|
چیرۆکی مارەبەجاشی عەبە شەکەنە
ئەم چیرۆکە بەڕاستی ڕوویداوە.
"عەبە شەکەنە" کە پیاوێکی کاڵفام بوو لەگەڵ "ئامە"ی دایکی کە بێوەژن بوو ، لە ژوورێکی خانویەکی گەورەی پڕ کرێچێتی لە گەڕەکی سابونکەران دەژیان.
عەبە زۆر جاران دەکرا بە جاشی" مارە بەجاش" و ژنەکەیان بۆ دەبرد بۆ ماڵەکەیان و مەلایەک لێی مارە دەکرد ،و پاش جووتبوون ، پێیان تەڵاق دەدا.
جارێک ژنێکی گەنجی جوانی بۆ دەهێنن لەدەرەوەی شار و دەیکەین بە جاشی ژنە.
ژنە مێرد و یەک دوو پیاوی خزمی مێردەی لەگەڵدایە.
دەیانکەنە ژووروە و پاشان دەڵێن:
عەبە تەڵاقی بدە، و عەبە تەڵاقی نادات، سێ چوار ڕۆژ ژنە دەهێڵێتەوە و ، پیاوەکانیش بەدار لێی دەدەن و دەڵێن :
بڵێ سێ بە سێ تەڵاقم کەوتبێ.
عەبە نایڵێت و نایڵێت، ئەوانیش لێی دەدەن.
دایکی عەبە دەست دەکات بەگریان و دەڵێ:
کوڕەکەمتان کوشت.
ناچار عەبە دەبەنە دەرەوەی شار ، و دەموچاوی دەبەستنەوە و یەک دوو فیشەکی دەمانچە دەتەقێنن بەسەریدا ، و دەڵێن دەتکوژین، گەر نەڵێیت سێ بە سێ تەڵاقم کەوتبێ.
عەبەش دەترسێ و دەست دەکات بەگریان و دەڵێ: سێ بەسێ تەڵاقم کەوتبێ.
پیاوەکان بە هۆڕن لێدان و خۆشی دەگەڕێنەوە بەر ماڵی عەبە شەکەنە، و مەلا چاوەڕوانە.
پیاوەکان قورعان دەخۆن کە عەبە سێ بە سێ تەڵاقی داوە، و لە خۆشیدا تەقە دەکەن بە ئاسمانا لە خۆشی تەڵاقدانەکە.
مێرد و پیاوەکان ژنەکە دەبەنەوە بۆ گوندەکەی خۆیان.
کوڕ و کاڵی سابونکەران زۆر جار لێیان دەپرسی:
عەبە خۆشە کە دەتکەن بە جاشی ژنان.
ئەویش هەموو جارێ دەیووت:
لە قەیس و برنجی جەژن خۆشە.
بهروار: 12/07/2026
23 جار خوێندراوهتهوه
|