كچە هەرزەكارەكەی هەولێر دەڵێ نەڕفێندراوم ، خۆم ڕۆشتووم
رووداو - هەولێر

ئەو کچەی باوک و دایکی دەڵێن زیاتر لە 10 رۆژە لەلایەن ناسیاوێکیانەوە رفێندراوە، دەڵێت: من نەڕفێندراوم، بەڵکو بە ئارەزووی خۆم لە ماڵەوە رۆیشتووم و هاوسەرگیریم کردووە".

زەینەب سەباح، رۆژی 12-7-2016 لە ماڵەوە چووە دەرەوە، دایک و باوکی دەڵێن لەلایەن ناسیاوێکیانەوە بە ناوی (هـ. سەعید) رفێندراوە، زەینەب-یش دوای بڵاوبووەنەوەی هەواڵەکە پەیوەندی بە تۆڕی میدیایی رووداوەوە کرد و دەڵێ "من نەڕفێندراوم، بەڵکو خۆم لەو ماڵە رۆیشتم، ئەوەی راستی بێت من (هـ. سەعید)م رفاندووە نەک ئەو".

شەهرەزاد دایکی زەینەبە پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، لەلایەن خێزانی (ه.) ئاگادارکراوەتەوە لەوەی پەیوەندی سۆزداری لەنێوان هاوژینەکەی و زەینەبدا هەیە، بەڵام دەڵێ " من باوەڕم نەکرد تاوەکو رووداوەکە رووی نەدا".

بەپێی گوتەکانی زەینەب ئێستا تەمەنی 17 ساڵە، دایك و باوكیشی دەڵێن تەمەنی 16 ساڵە، ماوەی 4 ساڵ زیاترە پەیوەندی لەگەڵ (هـ) هەیە، لەبارەی چۆنیەتی راکردنیشی لەماڵەوە دەڵێ " لە ماڵەوە لەگەڵم باش نەبوون و هەموو رۆژێک لێیان دەدام" تەنانەت دەڵێ "پلانی کوشتنیشیان دانابووم".
"سێ جار هاتووەتە داوام"

زەینەب دەڵێ "هەرچەندە (هـ.) هاوژین و چوار منداڵی هەیە، بەڵام من پێی رازی بووم و ویستوومە هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم، ئەویش سێ جار هاتووەتە داوام کەچی لە ماڵەوە رێگریان لێکردووم  چونکە ئەو هاوژینی هەبوو".

"باوکم قەرزدارە "

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی زەینەب بۆ رووداو باسی لەوە کرد " باوکم جگە لەوەی قەرزدارە، هەموو شەوێک خەڵک دەهاتنە ماڵمان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکان بۆیە بەمنیان دەگوت بچم بەخێرهاتنیان بکەم تاوەکو لەسەری بووەستن"، هەروەها دەڵێت "ئەو ئێوارەیەی ماڵم بەجێهێشت بەتەواوەتی بێزارببووم لەو کارە بۆیە وامکرد".

چۆن هەڵات؟

وەکو زەینەب دەیگێڕێتەوە، دوای ئەوەی بێزار بووە لە قسەی ناخۆشی ماڵەوەیان، لێدان و پیلانداڕشتن بۆ کوشتنی، بڕیاریداوە ماڵەوە بەجێبهێڵێت، دەڵێ " کاژێر 16:30 خولەكی رۆژی 11-7-2016 لەماڵەوە چوومە دەرەوە و تەکسییەکم گرت، دوای تەلەفونم بۆ (هـ.) کرد و ئەو هات و بردمی" هەروەها دەڵێ "دواتر لەلای مەلایەک مارەی کردم، بەڵام بەهۆی ئەوەی من هەڕەشەم لەسەرە، ناتوانم ناوی مەلاکە ئاشکرا بکەم".

هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت 

دوای رووداوەکە باوک و برایەکی زەینەب تەلەفۆنی بۆ دەکەن و هەڕەشەی کوشتنی لێدەکەن ئەویش دەنگەکان تۆمار دەکات، لەو تۆمارە دەنگیانەش کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی ناردوون، دەڵێ "ئەمانە گوتەی باوکم و براکەمن" دەنگی دوو کەس دەبیسترێت کە جگە لەوەی جنێوی پێدەدەن، هەڕەشەی کوشتن لە خۆی و (هـ.)یش دەکەن.

لە کۆتاییشدا زەینەب کە بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بچووکی تەمەنی بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی دایکی و باوکی هاوسەرگیری بکات دەڵێ " ئەگەر دایکم و باوکم لێمبگەڕێن من هیچ پەشیمان نیم و لەوپەڕی خۆشیدام". 



به‌روار:  27/07/2016
2453   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   92
کۆی سه‌ردان:   29266164