|
دەستم دامێنتان.. حەجاج مەکوژن!
بڕیارە، ئەمڕۆ تۆمەتبارەکەی نوگرەسەلمان، دادگایی بکرێت.
بەڵگەو شاهێد و دانپێدانراوەکانی خۆشی، بایی ئەوەن دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەربکات.
بەڵام، کوشتنی حەجاج، کوشتنی دۆسییەی جینۆسایدی گەلی کوردە، داپۆشینی گەورەیی و دڕندەیی تاوانەکەیە، بەستنەوەو داخستنی گەنجینەی بەڵگەکانی ئەو دۆسییە گەورەیەیە بەگوریسی ئیعدامکردنەکەی حەجاج.
تائێستە، گەرمیان و کوێستان بۆنی سوتماکی دەستی بەعس و بیری شۆڤێنی عروبەی لێ دێت.
هێشتا، بەرگی خوێناویی و ئێسکی هاڕدراوو مەکمژەی ساواکان و مێخەکی باخەڵی کچانمان ، لەناو لم وخۆڵی بیابانەکانی عیراقدا پەرشن.
لێ گەڕێن،
باحەجاج بژێ، تا تەواوی دۆسییەی تاوانباران و تاوانەکانی ئەنفال، بەردەست ئەبێت..
لێگەڕێن، بائەوپرۆسەیە دۆکۆمێنت بکرێت لەدادگاکان، بابەیاسایی بکرێت، بە دەوڵەتی بکرێت لەعیراق، لێگەڕێن با ئەو جینۆسایدە بە نێودەوڵەتی بکرێت، هەتا ئەگاتە نەتەوەیەکگرتووەکان.
گەورەیی ئەنفال، مافی بە دەوڵەتبوونی گەلێکە، مافی ئازادبوونی گەلێکە، مایەیەی بەعیبرەتکردنی نەتەوە سەردەستەکانی ئەم گەل و کوردستانە دابەشکراوە یە..
لێگەڕێن،
حەجاج بژێ، بانەیکەن بە سەدام حوسەین، کە پەتی سێدارە هەموو دۆسێیەو بەڵگەو و وردەکاریی و سەرداوەکانی ،لەگەڵدا بۆ هەتایە، ئیعدام کرد!
وەک ئەوەی لە دۆسێی کیمیاباران و هەڵەبجەدا کردیان، بەیەکجار عیراق و ئێران و ئوممەتی عەرەبیان لێ بێتاوان دەربازکرد.
ئامانج نوری
بهروار: 07/05/2026
108 جار خوێندراوهتهوه
|