مانگرتنی مامۆستایانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە
مانگرتنی مامۆستایانی بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی کەمی موچەکانیان و بارگرانی ژیانی خوێندکاران و مامۆستایان بەردەوامە و ناوەندی هاوکاری حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رایگەیاند، پشتیوانی لە مانگرتنەکە دەکات.

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە، ئەمرۆ دووشەممە (١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) مانگرتنی بەشێک لە مامۆستایانی شارەکانی سنە و کرماشان و مهاباد و مەریوان و جوانڕۆ و سەقز و ئیلام و تاران و شیراز و مەشهەد و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژ بە کەمی موچەکانیان و دەستبەسەرکردنی مامۆستایان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بەردەوام بووە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، مامۆستایانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ مامۆستایانی پارێزگا و شارەکانی دیکەی ئێران، لە دووەمین رۆژی مانگرتنەکەیان داوای جێبەجێکردنی داوکارییەکانیان و ئازادکردنی مامۆستایانی دەستبەسەرکراویان کردووە.

لەوبارەیەشەوە حەسەن رەحمان پەنا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە میانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر ١٢ی ئەمڕۆی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ماوەی دوو رۆژە مانگرتنی مامۆستایان لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گوڕوتینەوە بەردەوامە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو مانگرتنە دەرەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو دۆخە ئابورییە خراپەیە کە کۆمەڵگای ئەو وڵاتە تووشی بووە و ئەوان وەک حزبی کۆمۆنیستی ئێران پشتیوانی لە مانگرتنەکە دەکەن.

ماڵپەڕی رادیۆ فەردا بڵاویکردووەتەوە، رۆژی رابردوو و دوای دەستپێکردنی ئەو مانگرتنە، محەمەد رەزا رەمەزانزادە بەرپرسی ئەنجومەنی هەماهەنگی یەکێتی مامۆستایانی ئێران لە شاری بێجنورد سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکور دەستگیرکراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، رەمەزانزادە لەکاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا ئێستا مانگرتنی لە خواردن راگەیاندووە.

هەر ئەمڕۆش ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، چینی مامۆستا لە ئێران ئەو چینەیە کە لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کراوە بۆیە بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لەو مانگرتنە دەکات.

راشیگەیاند، "داوا له‌ گه‌لانی ئێران و به‌تایبه‌ت بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كەین، با هه‌موومان بە یەکگرتوویی و یەکدەنگییەوە پشتیوانی له‌ داوا ڕه‌واكانی مامۆستایان بكه‌ین".

رۆژی یەکشەممە (١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) مامۆستایانی بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی کەمی موچەکانیان و دەستبەسەرکردنی مامۆستایان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە و هەروەها بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو پارەیەی کە ساڵانە لە خوێندکار وەردەگیرێت، مانگرتنیان راگەیاند و نەچوونەناو هۆڵەکانی خوێندنەوە.

ش.ق
ئێن ئاڕتی


به‌روار:  15/10/2018
438   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   520
کۆی سه‌ردان:   29267041