پێنج کەس لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون
لە خۆپیشاندانەکان شەوی سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لانی کەم دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی زەکەریا خەیاڵ (کوڕی سڵیمان) تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی پیرانشار و فەرجاد دەرویشی تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی ئورمیە کوژران.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زەکەریا خەیاڵ تەمەن ١٦ ساڵ لە کاتی ناڕەزایەتییەکان خەڵک لە پیرانشار بە بۆنەی شەرمەزارکردنی کوژرانی مەهسا ئەمینی لە بەشی سەریەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران بریندار بووە و گیانی لەدەست داوە.

لە لایەکی دیکەوە، فەرجاد دەەروێشی خەڵکی گوندی باڵوو سەر بە شاری ئورمیە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شەقامی وەلی عەسری ئورمیە دراوەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران و لە کاتی گەیاندن بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.


سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم دوو کەسە هەر شەوی ڕابردوو و لە ژێر چاودێریی چڕی ئەمنیدا بەڕێوەچووە.


بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەی هەنگاو، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو لانی کەم پێنج هاووڵاتی کورد لە شارەکانی دێولان، دیواندەرە، سەقز، ئورمیە و پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان حکومەتی ئێران کوژراون.
هەنگاو
به‌روار:  21/09/2022
37   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1357
کۆی سه‌ردان:   26427905