زەردەشتییەکانی کوردستان نامەیەکی فەرمی ئاراستەی ڕای گشتیی کوردستان و جیهان دەکەن
ئاگادارینامەیەك بۆ ڕای گشتی و دەسەڵاتدارانی کوردستان
درود و خۆشه‌ویستی ئاهورامه‌زداتان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نین:
خۆشه‌ویستان و ئازیزانی زه‌رده‌شتی، مرۆڤ په‌روه‌ران و ڕاستی په‌رستانی سه‌ر زه‌وی، کوردانی خاوەن ئەندێشەی چاك، ڕۆڵەکانی خاوەن فەرهەنگی دێرین و دایکی شارستانییەتی جیهان. ماوەیەکە، تاریکپەرستان و خەسیوەکانی بیروهۆشیاری، لەهەموولایەکەوە دەستیان داوەتە هێرش کردنە سەر زەردەشتیان و پێشکەوتووخوازان و وێڕای ئەوەی هەڕەشەی مەرگیان لێ دەکەن، لەڕێگای یاسا دژە مرۆڤایەتی و دژە کوردەوارییەکانی ( یاساکانی عێراق) زیندانییان دەکەن و سزایان دەدەن. بۆیە، لەو سۆنگەیەوە، ئێمە، لەئەنجومەنی باڵای زەردەشتیانی کوردستان، ناتوانین چاوپۆشی لەم کارەناڕەوایە بکەین و وەك زەردەشتی مەزن، لەپەرتوکی پیرۆزی کورداندا ( ئاڤێستا) دەفەرموێت" دانبەخۆداگرتن کاتێك باشە کەلەپێناوی ئامانجێکدا بێت، دەنا لەبەرامبەر ماف خواردن و جیاوازی و نادادپەروەری، دانبەخۆداگرتن گۆڕانی بەسەردا دێت بۆ لاوازی و لاوازیش، پێشەنگی مەرگ و لەناوچوونە" هەر لەسۆنگەی بەرپرسیارێتیمانەوە، بۆ ئەو پرسە، بەفەرمی داوا لەحکومەت و پەرلەمان و لایەنەبەرپرسەکانی تری دەسەڵاتی کوردی لە کوردستانی باشووردا دەکەین، کۆی ئەو یاسایانە بگۆڕێت کە لەگەڵ دەستەواژە و ماددەکانی مافی مرۆڤدا یەکناگرێتەوە و ڕێگرە لەبەردەم ماف و ئازادییەکاندا و هۆکارێکە بۆ دروستبوونی گرژی و ناکۆکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی.
هەر لەو ڕوەشەوە داوا دەکەین، بەپەلە و بەبێ هیچ قەید و بەندێك ( یوسف محەمەد عەلی) هاوڵاتیی دانیشتووی دەربەندیخان و ئەندامی فەرمیی ئەنجومەنی باڵای زەردەشتیانی کوردستان، ئازاد بکەن. بەپێچەوانەوە، دەسەڵاتی کوردی، بەرپرسیارە لەهەڵگیرسانی هەر ئاشوبێکدا کە توندڕەوەکان لەکوردستان لەژێر ئاڵای ئیسلامی سیاسیدا، دەیانەوێت هەڵی بگیرسێنن و لەڕێگای یاساوە ئازار بەخەڵکی سڤیلی کورد بگەیەنن.
ئەنجومەنی باڵای زەردەشتیانی کوردستان
وێنەیەك بۆ:
پەرلەمانی کوردستان
حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
ڕاگەیاندنەکان
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا
کۆشکی سپی ئەمریا
نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەنجومەنی زەردەشتیانی جیهان لە هندستان
ئەنجومەنی زەردەشتیان و موبیدان لەئێران
ڕای گشتیی کوردستان و جیهان
بەهەر چووار زمانی ( کوردی/ ئینگلیزی/ عەرەبی/ فارسی)
به‌روار:  16/12/2014
1420   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   664
کۆی سه‌ردان:   29266736