مانا چیە لە پۆشتنی جوانیەکان
تەرازێی، لە مەولودێك لە تەك یەکدی دانیشتبوین. زۆرینە تەسبیح ، گۆ و مرواری لەدەست. هەموو بێدەنگ قیت و قنج بەڵام چاویان وەك ڕادار لەسەر یەکتر. 

هێندەم زانی بە شێنەیی ئاوڕێکی بۆ دامەوە. زرنگەی لیرە و کرمەكی بەرەو ڕووخساری ڕووی وەرگێڕام.  تیژ چاوەکانی چەقاندە قوڵایی چاوم. بۆنی ڕۆژوو پێش دەنگی گەیشتە هەناوم. وتی من ئەو کەسەم کە خەریکە خۆشم دەوێیت و شانازیشت پێوە دەکەم. دەبینم وردە وردە ئاغر و سەنگین دەبیت. دەست لە هەڵەشەیی و داوا نابەجێکانت سوك دەکەیت. هەڵبەتە ئەمەش هەوەس و کاڵفامیەك بوو، هەرزەکاریت لەگەڵ خۆی بردی. ئەوەی تا ئێستا بۆت لوابوو، وەك دەفری گەنجی، تەمەن لێسایەوە و تەواو بوو. دەبێت بە پێی بەڕەی خۆت پێ ڕاکێشی و بزانیت کە ئێستا تەمەنی تۆ بۆ گوڵونکە، زەرەق و بەرەق و تیف تیفە نابێت. دەبێت تۆ ئەو بەرە زیاد گەیوە بیت، کە چی دی دەمیان ئاوی بۆ نەکات. جا پیرۆزە، هەنووکە تۆ دەتوانیت کت و مت وەك ئێمە و لە ئێمەبیت. بە هێمنیەکی ساردەوە ڕووی کردەوە تەپڵ و دەفەکە و دەستی کردوە بە تەسبیحات کردن. 

منیش وەك وابێت یەك پەقرەج بەفراو لە پێستی سەرمەوە ڕێچکە بکاتە پشتی مل، بەرەو بڕبڕە و چاڵایی پشت و هەتا نوکی پێم. حاڵێکی سەیر گرتیمی. هەردوو ئەژنۆ و دەستەکانم پێکەوە داهێزران. توند پێیە ڕووتەکانم چەقاندە چیمەنە تازە ئاوەڕشێنراوەکە. وێنەی کڵۆڵی و سەرکزی باجی خونچە و ژنانی گەڕەكم هاتە پێش چاو. نزولەیان خەریك بوو لەو پەڕی شارەوە لە ورشەی قژی بێ نازی منەوە بئاڵێت. بەپەلە چاوێکم بە چواردەورم خشاند، ئارەزووم کرد بزانم کێی دی لەوانە گوێیان لەم قسانە بوو. هەستم دەکرد ڕووخسارم تا دێت و زیاتر دادەچۆڕێت. چاوەکانم داقلیشاونەتە سەر بەرۆك و سینگی قوڵپن، بەرز و پڕ سمڵ و مێخەکم. 

بە سەرسوڕمانێکی تێر لە سەرزەنشت گوێم لە دەنگی خۆم بوو، وتم هەر بەڕاستی ئەمە چ کارەساتێکە و من کوێرانە لەگەڵی بەڕێوەم بۆ تێکەڵ بوونی؟. خەریکە بەرگێك دەپۆشم گەرچی بۆ ئەم و بۆ ئەوان پێناسەی ڕەسەنی، خانەدانی و بێگەردیە، بەڵام قەرزکراو، بۆ ماوەیی و بە هیچ جۆرێك بەرگی من نیە. بەرگێك هەر پارچەیەکی لە زارێکەوە وەرگیراوە، پەسەندکراوە و بە داوی نەریتێکەوە پینەوپەڕۆ کراوە. بەرگێك بە ناوی سەلیقە، لە ئاوێك پڕ لە ئیرەیی، بێدەنگی و بوغزقوتدانەوە هەڵکێشراوە. بەرگێك لە سەری مندا پڕ لە گومان، تابڵێ تەسك و تروسك، گرژ و زبر و بۆن گڕنی. 

وتم کوان ئەو مرۆڤانەی وەك دایکم سەریان پارچەیەك لە خۆر و پەنجەکانیان هەریەك لە ڕەنگی سروشتە؟. ئەی ناڵێن ڕووخساریش ڕەنگدانەوەی ناخی مرۆڤە؟ ئەدی هەر نیەت نیە کە چاك لە خراپ و پاك لە پیس جودا دەکاتەوە؟ مەبەست چیە کە تۆ دەبێت ئاغر، تۆخ و باشتر وایە بڵێم ڕەش پۆش بیت؟ داخۆ نەوەکانمان چ ئومێدێك، گەشبینی و هیوایەك بچننەوە لە ناخێکی ناتەبا، پارچەبڵاو، تاریك و سزاخواز. کەسێك کە سەرتاپا و هەموو هەوڵێکی توانەوە و بەیەك ڕەنگ و جۆربوونە لەگەڵ ئەوانی دی. 

مانا چیە لە پۆشتنی جوانیەکان لە کاتێکدا سروشت بەو هەموو گەرمی، عەشق و پەرۆشی، چاونەترسی و وەك لەش و لارێکی بێوێنە داتاشراو و داڕێژراوە؟ کێن ئەوانەی حەزیان لە مرۆڤی شەرمن، سەرکز، ڕەشبین، ڕەشپۆش و ڕەش داگیرساوە؟ بۆ کێ و لەبەرچی؟ مەگەر مام عەباسی دراوسێمان، هەتا مرد، هەر بۆڵەی لە دەست ژنێکی وشك و دڵ مردوو بوو. 

هیبە فەیسەڵ
کۆپنهاگن
به‌روار:  27/05/2026
66   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   96
کۆی سه‌ردان:   31413001