کریستەر و بارام: لە مۆسکۆوە بۆ مالمۆ

ئیمشەو 2022.11.19 لە خزمەتی کریستەر و خۆشەویستاندا بووین:


پاییزی 1992 لەگەڵ بارامی برام دوو حەفتەیەک لە زاخۆ ماینەوە ، تا بە پشتگیری " پارتی گەل کە شەهید کەمالی ئایشێ قەڵەو " کردبووی، ئەو چووە ناو سووریا و لەوێوە بۆ ڕووسیا.
لە ڕووسیاوە وێنەیەکی لەبەردەم پەیکەرەکەی لینین  گرتبوو بۆی ناردم و نوسیبووی:
شێرزاد دەزانم تۆ لینینت چەند خۆش دەوێ، بەڵام لێرە خۆیان عەلاگە گووی تێدەگرن.
هاوینی 1999 بۆ هاتنی بەهاری هاوسەرم  و مناڵ لە سووریاوە بۆ مالمۆ ، کریستەر هێڵستروێم کە لە خاچی سویدی کارمەند بوو   بلیتی فڕۆکەی بۆ کڕین.
لە ڕۆژی هاتنشیاندا خۆی هات لە گەڵمان بۆ بەردەم پاپۆڕەکەی کە  لە کۆپنهاگنەوەکە دەهاتە ئەمبەر.
ئێمه تەسبێحێکمان بە دیاری بۆ هێنابوو.
لەو کاتەوە  ئێمە و کریستەر بووین بە ناسیاو.
بارام نزیکەی 11 ساڵ لە ڕووسیا مایەوە، چەندین جار هەوڵی ئەوروپای دەدا و لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ و کیڤ وسنوورەکانی ئۆکرانیا و پۆڵۆنیا و فینلەندا دەگیرا و بە چەند مانگ زیندانی دەکرا.
تەنانەت جارێکیان 7 مانگ   بە  تۆمەتی جاسووسی ، خرایە زیندانی "FSB izalyatar " ئەو زیندانەی کە " لینین" لەسەردەمی قەیسەردا تیا زیندانی بووە.
بە هیمەتی جوامێرانەی " دکتۆر ئەفراسیاو هەورامی" مێژوونووس کە چووە دادگای لینینگراد و بارامی ئازاد کرد. ئێمە مەمنوونی گۆڕەکەین و هەمیشە لەیادمانە.
ساڵی 2001 لەگەڵ دوو برادەری تریدا قاچاخچی بلیتی ئیتاڵیای بۆ کڕیبوون بە ترازێتی تونس.
لەتونس گیران و کەوتنە تۆپ تۆپێنەکەوە.
باڵوێزخانەی ئێراقی بەعس چووبوونە فڕۆکەخانە و داوایان کردبوو: مادام ئێراقین بیانگێڕنەوە بۆ بەغداد لە ڕێگەی ئەردەنەوە کە ئەمە زۆر مەترسی بوو.
بەهیمەتی ژمارەیەک کوردی مالمۆ و لوند خۆپیشاندانێکمان لە بەردەم خاچی سوور لە مالمۆ ساز کرد. بە فشاری خاچی سووری  سویدی لە مۆسکۆ ئازاد کران. کە شایەنی سووپاس و پێزانیمانە.


ڕۆژێک کریستەر تەلەفۆنی بۆ کردین و ووتی:
کۆمیتەیەکی یوئێن چوون بۆ ئەنتەرڤیوی پەنابەرانی مۆسکۆ، لەناو کۆمیتەکە یەک ژنی سویدی هەیه ، داوام لێکردووە خۆی ئەنتەرڤیوی بارام بکات و هەر ئەویش کردبووی.
ئەمریکا و کەنەدا پەنابەرانی کەمپەکانی مۆسکۆیان وەردەگرت ، بەڵام قبووڵ کردن ساڵانی زۆری دەوویست.
ڕۆژێک تەلەفۆنی ماڵەوەمان لێیداو  ژنێک بوو لە سۆسیالی مالمۆوە، ووتی ناوم کەتەرینایە و پرسی:
تۆ شێرزادیت؟
ووتم: بەڵێ
ووتی برای بارامیت؟
ووتم برای ئارامم. ئەو کاتە ئارامی برام هاتبوو ئەدرەسەکەی لای ئێمە بوو، ووتم دیارە سۆسیال ئیشی پێیه.
ووتی : ئارام ناڵێم بارام.
ووتم : بارامی چی ، ئارام لای ئێمە دەژی.
ووتی: تۆ برات نیە لە مۆسکۆ ناوی بارام بێ؟
حەپەسام و ووتمان: با بەس بۆ دەپرسن؟
ووتی: بارام ئیقامەی سویدی وەرگرتووە.
چەند خولەکێک لەتاو گریانی خۆشی هەر قسەم بۆ نەکرا.
ووتی کۆمۆنی لاندسکرۆنە خاتووشیان بۆ ئامادە کردووە، بەڵام ئەو داوای مالمۆی کردووەو مالمۆش بە خێرهاتنی ناکات. ووتی: تۆ ئامادەی لای خۆت بژی.
ووتمان تامردن بالای ئێمە بێ، بەس لە ڕووسیا ڕزگاری بێ و بگاتە لای خۆمان.
ڕۆژی 2003.2.18 کەتەرینا  خۆشی لەگەڵمان هات  بۆ فڕۆکەخانە و فەهمی و تواناش هاتن.
ئاگرۆی کوڕمان کە تەمەنی 3 ساڵ بوو"بارامی نەدیبوو"  بە چەپکێک گوڵەوە پێشوازیمان لێکرد و لەو هەموو نەهامەتی و گرتن وسوکایەتی و لێدان و زیندانە ڕزگاری بوو، بە ئیقامەی سویدیەوە گەیشتە لای خۆمان.
بۆ ئێوارەکەی دایکم یەکەم تەلەفۆنی کرد و ووتی:
میوانە خۆشەویستەکەتان گەیشت 😪
جوامێری و هاوکاری  کریستەر بۆ ئێمە نە قەرەبوو دەکرێتەوە و نەهەرگیزیش لە بیری دەکەین.
کریستەر پاش گەیشتنی بارام کە ئێمە زۆر سووپاسمان کرد، دوو شتی ووت:
یەکەم ووتی:  هیوادارم  لە گەیشتنی بارام  منیش  هاوکاریم کردبێ دەنا  من هیچم نەکردووە.
دووش ووتی:


بارام یەکەم پەنابەری ڕووسیایە کە سوید لەڕێی 
یوئێنەوە وەریدەگرێ. 


دەنا بە پێی بەرنامەی یوئێن.
سوید هیچ پەنابەرێ لە ڕووسیا وەرناگرێ .


پێراریش کاتێ بانگهێشتی ئاهەنگی هاوسەرگیری پاڤێڵمان کرد، زۆری پێخۆش بوو.
لەفەیسبووکەکەی خۆی نووسیوویەتی:
ساڵانێ پێش ئێستا هاوکاری مناڵی پەنابەرێکم کرد بۆ سوید. ئەوا ئێستا  ئەو بووە بە پیاوێک و من لە  ئاهەنگی هاوسەرگیری  ئەوم کە زۆرم پێخۆشە.
ئیمشەویش کریستەر   میوانمانە و بەخۆشی" کاک ئەنوەر  خراجیانی و توانا وزەردەشت و پاڤێڵ و سۆلین و  دێکان و جوانە و  کاکە کیان گیان".
 خواردنەکەش  یاپراخی سڵقە کە زۆری حەز لێییە.
یەکەم وێنەی من و  کریستەر و خێزانی ڕۆژی 1999.7.13 کە  بەهار و مناڵ لەسوریاوە گەیشتن
دوا وێنەی من و کریستەر و جەماعەت ئیمشەوە کە 2022.11.19
لەکۆمێنت وێنەی ئاهەنگی پاڤێڵ و ئەو کۆمێنتەی کریستەر بۆی نووسیووە دانراوە.
لە ماڵئاواییدا ووتمان کریستەر پیاوەتی و هاوکاری تۆ بە هەموو ژیانمان لە یاد ناکەین.
ئەو ووتی:
دەزانن گەر ئێستا بوایە نەدەکرا.
گەرچی ئوتومبێل هەبوو بۆ گەڕانەوەی، بەڵام بەپاسکیل لەژێر یەکەم بەفری ئیمساڵ گەڕایەوە.
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
سەیری وێنەکان بکە

به‌روار:  21/11/2022
940   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   338
کۆی سه‌ردان:   29232335