باوکێک بۆ کوڕە ئۆتیزمەکەی 😪
سۆزێکی باوکانە لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ئەلەندی کوڕم
کوڕی شیرینم، 14 ساڵە پەرۆشی دەربڕینی یەک وشەتم، هێشتا من و دایکت، چاوەڕێین کەی ئەو رۆژە بێت، بە دایە و بابە بانگمان بکەیت، هاوار لە تاو ئازاری ئێستای ژیانت بکەیت، هەستی باوکایەتی و دایکایەتیمان پێببەخشیت.
ئەلەندی من، بمبوورە بۆ ئەوکاتانەی کە سەرەتای ژیانت بوو، لەگەڵ دایکت 100 خۆزگە و ئاواتمان دەخواست کوڕە نازدارەکەمان، گەورە بێت و هاوشێوەی هاوتەمەنەکانی چێژ لە ژیان وەربگرێت، بەڵام ئێستا تۆ تەنیا دیوارەکان هاوڕێتن، نازانم چۆن تێتبگەیێنم کوڕەکەم کە ئەم وڵاتە پەناگەیەکی بۆ تۆ شک نەبرد، بۆ چارەسەری دەروونی و راهێنانەوەت بۆ نێو کۆمەڵگە.
ئەلەندەکەم، ئەمڕۆ یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا، هاوتەمەنەکانت لە پۆلی نۆی بنەڕەتین، ئێستا ئەوان بە جلوبەرگی قوتابخانەوە وانەی “خۆشەویستی بۆ نیشتیمان” دەخوێنن، تۆش کە لە نێو چوار دیواری بە هاوین گەرم و بە زستان ساردی، جوانترین وانەمان لەبارەی خۆشەویستی نیشتمان پێدەبخشیت.
کوڕە گەورەکەم، بمبوورە ئەوکاتانەی لەنیوە شەودا، بە گریانەوە بەئاگادێیت و دەتەوێت شتێک بڵێیت و ناتوانیت دەریان ببڕی، من 100 جار لەبری دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە شەرمەزاری تۆم.
ئاخر جەرگی بابە، تۆ گوناحت چییە، خوای گەورە لە کوردستان خەلقی کردوویت، بێبەش کراویت، لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانت، 14 ساڵە هاواری دنیامان کردووە، سەنتەرێکی چارەسەری ئۆتیزم لەخۆتناگرێت.
ئەلەند، دەمەوێت پێتبڵێم، تا ئەوکاتەی باوکات ماوە، مەرگی بە تۆ دەبخشێت و خزمەتت دەکات، ئێمە بەرامبەر بە تۆ کەمتەرخەم نەبووین، ئەوەی لە تواناشمان بێت، بۆتی دەکەین. دەزانم تۆ لە هیچ وشەیەکی ئێمە تێناگەیت، بەڵام هێشتا تۆ لەو کەسانە باشتر هەست بە نادادی کۆمەڵایەتی دەکەیت، کە مرۆڤی ساغن و لە سەردەمانی زوو تۆیان لە وەرگرتن بۆ سەنتەرەکانی ئۆتیزم رەتکردەوە.
ئومێد چۆمانی
باوکی ئەلەند
13 ئەیلوولی 2022
به‌روار:  13/09/2022
563   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1198
کۆی سه‌ردان:   30393428