ئەحمەد تورک داوا دەکا ناوی بچێتە کتێبی گینس
ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانیی لەکارلادراوی شاری ماردین ڕایگەیاند، دوای ئەوەی تائێستا سێجار لەپۆستەکەی دورخرایەوە، شایەنی ئەوەیە ناوی بچێتە ناو کتێبی گینسەوە.
تورک لەلێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "هاڵک تیڤی" ڕایگەیاند، "کاتژمێر 5:30ی بەیانی پۆلیس پەیوەندی پێوەکردم بۆ ئەوەی ئاگادارییەکم پێبدات بەبێ پشکنینو هیچ ڕێکارێک، ئەمە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵکە، ئاماژەیەکی ڕونە لەسەر ڕادەی پاشەکشەکردنی دیموکراسیی، ئایا ئەمە ئەوەیە کە پێی دەڵێن ئاساییکردنەوە (دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی)، هەمووان بێدەنگ دەکەن".
تورک باسی لەهۆکارەکانی پشت ئەو بڕیارە کردو وتی:"ئەوان ئەو بیرۆکەیەیان قبوڵنەکرد کە ئێمە زۆر کار بۆ خزمەتی خەڵک دەکەین بەدواداچونەکانی دۆسیەی کۆبانێو نامەیەکی کۆنی منیان کردە بیانوو بۆ دورخستنەوەم".
سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانی مێردین هەروەک لێدوانی بۆ تەلەفزیۆنی سۆزجو داو وتویەتی:"پێمانوایە ئەمەیە کە پێی دەڵێن ئاساییکردنەوە، ئیرادەی خەڵک دەستبەسەردا دەگیرێت، بۆیە پێویستە ناوی من بچێتە کتێبی گینسەوە، چونکە سێجار قەییوم لەجێگام دانراوە".
دوێنی دوشەممە، دوای ئەوەی سەرۆکی شارەوانی ئەسێنیورت لەئیستانبوڵ لەکارەکەی دورخرایەوە، بڕیارێک بۆ دەرکردنی سەرۆک شارەوانیەکانی شارەکانی ماردین، باتمانو شارهوانیهكى سنورى ڕۆحا-ش دەرچوو.
شارپرێس
بهروار: 06/11/2024
84 جار خوێندراوهتهوه
|