مامۆستای زستان و پێشمەرگەی هاوین. ساڵی 1994

ساڵی 1994

کەشەڕی خۆکوژی 1994  بەرپا بوو، له گوندی کانی مازوو مامۆستا بووم.
بۆ هاوینەکەی گەڕاینەوە بۆ سلێمانی.
ئەو کاتە ئەندام کەرتی کۆمیتەی 5 " بەرپرسی پۆلی شەهید ئاسۆ خراجیانی" بووم.

لەمەکتەب عەسکەری پارتی" ئەنفالەکەی بەختیاری " کۆیان کردینەوە ، کە " کاک حەمەی تەیب" ئامر قاتع بوو.
مەفرەزەیەکیان دا بە من کە لە " ئاسایش و پۆلیس و ڕێکخستن" پێکهاتبوو.
شەوانە مەفرەزە ئەمنیەکانی شەقامی ڕزگاری و گەڕەکی بەختیاری بووین.
هەموو شەوێک 25  دیناری سویسریان بە من و هەر ڕێکخستنێک 10 دیناری سویسریان دەدایە.
من بەحوکمی دوکانی باوکم حاڵم لەوان باشتر بوو، 25 دینارەکەی خۆم بۆ دەدانەوە بە جگەرە بۆ مەفرەزەکە.
شەوێک لای مەعهەدەکەی بەختیاری بووین، جوابیان هێنا لەکۆڵانی پشتی مەعهەدەکە شەڕە.
کەچووین گەنجێکی سەرخۆش هات و ووتی دراوسێکەمان پارتیە و قومبەلەی لە ماڵەوە هەیە.
کاک ڕەزا کە لەو گەڕەکە بوو بانگی کردم و پێی ووتم:
ڕاسته ئەم کوڕە یەکێتیە و شەڕی لەگەڵ کوڕی شەهیدێکی پارتی دراوسێیانە، بەڵام شەڕەکەیان پەیوەندی بە حیزبایەتیەوە نیە ، ئەم کوڕە گێچەڵ بە کوڕی دراوسێکەیان دەکات.
منیش کەمێ هەڕەشەم لە سەرخۆشەکە کرد کە پیاو بێت." گەرچی دواتر کوڕی شەهیدەکەی پارتیان لە تەلەفیزیۆن پیشان دا کە ووتی کە بە نیاز بووم قومبەلەکە بگرمە " م.ش.ح" ی یەکێتی"، بەڵام خەتای سەرخۆشەکە بوو کە دەیویست گێچەڵیان پێ بکات و پارتی بوونیان بکات بە بیانوو.
لە ڕۆشتندا بووین سەرخۆشەکە پەلاماری کڵاشینکۆفەکەی منی دا و میلی هێنایەوە.
بە دوو سێ کەس خۆماندا بە سەریدا و هەر چۆنێک بێت ، کڵاشینکۆفەکەمان لێسەند، گەر فریا نەکەوتینایە خەڵکێکی زۆر پێوە دەبوو کە کۆببوونەوە.
دواتر لە ڕقدا کەوتە ژێر چەپۆک و شەقی دوو سێ کەسمان. کە هەڵسایەوە خوێن نەک لە لووت لە چاو و گوێچکە و دەمیشیەوە دەهات.
مەفرەزەیەکی پۆلیسی ئیسکان هاتن و سەرخۆشەکەیان برد.
من کە مامۆستا بووم و چەکەکەش هی خۆم بوو بێ بەرامبەر دەیان شەو تا بەرەبەیان فەرماندەی مەفرەزە ئەمنیەکانی گەڕەکی ڕزگاری و بەختیاری بووم.
بەرپرسی کۆمیتەی 5 " مامۆستا جەمال تاڵەبانی بوو".
ئەم کۆمیتە تڕەیە ئەوەندە مەغدوور بوو لەسەر کۆنە سەدامیەک  ئێمەی ئەندام کەرت  کە پۆلەکەمان زیاد لەسەد کەس دەبوو و هەروەها  پێشمەرگەی دێرین و مامۆستای زەمانی گرانیەکە بووین دڵی شکاندین.

شێرزاد عەزیز
مالمۆ
به‌روار:  17/09/2023
645   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   684
کۆی سه‌ردان:   29665108