ئاشبەتاڵێكی شەرمنانە...!

ئایا پەرلەمان دەتوانیت كۆبێتەوە؟ ئایا حكومەت پێكدەهێنرێت؟ ئایا ئەگەری هەڵبژاردنەوە هەیە؟ بۆچی میدیاكان بانگەشە بۆ دوو ئیدارەیی دەكەن و كەس بوێری ئەوەی نییە راستییەكان بدركێنێت؟

1-هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، كە ئەوەی لە پشت پەردەكانەوە دەگوزەرێت، زۆر جیاوازە لەوەی میدیاكان باسی دەكەن و مێشكی خەلكیان پێ خەریك كردووە. دەربارەی ئەوەی پەرلەمان دەتوانیت كۆببێتەوە، لەرووی یاساییەوە ئەو پەرلەمانە بەكۆتا هاتووەو هیچ شەرعیەتێكی یاسایی نەماوە، بە هەموو پێوەرەكان ئەو ماوەیەی بۆ دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی حكومەت پیویستە تەواو بووەو تەنانەت ئەو عورفەشی تێپەڕاندووە، كە لە ئێراق پیادە كراوە، لە ساڵی 2010 پێكهێنانی حكومەت نزیكەی شەش مانگی خایاند، تاوەكو لە هەولێر، كە ئەو كاتە خۆی بە سەنتەری هێز دەزانی، لایەنەكان كۆكرانەوەو حكومەتی مالیكی پیكهێنرا، دوای ئەوە درێژترین ماوە بۆ پیكهینانی حكومەتی ئێراق ساڵی 2021 بوو، كاتێك نزیكەی 382 رۆژ، واتە ساڵیك زیاتری خایاند، تاوەكو توانرا حكومەتەكەی سودانی پێكبهێنرێت. بەڵام تەمەنی پەرلەمانی هەرێم لە دوو سال نزیك دەبیتەوە، تاوەكو ئێستا نەتوانراوە سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بۆیە ئەگەر لە رابردوودا یەكیتی و پارتی بە ئارەزووی خۆیان و هەركاتێك بیانویستبوا، پەرلەمانیان كۆدەكردەوە و دەرگای پەرلەمانیان دادەخست، ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، راستە ئێستا دمگۆی ئەوە هەیە، كە ناتوانن لەسەر كۆبوونەوەی پەرلەمان رێكبكەون، بەڵام دۆخەكە لەمە گەورە ترە، خۆشیان دەزانن پەرلەمان تازە بەكۆتا هات و ئەگەر بشیانەوێت، لەرووی یاساییەوە ئەو دەسەڵاتەیان نەماوە جارێكی تر پەرلەمان كۆبكەنەوەو حكومەت پێبكهێنن، ئەو گەڕەلاوژە و هاشوهووشەی لە میدیاكاندا دەیكەن، تەنیا بە مەبەستی فریودانی رای گشتییە.

2- كاتێك نەتوانن پەرلەمان كۆبكەنەوە، چۆن دەتوانن حكومەت پێبكبهێنن، حكومەت ئێراق گەیشتۆتە دۆخێك وەكو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ شارەكانی هەرێم دەكات، رەنگ بیت باشترین نمونەش ئەو ریكەوتنەی ئەم دواییەی نێوان هەرێم و بەغدا بێت، بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆڕی نەوتی جیهان، كاتێك لەسەر داوای ئەمریكییەكان ، بە تایبەتیش لەژیر هەڕەشەی تۆم باراركی نێردەی ئەمریكا، پاریزگاری هەولێر بە ناچاری ریكەوتننامەكەی ئیمزا كردو حكومەتی هەرێم لە هاوكێشەكە كرایە دەرەوە!.

3- لەكاتێكدا ئەوان باسی كۆبوونەوەی پەرلەمان و پێكهینانی حكومەت دەكەن، لەژێرەوە وردە وردە ماڵی خۆیان لە یەكتر جیا دەكەنەوەو هەریم هەڵدەوەشێننەوە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی پاریزگاكان، هەمووی ستۆك پێكران و هەلوەشێنراوە، ئێستا خەریكن دادگاكانیش لە یەكتر جیا دەكەنەوە و بنەمایەك بۆ ئەوە دادەنێن هەر شارەی دادگای تایبەتی خۆی هەبیت، دادگای تەمیزەكەش، دەدەنەوە دەست بەغدا.

4- بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە ئەگەر لەگەڵ یەكتر نەتوانن بگەنە رێككەوتن، داوای سەرلەنوێ هەڵبژاردن دەكەنەوە! ئەمە مەهزەلەیەكی گەورەیە، لەبەرئەوەی دەسەڵاتی هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان ئێستا لەدەست كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی ئێراقە، ئەو سەردەمە بەسەر چوو كەی بیانەوێت، كۆمسیۆنی هەریم هەڵبژاردن ئەنجام بدات و پارەی میللەت بە هەدەر بدات، ئایا بەغدا ئامادەیە، لەكاتێكدا هەریم لە ئاویلكەدایە، سەرلەنوێ گیانی بكاتەوە بەروو زیندووی بكاتەوە؟ تەنیا بیركردنەوە لەمە گەمژەییەكی گەورەیە، ئەوەی چاوی بە دیدارەكەی نێوان سەرۆك وەزیرانی ئێراق، عەلی زەیدی و سەرۆكی ئەمریكا كەوتبێت، بە جوانی بۆی دەردەكەوێت، كە هەریم چاوەڕیی چی دەكات، هەرچەندە رۆژنامەنووسە كوردەكان هەوڵیاندا، ترامپ ئامادە نەبوو بە تاكە وشەیەكیش باسی هەریم بكات و بەردەوام پێی لەسەر ئێراقێكی بەهێز دادەگرت، زەیدیش بە قەڵسییەوە نەیدەویست گوێ بۆ ئەم جۆرە پرسیارانە رادێرێت!

5- كەواتە ئەوەی روودەدا، ئاشبەتاڵیكی شەرمنانەیەو ئەو دوو بنەماڵەیەی هەریمییان بەم رۆژە گەیاند، بە شێنەیی هەریم هەڵدەوەشێینەوە و بە هەموو شتێك رازی دەبن تەنیا بۆئەوەی خۆیان بمێننەوە، ئێستا قسەی وا دەكرێت، كە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، هەموو ئەو پارەو سامانەی لە ماوەی 35 ساڵی رابردوودا بەیەكەوەیان كۆكردۆتەوە ،بیدەنەوە دەست ئێراق، تەنیا وازیان لێبینن و لەرووی یاساییەوە راوەدوویان نەنێن، بەڵام ئەو قۆناغە تێپەڕی و چەسپاندنی یاسا لە ئێراق، لەسەر پشتی ئەوان دەبێت، ئەو هەلمەتەی بە ناوی گەندەڵییەوە لە ئیراق راگەیاندراوە، مەبەستی سەرەكی تیایدا ئەو بەناو سەركردانەی هەرێمە، كە هەموو شتێكیان بە پارەو دۆلار گۆڕییەوە ئێستا مەمنوونن ئێراق پارەكەیان لیوەربگریتەوە و ناویان نەهێنێت، بەڵام ئێراق تەنیا بە پارەكە وازناهێنێت و تینووی سەری ئەوانە، بەداخەوە لەدوای سی و پێنج ساڵ ناشیرینترین ئەزموونیان پێشكەش كرد، پەیتا پەیتاش هەوڵدەدەن هۆی ئەم دۆخە بگەڕیننەوە بۆ بەغداو واشنتۆن و تاران و ... هتد، سەرباری هەموو ئەو شكستانە، هێشتا ئامادەنین دان بەهەڵە و خیانەتەكانی خۆیان بنێن!
د. کامەران مەنتک
به‌روار:  15/07/2026
41   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   236
کۆی سه‌ردان:   31576059