ئەردەن یەکەم ووڵاتی عەرەبیە کە ئاڵای کوردستانی دانا
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری لەگەڵ شا عەبدوڵڵا، پاشی ئوردن كۆبوونەوە.

لەسەر بانگهێشتی فەرمیی  شا عەبدوڵڵا، رۆژی پێنجشەممە 21ی ئایاری 2015، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری گەیشتنە عەمانی پایتەختی ئوردن و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئەو شارە لەلایەن ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن، برای پاشای ئوردن و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێشوازییان لێكرا.

پاشان شا عەبدوڵڵا لە كۆشكی پاشایەتی پێشوازی لە بارزانی و شاندی یاوەری كرد. ئوردن یەكەم وڵاتی عەرەبییە ئاڵای كوردستان لەپاڵ ئاڵای عێراق لە پشت بارزانی دادەنێت. ساڵی پاریش، لە 4ی ئایار، بارزانی چووە ئوردن و چاوی بە شا عەبدوڵڵا کەوت، ئەوكات بۆ یەكەمجار ئوردن ئاڵای كوردستانی لە كۆبوونەوەكە دانا.

بەپێی راگەیێندراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خراوەتە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە بە گشتی و عێراق و رووداوەكانی ئەم دوایەی پارێزگای ئەنبار بە تایبەتی. هەروەها بیروڕا لەبارەی چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی رێكخراوی داعش ئاڵوگۆڕكراوە. 

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئوردن خراونەتە بەرباس و جەخت لەسەر فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كراوەتەوە.

بڕیارە رۆژی هەینی 22ـی ئایاری 2015 ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە دەریای مردووی وڵاتی ئوردن بكات.  کۆڕبەندەكە لە رۆژانی 21 تا 23 ی ئەم مانگە لە ناوەندی کۆبوونەوکانی شا حوسێن لە کەناری دەریای مردوو بەڕێوەدەچێت و چاوەڕواندەکرێت سەرکردەکانی وەک سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵڵای شای ئوردن و سەرۆکی فەڵەستین لە کۆڕبەندەکەدا بەشداربن. 

لە گەشتەكەی ئەمساڵیشدا مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و د. فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان یاوەری بارزانی دەكەن. .
ڕووداو
به‌روار:  21/05/2015
769   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1224
کۆی سه‌ردان:   29265930