تەرمی میر تەحسین بەگ لە ئەڵمانیاوە گەیشتەوە هەولێر
تەرمی میر تەحسین بەگ میری ئێزدییان لە ئەڵمانیاوە گەیشتەوە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو بڕیارە سبەینێش لە قەزای شێخان بەخاك بسپێردرێت.

كاتژمێر 9:30 خولەكی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی میری ئێزدییەكان بە فڕۆكەیەكی تایبەت گەیەنرایەوە هەرێمی كوردستان و لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی هەرێم و عێراق و باڵیۆزی وڵاتانەوە پێشوازی لێكرا.

بڕیارە سبەینێ سێشەممە لە كۆشكی میر لە سەنتەری قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك بەخاك بسپێردرێت و پرسەكەی بۆماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام بێت.

رۆژی 28ی مانگی رابردوو میر تەحسین بەگ لە نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا لە تەمەنی 86 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.

 

میر تەحسین ساڵی 1933 لە گوندی با عەدرێی سەر بەقەزای شێخان لەدایكبووە.
لەساڵی 1944ەوە میری ئێزدییەكانە.
لە دوای مردنی سەعید عەلی بەگی باوكی ‌و لەتەمەنی 11 ساڵییەوە لەسەر پێشنیاری میان خاتوونی داپیریی بووەتە میری ئێزدییەكان  و
نوێنەرایەتی ئیزدییەكانی جیهانی دەكرد لە هەموو كۆڕو كۆبونەوەكان و پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتاندا.
میر تەحسین جگە لە زمانی كوردی، عەرەبی ‌و ئینگلیزی و فارسی دەزانی.
ساڵی 1962 بۆ یەكەمجار چوەتە ئەوروپا و بۆ ماوەی ساڵێك لە بەریتانیا و ئەڵمانیا ژیاوە.
لەسەرەتای دەیەی 1970دا بەشداریی لەبزوتنەوەی رزگاریخوازی كورددا كردووە.
دوای هەرەسی 1975 ئاوارەی وڵاتی ئێران بووەو پاشان روویكردوەتە بەریتانیا.
لەساڵی 1976ەوە تا ساڵی 1981 لە لەندەن ژیاوە.
لەو ساڵە بەدواوە لەلایەن رژێمی سەدامەوە لێبوردنی بۆ دەركراوه و گەڕاوەتەوە عێراق.
ماوەی چەند رۆژێك بەهۆی تێكچونی رەوشی تەندروستی لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا لەژێر چاودێری ورددا بوە.
بەرەبەیانی رۆژی 28ی كانونی دوەمی 2019 لەنەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد.

کەی ئێن ئێن
به‌روار:  04/02/2019
588   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1225
کۆی سه‌ردان:   29265931