|
هەرێم و گۆڕانكارییە هەرێمییەكان سەردانەكەی زەیدی بۆ توركیا
دوابەدوای گەڕانەوەی زەیدی لە ئەمریكا، راستەوخۆ گەشتێكی بۆ ئێران كرد، دوای ئەمەش گەیشتە توركیا، گومانی تێدا نییە دوای توركیاش سەردانی سوریا دەكات! ئەوەی دەربارەی ئەو سەردانانە لە میدیاكاندا ئاماژەی پێ ناكرێت، مەسەلەی كوردە، تەنانەت هەموو ئەو بەرپرسانەی زەیدی سەردانیان دەكات، ئامادە نین بە باش و بە خراپ ناوی كورد بهێنن. بینیمان چۆن لە سەردانەكەی بۆ ئەمریكا، دۆناڵد ترامپ خۆی لە پرسیاری رۆژنامەنووسەكان دەدزییەوە و ئامادە نەبوو بە یەك وشەش باس لە كورد بكات، بەرامبەر باسنەكردنی كوردیش، هەمیشە جەختی لەسەر ئێراقێكی بەهێز دەكردەوە. لەمەش سەرنجڕاكێشتر، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەم رۆژانە سەردانی سوریای كرد و لەگەڵ هەموو ئەو كەسانە دانیشت كە تا دوێنێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك تیرۆریست پێناسەی دەكردن و دەیناساندن، كەچی لەگەڵ سەركردە كوردەكان دانەنیشت، ئەو سەركردانەی لە پەنای شەڕی تیرۆرەوە هەزاران گەنج و پیر و كاڵی كوردیان كردە قوربانی!
ئەو گۆڕانكارییانە ئاماژەی ترسناكن بۆ چارەنووسی پرسی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان، دۆخەكە ئەوە رووندەكاتەوە، كە زۆرینەی ئەو سەردانانە پەیوەندییان بە داڕشتنەوەی ناوچەكە و پرسی كوردەوە هەیە. زەیدی رۆڵێكی زۆر هەستیار و ترسناك لەم قۆناغەدا دەگێڕێت و بەشێكە لەو سیستەمە گۆدۆكراسییەی خەریكە لە ئێراق و ناوچەكە بونیات دەنرێتەوە!
بۆیە دەبینین سەرباری جیاوازیی هێزە جیهانی و هەرێمییەكان لەسەر زۆر بابەتی هەستیار، وا پێدەچێت جارێكی تر لەسەر لێدان و سڕكردنەوەی پرسی كورد گەیشتبێتنە ڕێككەوتن. ئەمریكا و ئێران، دەبینین چۆن شەوانە بۆردومانی یەكتر دەكەن، بەڵام ئەو سەردانەی زەیدی بۆ ئێران ئەوە دەسەلمێنێت كە هەردوو وڵات هاوڕان بۆ لێدان و كپكردنەوەی كورد. هەمان بۆچوون بۆ توركیاش راستە، خەریكە مەنزوومە هەرێمییەكە دادەڕێژرێتەوە و هەموو ئەو وڵاتانەی كوردیان بەسەردا دابەش كراوە، لە مەنزوومەیەكی كۆنی نوێدا، واتە هەمان ئەو مەنزوومە هەرێمییەی لە ماوەی شەڕی سارددا لە ئارادا بوو، بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە رێك دەخرێنەوە. كوردیش وەك داشێك لە هەوادا دەهێڵرێتەوە، بۆ ئەوەی جارێكی تر وەكو گورگێك بۆ ترساندنی ئەو دەوڵەتانە بەكار بهێنرێت و هەمان هاوسەنگیی دوای جەنگی یەكەمی جیهانی كارا بكرێتەوە. ئەمە بۆ كورد لە قۆناغەكانی پێشووتر زۆر ترسناكترە، لەبەرئەوەی دۆخی ئەمڕۆی كورد زۆر جیاوازەو لە دۆڕاندنێ:ی گەورەدا دەژیت. بەناو سەركردەكانی كورد لە ماوەی 35 ساڵی رابردوودا، خۆیان خاكی كوردستانیان تەعریب كرد و ئیرادەی تاكی كوردیان وا تێكشكاند، كە بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی كەوتنی هەرێم دەكات، ئەگەر دەرفەتێكی بۆ بڕەخسێت، وەك پەرچەكردارێك، بەدەستی خۆی هەرێمەكەی خۆی لە رەگەوە دەردەهێنێت و تەفروتونای دەكات!
ئەو گۆڕانكارییە هەرێمییانە لە كاتێكدایە كە كورد لە ناوخۆ دووچاری شكستێكی گەورە بووە و لە دەرەوەش لاتەریك كراوە. هێز و حیزبە كوردییەكان هیچ پڕۆژەیەكیان پێ نییە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو دۆخە ببنەوە، ئەمە خاڵی كۆتایی ئەو قۆناغەیە و مانەوەی دۆخەكە بەم شێوەیە لە ئان و ساتدایە! ئەوەی لەسەر رۆشنبیران و دڵسۆزانی ئەم میللەتە پێویستە، كە بەداخەوە بەشی هەرە زۆریان تێكەڵی ئەو شكستەی كورد بوون و لە پەنای تێركردنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان نە لە ئەركی قۆناغەكەی خۆیان تێگەیشتن، نە توانیان رۆڵێكی ئەرێنی ببینن، جگە لە زوڕنایەك بۆ دەسەڵاتدارە وڵاتفرۆشەكان هیچی تریان بەرهەم نەهێنا؛ بۆیە ئەو كەمینەیەی ماوە، دەبێت ئەركی قۆناغی نوێ هەڵبگرێت و جارێكی تر رێگە نەدات كورد لە تای هاوسەنگییەكدا بەكار بهێنرێت كە سەرئەنجامەكەی ماڵوێرانی و شكست بێت، وەك ئەوەی لە سەد ساڵی رابردوودا بینیمان. نابێت خەڵكی كوردستانیش لەو خائین و خۆفرۆشانە خۆش بێت كە كوردستانیان بەم ڕۆژە گەیاند و بە لایەنی كەمەوە جلی نیشتمانپەروەرییان لێ داماڵێت، بۆ ئەوەی لەسەر شێوەی راستەقینەی خۆیان وەك خائین و وڵاتفرۆشێك بەدیار بكەون!.ئەوان بەشی هەرە زۆری ئەو دۆخەیان دەكەوێتە ئەستۆ، هۆكاری سەرەكی ئەمەش راستییەكی تاڵە و جێگەی داخە لێرەدا دەبێت راشكاوانە ئاماژەی پێ بكەین، ئەویش ئەوەیە كە ئەوانیش بەشێك بوون لەو گەمە نێودەوڵەتییەی دژی كورد ئەنجام درا و بوونە داردەستی ئەوانەی كاریان بۆ وێرانكردنی ماڵی كورد دەكرد!
د. کامەران مەنتک
بهروار: 29/07/2026
246 جار خوێندراوهتهوه
|