|
کە دایکم مرد ، باوکم قاچی گۆڕستانی نەبو!
کە دایکم مرد، باوکم پێی نەگرت بچێت بۆ گۆڕستان؛ ئەو قەبری دایکمی نەبینی و زوو زوو لەکاتی مەحزونیدا دەیگووت: «ئای سەلمە لەکوێی؟» کە سەیری سیمایمان دەکرد، چەند فرمێسکێک تازە لە حەوزی چاویەوە جۆگەلەیان دەکرد و وەک مرواری دەکەوتنە خوارێ.
باوکم دوای مردنی دایکم جۆرێکی لێ هاتبوو؛ دڕدۆنگ ببوو، کەمتر لەسەر جێگەکەی هەڵدەستا. هەندێک جار گومانی لە نوێژەکانی دەکرد، پێی وابوو قبوڵ نابن، بەڵام شەڕەکانی لەگەڵ ئێمە کورتخایەن بوون و زوو ئاشتدەبۆوە.
باوکم وردەوردە هێز لە ئەژنۆکانیدا نەدەما، بەهانەی بە گوچانەکانی دەگرت؛ بە هەندێکیانی دەگووت کورتن، هی درێژمان بۆ دەهێنا، کەچی دەیبڕینەوە. دەیگووت قەفەکانیان بەئاستەم چەماوەتەوە و دەست پێیانەوە ناگیرێت.
جارێک دانەیەکم بۆ هێنا قەفەکەی داخراو بوو، داوای مشارێکی کرد؛ کە بۆمان هێنا، نیوەی قەفەکەی بڕیەوە بۆ ئەوەی بکرێتەوە.
ئەو چاوێکی لەمێژبوو لەدەستدا بوو، بەڵام بە تەنازولی دەزانی دەستی بگرین. زۆرجار کە دەمانبردە لای دکتۆر دەیگووت: «ئێوە لەپێشمەوە بڕۆن، من شوێن سێبەرەکەتان دەکەوم.» خەڵک سەرزەنشتی دەکردین کە بۆچی دەستی ناگرین.
زۆری نەبرد لاقی ڕاستی لەکارکەوت. هەوڵێکی زۆرمان دا قاچی بکەوێتەوە ئیش؛ قەستەرەمان لە باشترین نەخۆشخانەی سلێمانی بۆ کرد، بەڵام هیچ سوودی نەبوو. گوتیان دەبێت بیبڕنەوە. ئەو عەسرە لەگەڵ خوشکەکەمدا گریان بۆ قاچی باوکم. من وتم ڕازی نابم، بە دکتۆرەکەم گووت: «باوکی خۆت بێت چی بۆ دەکەیت، ئەوەش بۆ باوکی ئێمە بکە.» ئەو کاری خۆی کرد، بەڵام نە دڵی ئێمە خۆش بوو، نە قاچی باوکیشم چاک بووەوە.
ڕۆژێک دکتۆرێک پێی گوتم: «تۆ حەقی خۆتە وەک ئەوەی باوکتە دڵت بڕوا نەدات قاچی ببڕنەوە، بەس ئەوە چاکە نییە لەگەڵ ئەم پیرەپیاوەدا دەیکەیت. ڕەنگە پارچەیەک لەو خوێنە مەیوەی قاچی بگاتە مێشکی و ببێتە جەڵدە و دەیان ساڵ بە بێهۆشی لەسەر جێگا بکەوێ.»
قاچیان بڕییەوە و پارچە بڕاوەکەیان دامێ بچم بینێژم. بەتەنیا و بە خاکەنازێکەوە چوومە گۆڕستان، لەگەڵ هەڵکەندنی گۆڕ بۆ قاچی باوکم دەگریام. نازانم بۆ لەو کاتەدا هەستێکی قورسی بێکەسی دایگرتبووم!
ئیتر هەر قاچیمان دەبڕییەوە و دیسان ڕەش دەبۆوە، تاوەکو لە چوارەم جاردا گەیشتە نزیک ورگی. لەگەڵ ئازارەکانی ئەودا ئێمەش ڕۆژانە کەممان دەکرد. زۆرجار ئەو بێدەنگ دەبوو، بەڵام ئێمە دەگریاین.
ئەو کاتانەی کە دەیگووت هەڵمستێننە سەر پێ، دۆش دادەماین؛ نازانم دەیەویست بچێت بۆ سەر گۆڕی دایکم، یان پیاسەیەکی بەردەمی مزگەوتی گەورە بکات و تەسبێحێکی تازە بکڕێت، یان بڕواتەوە بۆ ئەو ماڵە کۆنەی کە دەیان یادگاری لەناویدا بەجێهێشت.
کە لەبەردەم دەرگای مەدخەلەکە جووتە کڵاشەکەیمان دەبینی، هەموو جارێک ڕادەچڵەکین و دەمانگووت:
«باوکم پێش بگرێتەوە، تەنها یەک تاکیان دەبێت لەپێ بکات.»
پەیوەند عومەر
بهروار: 15/09/2026
51 جار خوێندراوهتهوه
|