ناو و وێنەی هێرشکارانی تاران بڵاوکرایەوە
رووداو - هەولێر
وەزارەتی ئیتیڵاعاتی ئێران ناو و وێنەی هێرشکارانی تارانی بڵاوکردەوە و دەشڵێت، لە موسڵ و رەققەوە چوونەتە خاکی وڵاتەکەی.
ئیتیڵاعات رایگەیاند، پێنج لە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی تاران پێشتر سەر بە گرووپە "وەهابی و جیهادییەکان" بوون و پێشتریش لەسەر تاوانکاری دەستگیرکراون.
وەزارەتی ئیتیڵاعات ئاماژە بەوە دەکات، هێرشکارەکانی تاران لە رەققە و موسڵەوە هاتوونەتەوە ئێران. دەشڵێت "ئەبوو عائیشە، کە فەرماندەیەکی باڵای داعشە و ئێرانییە سەرپەرشتیی گرووپەکەی تارانی کردووە".
ئیتیڵاعات تەنیا ناوی یەکەمی پێنج لە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی تاران بڵاوکردووەتەوە، بەناوەکانی "سەریاس، فەرەیدوون، قەیووم و ئەبوو جیهاد و رامین".هاوکات ئەحمەد شوجاعی، سەرۆکی رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی سەر پەرلەمان و مەزارگەی خومەینی گەیشتوونەتە 17 هاووڵاتی، 52 کەسیش بریندار بوون.
رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران دەڵێت، لە 17 کوژراوەکە شوناسی 13 کەسیان ناسراوەتەوە.
بهروار: 08/06/2017
8783 جار خوێندراوهتهوه
|