|
چیرۆکی پاشا و کوپەی ئاو
دەگێڕنەوە،جارێکیان پاشایەک دەیویست بزانێت دانیشتوانی شانشینەکەی چۆن ژیان بەسەر دەبەن.
بە گوندێکدا تێپەر دەبوو،سەیری کرد،خەڵکی ئەو گوندە ئاو لەو ڕووبارە دەخۆنەوە کە لە نزیک گوندەکەیانەوە تێپەڕ دەبێت،بۆیە پاشا فەرمانی دەرکرد بۆ ئەوەی کوپەیەکی گەورە لە نزیک ڕووبارەکە دابندرێت و خەڵکی ئاوی لێ بخۆنەوە.
سەرۆک وەزیران فەرمانی دەرکرد بۆ کڕینی کوپەیەکی گەورە،کاتێک کوپەکەیان کڕی و دایاننا.
یەکێک لە دەست و پەیوەندی پاشا گوتی:
ئەم کوپەیە ماڵی حکومەتە،بۆیە پێویستە پۆلیسێکی بۆ دابنێن بۆ ئەوەی بیپارێزێت،هەروەها کرێکارێکی بۆ دابمەزرێت تاوەکو کوپەکە پڕ ئاو بکاتەوە.
یەکێکی تر گوتی: ناکرێت کرێکارێک و پۆلیسێک شەو وڕۆژ کار بکەن،بۆیە دەبێت سێ پۆلیس و سێ کرێکاری بۆ دابمەزرێت تاوەکو بە سێ وەجبە کار بکەن!
کەسێکی تر گوتی:پێویستە دەستەیەکی ئابوری دابمەزرێت بۆ ئەوەی موچەی ئەو موچەخۆرانە دابین بکات، ژمێریارێک و بەڕێوەبەرێکیان هەبێت.
یەکێکی تر گوتی:کێ دەڵێ ئەو پۆلیس و کرێکارانە بە ڕێکی،ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن،بۆیە پێویستە بەڕێوبەرایەتیەکی کارکردن دابمەزرێت و تۆمارێک دابنرێت،بۆ ئەوەی ئیمزای ئامادە بوون و دەرچونی تێدا تۆمار بکرێت.
یەکێکی تر گوتی:پێویستە یەکەیەکی یاسایی لەو شوێنە دابمەزرێت تاوەکو لە کاتی هەبوونی کێشەدا چارەسەری یاسایی بۆ دیاری بکرێت.
گوتیان پێویستە فەرمانبەرێکی پله باڵا لە شوێنە دابنیشێت بۆ ئەوەی بەرپرسیارەتی ئەو فەرمانگەیەی پێ بسپێردرێت.
دوای ساڵێک پاشا ڕێی بەو گوندە کەوتەوە،سەیری کرد،باڵەخانەیەکی گەورە دروست کراوە،بە ناونیشانێکی گەورە نوسراوە " بەڕێوبەرایەتی کار وباری کوپە" !
چووە ناو باڵەخانەکە،سەیری کرد،لە چەندین ژوور وبەش پێکهاتووە،چەندین هۆڵ و لقی تێدایە،لە ژورێکی گەورە پیاوێکی سەر سپی و بەڕێز دانیشتووە،لە پێشی نوسراوە دکتۆری شارەزای نێو دەوڵەتی بۆ کاروباری کوپە.
پاشا پرسی:ئەم فەرمانگەیە چیە،تا ئێستا شتی وام نەبیستووە؟!
گوتیان:جەنابی پاشا ئەم فەرمانگەیە لەسەر ڕاسپاردەی جەنابت دامەزراوە، ساڵی پار فەرمانت کرد،کوپەیەک بۆ خەڵکی ئەم گوندە دابندرێت!
پاشا چوو سەیری کوپەکەی کرد،بینی کوپەکە شکاوە و ئاوی تێدانیە بەڵکو مشکێکی تۆپیوی تێدایە،لە تەنیشتی پاسەوانێک و کرێکارێک خەویان لێکەوتووە و بە نوسینێکی گەورە نوسراوە"تکایە پارە کۆبکەنەوە بۆ چاکردنەوەی ئەم کوپە شکاوە"!
لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزی دەستەی گشتی کاروباری کوپە و ئاو.
بەداخەوە ئەمە حاڵی چەندین وڵاتە.
وەرگیڕاوە
بهروار: 08/05/2026
43 جار خوێندراوهتهوه
|