سەروەرییەك بۆ یوسف محەممەد
رێبوار کەریم وەلی
ڕووداو

پڕۆسەی سیاسی و چارەنووسی میللەتی كورد لە كوردستانی باشوور، خراوەتە گرەوی گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی یوسف محەممەد بۆ پەرلەمانی كوردستان. بە واتایەكی دیكە سەربەخۆیی كوردستان كە دەیان ساڵە بە هەزاران قوربانیی بۆ دراوە، وەكو سەفقەیەكی سیاسی لێكراوە كە بە مەرجێك بەرامبەرەكانی پارتی لەگەڵ ریفراندۆمدا دەبن، وەزعەكە بگەڕێندرێتەوە بۆ پێش 12/10/2015. هەر لەو رۆژەوەی كە مشتومڕ لەسەر مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سەریهەڵداوە، گۆڕان و یەكێتی پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن كە مەسەلەكە شەخسی بارزانی نییە و گۆڕینی سیستەمە. بۆیە ئەگەر وایە نابێ پێداگیریش لەسەر گەڕانەوەی شەخسی یوسف محەممەد بكەن! لە بارودۆخێكی وەهادا ئەگەر یوسف محەممەد لە خەمی ئایندەی كوردستان و پڕۆسەی سیاسیدایە، دەتوانێ گەورەترین سەروەری بۆ خۆی تۆمار بكات و بەوەش بەشی هەرە زۆری گرێكوێرەكان دەكرێنەوە. دەبێ یوسف محەممەد دان بەوەدا بنێت كە ئۆباڵی ئەو قەیرانەی ئێستا دروست بووە، بەشێكی زۆری لە ئەستۆی ئەوە و بۆ ئەوەش دەتوانێ بە دەست لەكار كێشانەوەیەك، بەشێكی زۆری ئەو قەیرانە چارەسەر بكات. هەرچۆنێك بێت، یەكێتی، گۆڕان و پارتی لەسەر سیغەیەك بۆ لابردنی یوسف محەممەد رێكدەكەون. جا بۆ ئەو سەروەرییە بۆ خۆی تۆمار ناكات و بە ئیستیقالەكەی بچێتە ناو مێژووەوە؟

به‌روار:  31/05/2016
677   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   678
کۆی سه‌ردان:   29266771