تا دونیا مابێت ئێمەى ئێزدی كوردی رەسەنین

نوێنەری ئێزدییەكان لەپەرلەمانی عێراق تەئكید لەوە دەكاتەوە، كەئێزدیەكان  كوردی رەسەنن و ئاماژەش  بەوەدەكات تائێستا سێ هەزار كوردی ئێزدی لەدەست داعش ماون.

دوای ئەوەی دوێنێ‌ لەكەناڵی عەرەبیە میر تەحسین میری ئێزدیان هێرشی كردە سەر دكتۆرە ڤیان دەخیل و وتی" نوێنەرایەتی ئێزدیەكان ناكات و هەروەها  ئاماژەی بەوەكرد  كەئێزدیەكان كورد نیین، بەڵام كورد و مەسیحیان خۆش دەوێت ، ئەمڕۆش ئەم قسانە توڕەی كوردەكانی لەتۆرە كۆمەڵایەتیەكان لێكەوتەوە."

لەبەرامبەر ئەم قسانەدا دكتۆرە ڤیان دەخیل تایبەت بەخەندانی راگەیاند" من ناتوانم لەسەر میر تەحسین هیچ قسەیەك بكەم،  چونكە ئەو میری ئێزدیانە، بەڵام من داوا لەخوشك برا كوردەكانمان دەكەم ، كە بەم قسانە نیگەران نەبن و ئێمە وەكو ئێزدی كوردی رەسەنین وزمانەكەیان كوردیەو قەولەكانی ئاینی ئێزدی بەكوردیییە".

دكتۆرە  ڤیان  ئاماژەی بەوەشكرد" كوردەكان دەیان قوربانیان بۆئێمە داو  باوەشیان بۆئێمە كردۆتەوەو بەهەزارەها خێزانی ئێمەیان داڵدەداوە، گوناهە ئەمڕۆ ئێمە قسە لەسەر كورد بونی خۆمان بكەین".

سەبارەت بەژمارەی ئەو كوردە ئێزدیانەی كەتائێستا لەدەستی داعشدان نوێنەرەكەی ئێزدیان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی " ژمارەیان نزیكەی سێ هەزار كەس دەبێت بەژن و مناڵ و پیرو گەنجەوەو هیواداریشین بەم نزیكانە شەنگاڵ ئازاد بكرێت  ئەوانیش لەچنگی داعش رزگار بكەین".
خەندان
به‌روار:  20/10/2014
549   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   609
کۆی سه‌ردان:   29266939