کەوتنی قەندیل کۆتایی هەولێریشە

هێرشی ئەم جارەی لەشکری ت.و.ر.ک ، جگە لەوەی وەکو هەموو جارەکانی تر پڕوپاگەندەی دەروونی لەگەڵدایە، جیاوازی گەورەی ئەوەیە " ئۆکەی " ئێرانی پێوە دیارە، کە ئەمە زۆر مەترسیە بەوەی ئێران مامەڵەی پێوە بکات.

ئەو هەموو بەرژەوەندیە  نەوتی و ئابووریه گەورەیەی تورک له باشوور دەستی دەکەوێت ، هیچی لە ماهیەتی دوژمنانەی ئەو  نەگۆڕیوە بەرامبەر دەسەڵاتی کوردی.

ئەنقەرە دەزانێ پارووی گەورە لە قوڕگ دەگیرێت، بۆیە تیکە تیکە کورد دەخوات.
پلانی ئەوەی هەیه هێزی پێشمەرگە بکاتە هاوسەنگەری دژ بە گەریلاکانی قەندیل و بۆ ئەمەش هەرچی توانای هەیە لەم 33 ساڵەدا خەرجی کردووە بێ ماندوو بوون.

بەسەرێکی تریش دەیەوێت باشوور بە یەکتری بخوات.
سیاسەتی جیاکاری  بەرامبەر هەولێر و سلێمانی لە گەوهەردا بەیەکدادانانی پارتی و یەکێتی نەبێ هیچی تر نیه.
دەوڵەتی تورک هەموو کوردێکی زیندوو بە خائین و خراپ دەزانێت ، و جیاوازییان ناکات.

دەڵێن لە سیاسەتدا بەرژەوەندی هاوبەش هەیە ، نەک دۆست و دوژمنی تاسەر ، سیاسەتی تورکیش هەمیشە لەگۆڕین  و بادانەوەدایە ، تەنیا بەرامبەر  مەسەلەی کورد نەبێ ،  کە بە ڕەهایی و نەگۆڕاوی   سیاسەتی دژە کوردیان هەیە و هەموو بەرژەوەندی دنیا ئەمەیان لا کاڵ ناکاتەوە.

ئێستا هەرێمی کوردستان لەوپەڕی لاوازیدایە ، 
 هیچ وڵاتێک وەکو ساڵانی نەوەدەکان  بەرژەوەندی خۆی ناکات بە قوربانی، ئەمریکا هێشتا بۆ پارسەنگی شیعە  و ئێران هێشتویەتەوە ، بەڵام پێناچێت بەرامبەر لەشکرکێشی تورک هەڵوێستێکی ڕژد و ڕوونی هەبێ.

بە گریمانەی خەیاڵ  گەر   ت.و.ر.ک.یا له کێشەی قەندیل ڕزگاری ببێت ،  ئەو دەم گەر   باشووری کوردستانیشی بۆ قووت نەدرێت ئەوا ڕادەستی بەغدادی دەکاتەوە، چونکە ئەو هیچ دەسەڵاتێکی کوردی لە هەولێری پایتەخت بێ یان لە ڕۆژئاوا تەنانەت  لە ئەفریقاش بێت " خۆیان ووتەنی"
  لا پەسەند نیه و ڕەتی دەکاتەوە.

شێرزاد عەزیز 
مالمۆ
یەکەم کەسی وێنەکە خۆمانین لە ڕۆژی کۆبانێ لە 2015.11.1

به‌روار:  13/07/2024
576   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   769
کۆی سه‌ردان:   29897265