|
دەسەڵات وەکو قەرزاری وایە ئەبێت رۆژێک بیدەیتەوە
دەسەڵات وەکو قەرزاری وایە ئەبێت رۆژێک بیدەیتەوە،حەق و حسابی هەموویت لەگەڵ دەکەن ، هی ناپیاویت هی بێئەخلاقی و بێویژدانییەکانت ، هی دڕندەیی و نەشئەگرتن و سەرمەست بوونەکانت ، لەسەر کورسیەک دادەنیشیت و وا دەزانی ئەوانی تر مێروولەن لە ژێرپێتدا ،
نوکتەی بێتام دەگێریتەوە تەواوی ژوورەکە پێئەکەنن لەگەڵتدا ، دەست ئەبەیت بۆ پەرداخێک ئاو سەد ماستاوچی ئەڵێن (نۆش) عافییەت ، ئیتر وردە وردە نەشئەی خوماری و بیرۆکەی خودابوون دەکەوێتە سەرت ، مادام کەس نییە بموەستێنێت ؟ مادام هەرچی دەڵێم هەر ئەوەیە ، بۆ هەمووان رسوا و کۆمەڵکوژ نەکەم ؟
..............
لە ڕاستیدا دەسەڵات وەک ئاگر وایە لە شەوێکی سارد و شەختەدا خۆشە، گەرمت دەکاتەوە هەرچی سڕبوون و تەزین و لاوازیت هەیە گەرمی دەکاتەوە بەڵام کە زیاتر نزیکی دەبیتەوە و دەچیتە ناوی رسوا و سوکوسەلیمی رۆژگار و بەردەم خودا و خەڵک و مێژووت دەکات
لەوپەڕی هێزدا، مرۆڤ لەبیری دەچێت کە لە ئاو و خۆڵ دروست بووە، پێڵاوەکەت کە لەسەر زەوی دادەنێیت، وا دەزانیت زەوی لە ژێر پێتدا دەلەرزێت، ئەو کەسانەی لە دەوروبەرت ڕاوەستاون وەکو مرۆڤ نایانبینیت ، ئەوان دەبینیت وەک سێبەر، وەک ژمارە، وەک ئامرازێک بۆ گەورەکردنی پەیکەرەکەی خۆت.
فیرعەون دەیگوت (أنا ربكم الأعلى) من خودای هەرە بەرزی ئێوەم.
هەموو دیکتاتۆرێک ئەم قسەی کردووە، بەبێ ئەوەی بە دەم بیڵێت، کردەوەکانی دەیڵێن.
کاتێکیش دەسەڵاتدار دەگاتە ساتی کەوتن و تەواوکردنی سورری ستەمەکەی ، هەموو دەموچاوەکان دێنەوە پێش چاوی ئەو منداڵەی باوکی کوشت، ئەو ژنەی ماڵەکەیت سوتاند، ئەو پیرەمێردەی سوکایەتیت پێکرد ، ئەو نزیکانەی کە ستەمی لێدەکردن ، هەموویان دەبنە دادوەر بەسەریەوە.
ئەو دەستەی ئیمزای لەسێدارەدانی لەسەر بوو، ئێستا دەلەرزێت و ناتوانێت پەرداخێک ئاو بەرز بکاتەوە.
ئەو چاوەی خەڵکی دەترساند، ئێستا خۆی لە ترساندا نقوم بووە.
یاسای دەسەڵات، هەمیشە بازنەییە
مێژوو پێمان دەڵێت: هیچ لووتکەیەک نییە هەڵدێری لەدواوە نەبێت.
سەدام لە کونی ژێرزەمینێک دۆزرایەوە،
قەزافی لە بۆری ئاوەڕۆدا گیرا، ئەوەی ٤٢ ساڵ حوکمڕانی کرد.
چاوشێسکۆ لەبەردەم دیوارێکدا گوللەباران کرا، ئەوەی دەیوت (ڕۆمانیا منم)
دەسەڵاتی ڕەها، گەندەڵی ڕەها دروست دەکات. دەسەڵاتی ڕەها بێئەخلاقی ڕەها دروست دەکات ، گەندەڵی ڕەها، دوژمنی ڕەها دروست دەکات. وە دوژمنی ڕەها، ڕۆژێک دێت و لە دەرگات دەدات.
..............
ئەوەی ناو وێنەکە وێنەی (عەجاج)ی تاوانبارە ، کە پێمان دەڵێت :-
لای ڕاست(من هەموو شتێکم)
لای چەپ(من هیچ نیم)
لە نێوان ئەم دوو ڕستەیەدا تەواوی فەلسەفەی مێژوو، تەواوی تراژیدیای مرۆڤ هەیە. مەودای نێوانیان تەنها چەند ساڵێکە. بەڵام مەودای نێوان دوو جیهانە.
کۆتا وانە بۆ هەموو خاوەن دەسەڵاتێک:-
ئەگەر ئەمڕۆ لە لووتکەیت، سەیری ئەم وێنەیە بکە.
چونکە سبەینێ لەوانەیە تۆ بیت لە لای چەپی وێنەکەدا.
تاکە ڕێگا بۆ مانەوە لە نێوان ئەم دوو کۆتاییەدا ئەوەیە، لە کاتی هێزدا، وەک لاوازێک ڕەفتار بکە. لەبەر ئەوەی لەبیریت نەچێت کە ڕۆژێک لاواز دەبیت.
دەسەڵات ئەمانەتە، نەک موڵک.
وە ئەمانەت ڕۆژێک دەبێت بیگەڕێنیتەوە ، ژیان گرێبەستی هەتاهەتایی لەگەڵ کەس نییە ، دەسەڵاتدار و ستەمکاری ئەمڕۆ ، رسوا و سەرشۆڕی سبەینێیە ، ئەم سبەینێیە رەنگە دوربێت بەڵام هەردێت.
(ئێمە واهاتبووین نەڕۆین)
..............
دەبوو لەناو قاعەیەکی نوگرەسەلمان دادگایی بکرایە ، بەس ئەڵێی چی .....!!!
هێمن عەبدولقادر
بهروار: 07/05/2026
53 جار خوێندراوهتهوه
|