تیرۆرکردنی سەرکردە دکتۆر عەبدلوڕەحمان قامسلۆ 1989.7.13
٢٨ ساڵ پێش ئێستا لە ١٣ى تەمووزى ١٩٨٩ عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێرى گشتیى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران و دوو کەس لە یاوەرەکانى لە کاتى گفتوگۆ لەگەڵ وەفدی دانوستانکارى ئێران لە وڵاتى نەمسا، تیرۆر کران.

قاسملوو ٢٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٣٠ لە گوندى قاسملووى نزیک شارى ورمێ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان دایکبووە و  هەر لە ورمێ و تاران خوێندویەتى و بۆ درێژەدان بە خوێندن لە ساڵى ١٩٤٨ ڕۆیشتووە بۆ پاریس، دواتریش لە ساڵى ١٩٦٢ لە زانکۆی پراگ لە وڵاتی چیک دکتۆرای لە زانستی ئابورییدا وەرگرتووە.

قاسملوو لە ساڵى ١٩٤٨دا لە کاتێکدا لە شارى پاریس سەرقاڵى خوێندن دەبێت لەگەڵ نورەدین زازا و کەمال فوئاد و ژمارەیەکى گەنجى دیکەدا کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردیان لە ئەوروپا دامەزراند، لە ساڵى ١٩٥١ەوە وەک نوێنەرى خوێندکارە ئێرانییەکان بەشداریى لە دووەمین کۆنگرەى نێودەوڵەتیى خوێندکاران لە شارى پراگى پایتەختى چیک کردووە.

لەساڵی ١٩٥٢ قاسملوو وەک نوێنەری حزبی تودەی ئێران نێردراوە بۆ شاری مەهاباد و دواى پێنج ساڵ کارى سیاسى لە ئێران، لە ساڵى ١٩٥٧دا گەڕایەوە بۆ پراگ. لە ساڵى ١٩٥٨دا بەهۆى سەرکەوتنى شۆڕشى ١٤ى تەمووز گەڕایەوە بۆ عێراق و هەوڵەکانى بۆ بوژاندنەوەى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران دەستپێکرد.

لەو کاتەدا کە لە پراگ بووە هاوسەرگیریى لەگەڵ کچێکی چیکی بەناوی هێلین کرۆلیش ناسراو بە نەسرین قاسملوو کردووە. بەرهەمى ئەو هاوسەرگیرییە دوو منداڵ بووە بە ناوەکانى مینا  و هیوا.

قاسملوو دوو کتێبى بە ناوى "چل ساڵ خەبات" و "کوردستان و کورد" نووسیوە. هەر یەک لە زمانەکانى فارسى، عەرەبى، تورکى، ئەڵمانى، فەڕەنسى و ئینگلیزى و چیکى، ئاشوورى، زانیووە.

قاسملوو لە کۆنفرانسى سێیەمی حزبى دیموکراتى کوردستان لە بەهارى ساڵى ١٩٧١دا بە سکرتێرى گشتیى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران ھەڵبژێردرا‌ و تا تیرۆر کردنى سکرتێرى گشتى بوو.

لە ١١ی شوباتی ١٩٧٩ شۆڕشی ئێران سەرکەوت، حیزبی دیموکرات بە سەرکردایەتیی قاسملوو لە ماوەیەکی کورتدا وەک حزبێکى بەهێز خۆى دەرخست.

لە سەردەمی دەسەڵاتى قاسملوودا حیزبی دیموکرات پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ حزبى کۆمەڵە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان نەبووە و بۆ ماوەی سێ ساڵ دیموکرات و کۆمەڵە شەڕى یەکتریان کردووە.

ڕۆژی ١٣ی تەموزى ١٩٨٩ قاسملوو لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری ئازەر نوێنەری حیزبی دیموکرات لە ئەوروپا و د. فازڵ ڕەسوڵ دۆستى حزبى دیموکرات بەرەو شوێنی کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتى ئێران بەڕێدەکەون. لەو ڕۆژەدا و لە سەر مێزى گفتوگۆ تیرۆر کران.

تەرمى قاسملوو لە گۆڕستانى پێرلاشێز لە شارى پاریسى پایتەختى فەڕەنسا بە خاک سپێردرا.
به‌روار:  14/07/2017
658   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   491
کۆی سه‌ردان:   29267210