو لە ئارادایەو."
ئەوا من بە ئامادەکردنی ئەم کورتە وتارە شتێک لەو ناڕەوایەتییەی کە بەرامبەر بە چۆماک کراوە، بۆ ئێوە، هاوڕێیانی بەڕێز گێڕایەوە. ئێوەیش دەتوانن بە بڵاوی کردنەوەی ئەم وتارە لای خۆتان، هاوڕێیانتان لەو ستەمە گەورەیە ئاگادار بکەنەوە. 

لە بەرهەمە چاپکراوەکانی چۆماک:
📚دەریای کراوە، شیعر، 2007
📚بەیانی باش سەرزەمین، شیعر، 2011
📚سرووتەکانی لەلایەن پشیلەوە نووسراو، شیعر، 2014
📚وانەکانی باران، شیعر، 2017
📚ڕۆژانەی دیجلە، شیعر، 2017
📚بەیانییەک پیاسەم کرد، شیعر، 2017
📚تێکنەدانی شارەمێروولە، بیرەوەری، 2021

بەکر شوانی
کۆڵن
به‌روار:  12/02/2025
24   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   435
کۆی سه‌ردان:   30505835