پرسی کورد لای ئاننا لیندی وەزیری کوژراوی دەرەوەی سوید
ئه‌مه وه‌رگێڕانی ئاخافتنێكی خاتوو ئانا لیند وه‌زیری كۆچكردووی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی سویده كه ڕۆژی ده‌ی ئۆكتۆبەری ٢٠٠١ له شوێنی كتێبخانه‌ی كوردی له ستۆكهۆڵم كردوویه‌تی و تێیدا بۆچوونه‌كانی له سه‌ر هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی جیهانی و به‌تایبه‌تی كێشه‌ی كورد و بارودۆخی كوردستان هێناوەتە گۆڕێ.
وه‌بیر دێنمه‌وه كه ئانا لیند ڕۆژی ده‌ی سێپتا‌مبر ٢٠٠٣، كاتێ به بێ پاسه‌وانی پارێزه‌ر له فرۆشگه‌ی گه‌وره‌ی NK هه‌ڵكه‌وتوو له ناوه‌ندی پایته‌خت خه‌ریكی كڕینی جل و به‌رگ بوو، كه‌وته به‌ر په‌لاماری چه‌قۆ و ڕۆژێك دواتر له به‌ر برینی سه‌ختی جه‌رگ و سنگی له نه‌خۆشخانه‌ی كارۆلینسكای ستۆكهۆڵم كۆچی دوایی كرد. پۆلیس پاش چوار ڕۆژ توانی له ڕووی وێنه‌ی كامێراكانی فرۆشگه‌كه، كابرایه‌كی ٣٥ ساڵه به گومانی قه‌تڵ ده‌رده‌ست بكا. هۆی قه‌تڵ، نەخۆشیی دەروونیی بکوژ ڕاگەیەنرا.
نه‌دیم داغدهڤیرهن، به‌رپرسی كتێبخانه‌ی كوردی له ستۆكهۆڵم:
كه‌سێك لێره‌یه كه هاوكات هه‌م نوێنه‌ری حكوومه‌تی سویده و هه‌م كاتێ له‌گه‌ڵ چه‌ند گه‌نجێكی كورد له توركیه به ته‌له‌فۆن قسه‌م ده‌كرد به ناویش ده‌یانناسی: ئانا لیند. ئه‌مه به‌ڕاستی سه‌یره!
(ئانا لیند پێده‌كه‌نێ) چۆن شتی وا ده‌بێ؟ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتێكی دووری وه‌ك سوید!
من هه‌روه‌ها ئانا لیندم به دووهه‌م كه‌سی سویدی ناودێر كرد كه كورده‌كان به ناو ده‌یناسن: ئولۆف پالمێ و ئانا لیند. (ئانا لیند پێده‌كه‌نێ) ئه‌مه شانازییه و گه‌لێ پێی خۆشحاڵ بووم.
كه‌وابێ ئانا لیند! تۆ به ئه‌ركی حوكوومهتیتهوه وه‌ك وه‌زیرێكی سویدی، له لایه‌ن ئێمه‌ی كورده‌وه ئه‌و په‌ڕی ڕێز و ئیحترامت هه‌یه. هاوكاتیش ده‌مانه‌وێ وه‌ك خوشكی خۆمان ناودێرت کەین. (ئانا لیند و بهشدارانیتر پێده‌كه‌نن)
به‌خێر بێی ئانا لیند!
ئانا لیند: زۆر سوپاس!
نه‌دیم: سوپاس بۆخۆت.
ئانا لیند: گه‌لێ سوپاس بۆ ئه‌و وشه دۆستانانه. پێم وایه گه‌لێ سه‌رنجڕاكێشه من لێره‌م. هه‌روه‌ها چه‌ند جارێك به ته‌نیشت بینای كتێبخانه‌دا تێپه‌ڕیوم به‌ڵام ئه‌و چه‌ند جاره كه‌مه‌ی هاتووم، كراوه نه‌بووه. به‌ڵام گه‌لێ جار حه‌زم كردووه و ئاواتم خواستووه بێمه ئێره و ئێستا فره خۆشحاڵم ئه‌و هه‌له‌م بۆ ڕه‌خساوه.
من وه‌ك وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه گه‌لێ كارم له سه‌ر كێشه‌ی كورد و بارودۆخی كوردان كردووه. به‌ڵام ده‌بێ باسی هه‌ندێ بیره‌وه‌ریی تایبه‌تیی خۆشم بكه‌م كه چۆن چۆنی بۆ جاری یه‌كه‌م له گه‌ڵ بارودۆخی كوردان ئاشنا بووم.
یه‌كه‌م په‌یوه‌ندیم به كوردانه‌وه كه شوێنێكی قووڵی له‌سه‌رم دانا هی سه‌رده‌می مێرمنداڵیم بوو. له گه‌ڵ دایك و باوكم ده‌مانه‌ویست سواری ئوتومبێل بین و بچینه سه‌فه‌رێكی دوور. باسی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌كه‌م كه خه‌ڵك به دڵخوازی خۆی موسافیری سه‌ر جاده‌شی سوار ده‌كرد. ئێمه‌ش دوو موسافیری سه‌ر جاده‌مان له‌گه‌ڵ خۆ هه‌ڵگرت كه ده‌ركه‌وت دوو گه‌نجی كورد بوون. بڕیار بوو سه‌فه‌رێكی زۆر درێژ له‌گه‌ڵ خۆمان بیانبه‌ین. له ئوپسالاوه هه‌تا ئومێیۆ. به‌ڵێ له‌م سه‌فه‌ره درێژه‌دا بوو كه منی مێرمنداڵ بۆ جاری یه‌كه‌م چه‌ند كه‌سێكم بینی ڕاسته‌وخۆ سته‌میان لێكرابوو و ده‌یانتوانی باسی زوڵم بكه‌ن. ئه‌مه شوێنێكی فرەقووڵی له سه‌ر من دانا. ئه‌وان هه‌روه‌ها دواتر باسی وه‌یان كرد – جا ئێوه كه لێره‌ن ده‌توانن بڵێن كه ئاخۆ ڕاسته یان درۆ – كه یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه‌ی ئه‌وكات لای من زۆر خۆشه‌ویست بوو، یاشار كه‌ماڵ، خۆی كورده. من هه‌روه‌ها دێته‌وه بیرم كه ئه‌وان سترانێكیان گوت كه خۆش خۆش تێیدا دووپات ده‌كراوه: دالانا، دالانا، دالانا. جا چونكه دایك و باوكم خه‌ڵكی (دالانا= Dalarna)ن گۆرانییه‌كه‌یان زۆر كه‌وته به‌ر دڵ. نازانم وایه یان نا، به‌ڵام ده‌یانگوت ئه‌و گۆرانییه كوردییه. (پێكه‌نینی خه‌ڵك) دوایه‌ش تامی خواردنی كوردیمان كرد! ئه‌مه یه‌كه‌م دیدارم بوو. به‌ڵام ئا ئه‌م گێڕانه‌وه تایبه‌تییه‌ی له زوڵم بیستم، هه‌رگیز فه‌رامۆشی ناكه‌م.
ئه‌وه‌ی بۆ دووهه‌م جار شوێنی تایبه‌تی له سه‌رم دانا چاوپێكه‌وتنم به نالین باكسییهوه بوو. هه‌ر نالین خۆی نا، به‌ڵكوو گشت بنه‌ماڵه‌كه‌ی. ئه‌وان باسی وه‌زعی خۆیان و به‌سه‌رهات و پێشینه‌ی خۆیان و هه‌لومه‌رجی كورده‌كانیان بۆ كردم.
سێهه‌م شت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایی هه‌شتاكان، واتا 1988. كاتێ وێنه‌ی بۆمبارانی شیمیایی گونده كوردییه‌كانی باكووری عێراقم له ڕۆژنامه‌كاندا دیت. دێته‌وه بیرم كه به دیتنی وێنه‌كان یه‌كجار تێكچووم و شۆك گرتمی، به‌ڵام دواتر كاتێ بینیم ڕووداوه‌كه له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ده‌نگوباسه‌كان به جارێكی وون بوو، زۆرتر شۆك گرتمی. ڕاپۆرتی ئه‌و شته‌ی ڕوویداوه بكرێ به‌ڵام دواتر هیچ نه‌قه‌ومێ، هیچ قسه‌یه‌كی له سه‌ر نه‌كرێ، هه‌ر وا به یه‌كجاری وون بێ!
ئه‌مه بۆ من وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه زۆر سروشتییه - چونكه ئێمه گه‌لێ باسی مافی مرۆڤ ده‌كه‌ین و به‌ڕێوه‌شی ده‌به‌ین- كه سه‌رنجی بارودۆخی كورده‌كانیش بده‌ین. ئه‌و كاته‌ی باسی ئه‌ندامێتیی توركیه له یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا ده‌كرا ئه‌مه نه‌ته‌نیا گرنگ به‌ڵكوو زۆریش جێی موناقه‌شه بوو. ئێمه له لایه‌ن سویده‌وه گوتمان كه بێگومان توركیه ناتوانێ ببێته ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، بێتوو پێش هه‌ر شتێك ئه‌و مافه دیمۆكراتییه سیاسییانه، بۆ كورده‌كانیش ڕه‌چاو نه‌كا.
من توانیومه له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا پێشكه‌وتنێك ببینم. ئه‌و كاته‌ی من بۆ جاری یه‌كه‌م چاوم به ئیسماعیل جه‌م وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیه كه‌وت و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌م له گه‌ڵیدا باس كرد، جوان دێته‌وه بیرم كه ئه‌و هه‌ر نه‌یده‌ویست ته‌نانه‌ت ناوی كوردیش بێنێته سه‌ر زمان و به ده‌می خۆی ئه‌م وشه‌یه بڵێ. كاتێ ئه‌و پاشی چه‌ند ساڵ گه‌ڕایه‌وه سوید، چه‌ند كتێبێكی كوردیی بۆ هێنام و گه‌لێ باسی كێشه‌ی كوردی ده‌كرد. هاوكاتیش له دیداری به‌رامبه‌ری خۆمدا له توركیه، كاتێ له ئانكارا چاوم به سیاسه‌توانان و ڕێكخراوه‌كان كه‌وت و باسی وه‌یان كرد كه چۆن داوای چاكسازی ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ له پارله‌ماندا ده‌نگ بۆ چاكسازی بده‌ن و له‌م هه‌فتانه‌ی دواییشدا بینیمان كه ده‌نگیان دا، به‌ڵام هاوكاتیش توانیم چاوم به نوێنه‌رانی ڕێكخراوه سیاسییه‌كان و ڕێكخستنه‌كانی مافی مرۆڤ بكه‌وێ كه باسی وێنه‌یه‌كی ته‌واو جیاوازیان له ژیانی ڕۆژانه ده‌كرد. له پارله‌ماندا شتێك ده‌كه‌ن كه‌چی زۆربه‌ی جاران له ژیانی ڕۆژانه‌دا شتێكی به‌ته‌واوی جیاواز ڕوو ده‌دا.
ئێمه توانیمان ئه‌م شته له‌وه‌ی محه‌مه‌د ئوزوونیشدا ببینین. هاوكات كه ده‌ڵێن ده‌بێ یاسادانانهكانمان كراوه‌تر بن. هه‌رچه‌ند كتێبه‌كانی محه‌مه‌د ئوزوون له ناو ئه‌و كتێبه كوردییانه‌دا بوون كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیه جارێك بۆی هێنام به‌ڵام هاوكاتیش دوای ماوه‌یه‌ك هه‌ر ئه‌و كتێبانه له توركیه‌دا كۆكرانه‌وه! من نه‌متوانی وازی لێبێنو و له دوایین مهحكهمهیدا له به‌هاری ڕابردوودا كتێبه‌كه‌یم، گرانات ئێپلێ (Granatäppelblomning=شكۆفهكردنی هه‌نار) له سه‌فه‌رێكی یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا بۆ ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا له‌گه‌ڵ خۆ برد. گوتم من ده‌بێ ئه‌م كتێبه هه‌ر بخوێنمه‌وه بزانم ئاخر چی تێدا نووسراوه كه ئه‌وه‌نده مه‌ترسیداره. ئه‌وه‌ندی من تێگه‌یشتبووم توركیه ده‌یگوت په‌سنی تیرۆریسمی تێدا دراوه، به‌ڵام كاتێ خوێندمه‌وه دیتم (شكۆفهكردنی هه‌نار) په‌سنی مرۆڤایه‌تییه نه‌ك شتی‌تر.
هه‌رچه‌ند ئێمه له سویددا زیاتر باسی توركیه ده‌كه‌ین به‌ڵام ئه‌وه به‌س توركیه نییه كه بارودۆخی (كورده‌كان) له‌وێدا دژواره. من چاوم به زۆر كه‌س كه‌وتووه كه نیگه‌رانن ئاخۆ له باكووری عێراقدا چ ڕوو ده‌دا بێتوو گه‌مارۆی ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌كانی له سه‌ر لاچێ. هیچ گومان له‌وه‌دا نییه كه ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌كان به‌رپرسییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌وه‌دا كه چاوهدێرییهكی وا بكا هێمنایه‌تیی كورده‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێ. ئێمه وه‌ك سوید پشتیوانی ده‌كه‌ین له‌و خۆئیدارهكردنهی كوردی له باكووری عێراقدا و خۆشحاڵین به‌وه‌ی ده‌بینین پرۆسه‌ی بهدیمۆكراتیبوون له‌وێ ده‌ستی پێكردووه. هاوكاتیش ده‌مه‌وێ هانی هه‌مووی ئێوه كه لێره‌ن و په‌یوه‌ندییه‌كتان به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی باكووری عێراقه‌وه هه‌یه بده‌م كه وا تكایه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه به‌رده‌وام و به‌هێزه‌وه بۆ به‌ربه‌ره‌كانی دژی قه‌تڵی نامووسی تێبكۆشن.
ئێمه وه‌ك حكوومه‌تی سوید گه‌لێ یارمه‌تیی ئینسانیمان گه‌یاندووه به باكووری عێراق و له داهاتووشدا له سه‌ر ئه‌م كاره به‌رده‌وام ده‌بین و هیوادارم بتوانین پێشكه‌وتنێكی باش له‌وێ ببینین.
به‌داخه‌وه ده‌بینین زوڵم (ده‌رهه‌ق به كوردان) له ئێرانیش هه‌ر وا به‌رده‌وامه. له سووریه‌ش، وه‌زعی كورده‌كان جودا نییه و هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ی له‌وێن بێ پێناسه‌ی ده‌وڵه‌تین. به‌ڵام با من ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه بكه‌م كه ئه‌و پشتیوانییه هه‌روا له ده‌ستووری كاری حكوومه‌تی سویددا ده‌مێنێته‌وه و ئێمه هه‌م له سوید و هه‌م له یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا به‌رده‌وام هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین.
ده‌مه‌وێ له‌م ده‌رفه‌ته كه‌ڵك وه‌ربگرم و چه‌ند وشه‌یه‌كیش له‌سه‌ر وه‌زعه گشتییه‌كه بدوێم. تۆ (ڕوو له نه‌دیم ده‌كا) باسی ئۆلۆف پالمێت كرد. من ئه‌م ڕۆژانه هه‌ندێ جار گه‌لێ نیگه‌ران و ناڕه‌حه‌ت ده‌بم كاتێ باس له‌وه دێته گۆڕێ كه سیاسه‌ت پاش یازده‌ی سێپتا‌مبر چۆن تووشی ئاڵ و گۆڕ بووه. هه‌ندێ كه‌س به په‌ژاره‌وه و ههندێكیتریش به خۆشحاڵییه‌كی زۆره‌وه ده‌ڵێن كه سه‌ر له ئاخر دیتمان سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سویدیش پاش یازده‌ی سێپتا‌مبر گۆڕاوه. به‌ڵام من دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه كه وا نییه. ئاشكرایه كه ئێمه به‌و هاوكارییه جیهانییه‌ی دوای یازده‌ی سێپتا‌مبر دژی تیرۆریسم هه‌یه سیاسه‌تێكی نوێ له جیهاندا ده‌بینین. ئه‌مه‌ش زۆر ئاسایییه. به‌ڵام له سیاسه‌تدا سێ پێچكهیتر هه‌ن، ئیزن بده‌ن بڵێم سێ كۆڵهكهیتریش هه‌ن كه وه‌ك خۆیان ماون. یه‌كه‌م خه‌بات بۆ مافی مرۆڤه. لێره‌دایه ده‌بێ بڵێم كه ئێستا ڕێزگرتن له مافی مرۆڤ زیاتر له پێشوو گرنگیی هه‌یه. ئێمه دیتوومانه كه وڵاتانێك وه‌ك ئیسرائیل، توركیه و ڕووسیه چۆن ئێستا ده‌یانه‌وێ ئۆپۆزیسیۆنی وڵاته‌كه‌یان به ناوی تیرۆریست پاساو بده‌نه‌وه. تیرۆریسم نابێ هه‌رگیز وا پێناسه بكرێ. ئێمه ده‌بێ له خه‌باتی خۆماندا بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافی مرۆڤ هه‌روا به‌رده‌وام بین.
دووهه‌م ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێین دیالۆگ له نێوان كولتووره‌كاندا. من دوێنێ راپۆرتێكم دی كه ده‌ڵێ سوید له ناو ڕیزی ئه‌و ولاتانهدایه كه پاش یازده‌ی سێپتا‌مبر زۆرترین هێرشی تێدا كراوه‌ته سه‌ر موسڵمانان. ئه‌مه به‌ڕاستی دڵته‌زێنه.
من له شاری نیشۆپینگ ده‌ژیم. هاوینی ڕابردوو كۆنسێرتێك له ده‌ره‌وه‌ی نیشۆپینگ كرا كه نازیسته‌كان سازیان دابوو. جا بۆیه زۆر مه‌نتیقییه تۆمه‌تی نازیستبوونم لێبده‌ن، كاتێ نازیسته‌كان له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ی من كۆنسێرت چێ ده‌كه‌ن.
گشتمان ده‌زانین كه وێكچوونهكانی ناو ئایینه‌كانی جیهانیی ئیسلام، یه‌هوودییه‌ت و مه‌سیحییه‌ت له ڕاستیدا زۆرترن له جیاوازییه‌كانیان. هه‌موو ئایینه‌كان ده‌توانن ببنه به‌ڵگه، هه‌م بۆ چاره‌سه‌ریی ئاشتییانه، هه‌م بۆ توند و تیژی. تیرۆریسته‌كان ده‌توانن هه‌م له ناو مه‌سیحییه‌تدا هه‌بن، هه‌م له ناو یه‌هوودییه‌تدا. هه‌میش له ناو ئیسلامیشدا. هه‌ر ئه‌وه نیشان ده‌دا كه گرنگتر ئه‌مه‌یه زانیاریمان زیاتر بكه‌ین و بزانین كه ئه‌گه‌ر بێتوو ئاگادارییه‌كان زیاتر بكرێن ئه‌وا به شێوه‌ی دیالۆگی نێوان كولتوور و ئایینه جیاوازه‌كان بۆمان ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ له سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه كار بكه‌ین، هه‌م له سویددا هه‌م له یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا. یه‌كه‌م پرۆژه‌ی گه‌وره‌ش له‌م پێناوه‌دا گه‌نجه‌كان و فێركاری ده‌گرێته‌وه. واتا له دوو ئالییه‌وه. هه‌م گه‌نجه‌كانی ئه‌ورووپایی زێده‌تر كولتووری ئیسلام بناسن، هه‌م گه‌نجه موسڵمانه‌كان زانیاری زیاتر له سه‌ر كولتووری ئه‌ورووپایی په‌یدا بكه‌ن. هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ی بێته‌وه بیرمان كه ئه‌مڕۆ له ئه‌ورووپادا ئیسلامیش هه‌یه.
پێچكه‌ی سێهه‌م خه‌باته بۆ جیهانێكی دادپه‌روه‌رانه. لێره‌دا هیچ بۆ من گرنگ نییه كه دوژمنانی پالمێ ئه‌مڕۆ چه‌نده به هێزه‌وه خه‌باتی خۆیان درێژه پێده‌ده‌ن. كاتێ ئه‌وان ئه‌مڕۆ هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن هه‌ل و مه‌رجه‌كه بقۆزنه‌وه و تۆمه‌ت له پالمێ بده‌ن. به پێچه‌وانه‌وه من به‌رده‌وام ده‌بم له وه‌ی كه یه‌كجار زۆر شانازی بكه‌م به‌وه‌ی پالمێ كردی: به‌رامبه‌ر كووده‌تای پینۆشه له شیلی، ئیدانه‌كردنی ڕژیمی فرانكۆ له ئیسپانیا، یان هه‌ڵوێستگرتن له هه‌مبه‌ر چوونی سۆڤیه‌ت بۆ ناو چیكۆسڵۆڤاكی.
ده‌مه‌وێ بێژم ئه‌وه‌ی پالمێ كردی ئه‌وه بوو كه ئه‌و به‌ڕاستی پێشه‌نگ بوو. چونكه به‌ر له كۆتایی شه‌ڕی سارد، زۆر كه‌م بوون ئه‌وانه‌ی ده‌یانوێرا له ههڵوێستگرتنهكانیاندا ئه‌وه‌نده‌ی ئۆلۆف پالمێ ئاشكرا‌و بێ پێچوپه‌نا بن. ئه‌مڕۆ ئیدی پاش ته‌واوبوونی شه‌ڕی سارد، زۆر ئاساییتر بۆته‌وه به‌ڵام پالمێ كارێكی مه‌زنی كرد و من هه‌روا شانازی پێوه‌ده‌كه‌م و گه‌لێ تووره ده‌بم به‌و مێژوونووسینه درۆزنانه‌یه‌ی جاروبار ئه‌مڕۆ ده‌كرێ.
بۆ كۆتاییهێنان به وته‌كانم، با بێمه‌وه سه‌ر باسه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كه من بۆچی لێره‌م. واتا سوپاسی كتێبخانه‌ی كوردی بكه‌م بۆ كاری گه‌لێ ڕێك و پێك و گرنگی له سوید كه هه‌م كورده‌كانی نیشته‌جێی ئێره و هه‌م ڕێكخستنه سویدییه‌كان، هه‌ر هه‌موویانی خۆشحاڵ كردووه. هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ سوپاسی مانا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی بكه‌م: به كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌ی نوێ له باكووری عێراق، به موناقه‌شه و هه‌وڵدان بۆ كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌یه‌كیش له دیاربه‌كر له توركیه، هه‌روه‌ها بۆ ڕایه‌ڵه جیهانییه‌كه‌ی په‌یوه‌ندیی. من هه‌روه‌ها زۆر خۆشحاڵم به‌وه‌ی نه‌دیم وا خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی باس و خواسته‌كانی پارلمانی سویده له سه‌ر كێشه‌ی كورد له نێوان ساڵانی 79 و 2001. بیستوومه كه چه‌ندین هه‌زار لاپه‌ڕه ده‌گرێته‌وه و ئه‌مه نیشان ده‌دا كه كێشه‌كه چه‌نده له لای پارلمان و حكوومه‌تی سوید گه‌وره بووه.
وه له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ جێژنی چوار ساڵه‌ی كتێبخانه‌ی كوردییه، با له ده‌رفه‌ت كه‌ڵك وه‌رگرم و ئه‌و كتێبه كوردییانه‌ی وه‌ختی خۆی له ئیسماعیل جه‌مم وه‌رگرت كاتێك لێره بوو (پێكه‌نینی خۆی و به‌شداران) پێشكه‌ش به كتێبخانه بكه‌م. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی ئه‌م كاره بكه‌م چونكه ئه‌مڕۆ جێژنی چوارساڵه‌ی كتێبخانه‌یه با هه‌موومان پێكه‌وه چوار جاران هاواری بژی بۆ كتێبخانه‌ی كوردی به‌رز كه‌ینه‌وه:
هه‌ر بژی! (به‌شداران هاوڕێی ئانا لیند دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه) بژی! بژی! بژی!
(چه‌پڵه‌ڕێزانی خه‌ڵك)
وه‌رگێڕ: ناسری سینا
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
بهروار: 11/09/2024
1380 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|