منیش دڵخۆشم

کاک عەلی مەلا عارف ئەمڕۆ یەکێک بوو لە شایەتحاڵە گرنگەکانی دۆسێی دادگایی کردنی عەجاج، و تاقە سکاڵاکار و شایەتحاڵی هەڵەبجەییەکان بوو لە ڕێگای گەڕانەوەیدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەدڵخۆشییەوە وتی: هەمووشتێک بەدڵی تۆ بوو، دڵی هەموومان ئاسودەییەکی بۆگەڕایەوەو لەبەردەم دادگاو دادوەردا قسەی دڵی خۆمانمان کرد.

حاجی عەلی وتی: ئەو عەجاجەی لە نوگرەسەلمان ترسناک و بەزبرو جەبر بوو، ئەمرۆ لەقەفەسی دادگادا زەلیل و گچکەو ریسوا بینیمان .

حاجی عەلی کاتێک لەنوگرەسەلمان دەستبەسەربوو مێردمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵ بوو، کاتێک ئەنوەری برای گیانی سپارد ئەو لەپشتی قەڵای نوگرەسەلمان بەدەستی خۆی تەرمەکەی شاردەوە، بەڵام بەداخەوە ساڵی 2023 هەرچەندی کۆشا نەیتوانی بیدۆزێتەوە. 

  سوپاس بۆ لایەن پەیوەندیدارەکانی شاری هەڵەبجە "بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجەو بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە" و چەند کەسایەتییەکی شارو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کە لەدەروازەی شار پێشوازیان لێکردو چەپکە گوڵیان پێشکەش کردو هێندەی تر دڵخۆشیان کرد. 

ماوەتەوە بڵێم کاتێک قوربانی هەست بە دادپەروەری و سەندنەوەی ماف دەکات دڵخۆشەو هەنگاوی زیاتر بۆ شکۆمەندی دەنێت .. بۆیە منیش دڵخۆشم بەدڵخۆشی کەسوکاری ئەنفالکراوان .

هۆمەر محەمەد
به‌روار:  08/05/2026
41   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   102
کۆی سه‌ردان:   31360517