سۆرانی مامە حەمە

تیرۆرکردنی : 2008.7.21

ئەو بەتەنها پەیڤێك نەبوو كوژرا!
ئەو بە تەنها یەك قەڵەم و
چرایەك و یەك ئەستێرە و
ستوونی ناو گۆڤارێك و
یەك پەنجەرەی عەشق نەبوو
كوژرا!
ئەو بەتەنها یەك دەنگ نەبوو
لە گەرووی خەمی كەركوكدا تیرۆركرا!!
ئەوە بەتەنها هەر جەستەی سۆران نەبوو
كە خەڵتانی خوێنی عەدالەت و شیعر و
كە خەڵتانی خوێنی ئاشتی و مەقامی
عەلی مەردان و
جۆگەی شەفەقی ڕژاوی
شۆریجەی ئەوێ كرا!
ئەوە قەڵەمی هەتاوی بەرباخەڵی
هەموومان بوو… تیرۆركرا
ئەوە شمشاڵەكەی من و
گیتارەكەی ئەو و
ئەوكانی ڕۆحی تۆ بوو
ئەوە جەستەی پیرەمێردی سلێمانی و
سەر و ملی حسێن حوزنی و
هەردوو چاو و هەردوو دەستی
یوسفی بوو تیرۆركرا!
لە ئێستەیشدا

خۆ بەتەنها هەر ئەو ناوی “سۆران” نییە!
شاخێك وتی : ناوی تازەم
سۆرانی مامە حەمەیە!
گۆمێك وتی: مێرگێك وتی
چەند دەفتەری منداڵان و
چەند شەقام و چەند ئاوێنەی عاشقان و
چەندڕۆژنامە و چەند گۆڤاری
برینداری
ئێرە وتیان
ناوی تازەی هەرهەموومان
سۆرانی مامە حەمەیە!
وەكو كەركوك ئاوا نابێت
ئەم خوێنەیش قەت ئاوا نابێت!
لەبێشەڵانی زەماندا ڕۆژ ون ئەبێ
مانگ ون ئەبێت، ساڵ ون ئەبێت
هەموو تەوەرەكان ون ئەبن..
بیرئەچنەوە
بەڵام ئەوەی لەناو دڵی ئەم خەڵكەدا
جێنیشتەیە و جێ چۆڵ ناكا بۆ هیچ
شتێ و
قەت ون نابێ
“مانگ”ی سەری ئەرخەوانی
سۆرانی مامە حەمەیە

شێرکۆ بێکەس
به‌روار:  17/07/2024
338   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   915
کۆی سه‌ردان:   30061206