ئەمریکا دەڵێ: لەگەڵ هەسەدە دەمێنینەوە
بە گوێرەی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد لە سوریا لانیکەم بۆ ئێستا کار ناکەتە سەر پشتیوانی ئەمەریکا بۆ یەکێک لە جێگیرترین هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا.
چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی بەرپرسانی ڕووسیا ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە بەشاری ئەسەد لە دیمەشق هەڵاتووە و چووە بۆ مۆسکۆ، هەروەها ڕۆژێک دوای ئەوەی هێزەکانی یاخیبووان چوونە ناو دیمەشقی پایتەختەوە، بەرپرسانی ئەمەریکا سوور بوون لەسەر ئەوەی کە هیچ پلانێک نیە بۆ گۆڕینی پێگەی سەربازیی ئەمەریکا لە سوریادا، کە نزیکەی 900 سەربازی لەو وڵاتەدا هەیە و زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا کاردەکەن.
بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وتی پاراستنی شوێنەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی سوریادا " شتێکە کە بەردەوام دەبین لەسەری."
وتی " پێمان وایە ئەو بوونەمان زۆر گرنگە بۆ جێگیریی ئەو ناوچانە و پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی داعش بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوە، هەروەها بۆ یەکپارچەیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و ئەو گروپانەی کە لە ڕۆژهەڵات کارییان لەگەڵدا دەکەین بۆ پاراستنی جێگیری لەوێ."
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە کوردەکان سەرکردایەتی دەکات لە ساڵی 2015 دا پێکهێندرا و ژمارەیان دەگاتە 30 بۆ 40 هەزار شەڕکەر و ڕۆڵێکی گرنگییان هەبووە لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاکێکی بەرفراوان کە داعش کۆنتڕۆڵی کردبوون، بە شاری ڕەققەشەوە کە داعش وەکو پایتەختی خۆی دیاریکردبوو.
چوار ساڵ دوای دامەزراندنی، لە مانگی سێی ساڵی 2019 دا، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی باغوزی ڕاگەیاند، کە دوایین شوێنی داعش بوو لە سوریادا.
بەڵام شکستهێنان بە خەلافەتی داعش لە سوریادا باجی هەبوو. بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەڵێن نزیکەی 11,000 شەڕکەرییان لەو هەڵمەتە چەندین ساڵەییەدا کوژراون. شەڕەکەش دژی ئەو داعشانەی کە هێشتا ماونەتەوە بەردەوامە.
زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لەم ساڵدا ئاماژەیان داوە لەسەر زیادبوونەوەی چالاکییەکانی داعش، بە تایبەتی لەلایەن خانە بچووکەکانیانەوە لە بیابانی ناوەڕاستی سوریا، ناوچەکە بووەتە ناوەندێکی لۆجیستیکی بۆ گروپە تیرۆریستییەکە.
دەنگی کوردی ئەمریکا
بهروار: 10/12/2024
155 جار خوێندراوهتهوه
|