پێشمەرگەیەکی سلێمانی'خۆی کووشت
لە یەکێک لە کافتریاکانی سلێمانی، گەنجێک کوژرا کە پیشەی پێشمەرگەیە و باوکی دوو منداڵە، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، رووداوەکە خۆکوژیی بووە.

بەشێک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتیش، کێشە ئابورى و کۆمەڵایەتییەکان بە هۆکارى سەرەکى خۆکوژیی دەزانن.

ئەو کەسە ناوی هۆشمەند حوسێنە، تەمەنى ٣٠ ساڵ بوو و شەش ساڵ بوو هاوسەرگیرى کردبوو، باوکی دوو منداڵە و یەکێکیان نزیکەى ١٠ رۆژە لەدایک بووە.

هۆشمەند پێشمەرگە بوو لە بەرگرى فریاکەوتن، براکەى دەڵێت، هیچ کێشەیەکى کۆمەڵایەتى نەبووە، بەڵام کرێچی بووە و سەرچاوەى بژێوى تەنها ئەو موچەیە بووە کە بە نزیکەى دوو مانگ جارێک حکومەت دابەشى دەکات.

لەدواى رووداوەکە، تۆمارى کامێراکانى چاودێرى وتەى شایەتحاڵان وەرگیراوە و پۆلیس بەڵگەکانى کۆکردووەتەوە و رووداوەکە بە خۆکوژى ناو دەبات.

هەرچەندە پێشتر تەلەفۆن بۆ مۆبایلى قوربانییەکە هاتووە، بەڵام تا ئێستا هۆکارى رووداوەکە لاى پۆلیس روون نەبووەتەوە.

زۆربوونى رووداوەکانى خۆکوشتن لاى توێژەران رەهەندى زۆرى هەیە، بەڵام کێشە ئابورى و دەرونى و کۆمەڵایەتییەکان بە هۆکارى سەرەکى دەزانن.

ساڵى رابردوو ٥٥ حاڵەتى خۆکوشتن لە سلێمانیدا هەبووە، بەڵام گوماندەکرێت رووداوەکان لە ساڵى ٢٠٢٠دا بەرزببێتنەوە و قەیرانى دارایی بە هۆکارێک بۆ رووداوەکانى خۆکوشتن دادەنرێت.
ئێن ءاڕتی 
به‌روار:  01/12/2020
612   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   672
کۆی سه‌ردان:   29266751