|
مەلیک غازی پارەی کڕینی ئوتومبێلێکی نەبوو
هاوین بوو لە شاری بەغدا "من و مەلیک غازی" لەناو ئوتومبێل بووین ، مەلیک غازی خۆی شوفێری دەکرد هیچ پاسەوانێکمان لەگەڵدا نەبوو ، من لە تەنیشتی دانیشتبووم چووین بۆ "ئۆرزدی " واتە سوق مەرکزی لە شەقامی ڕەشید .
لەوێدا لەناو جامخانە ئوتومبێلێکی ڕەنگ سوری جوان و سپۆرتی بێ سەقفی گەنجانە نمایشکرابوو .
مەلیک گوتی :
کاکە فوئاد بڕۆ لە خاوەنی ئەم ئوتومبێلە بپرسە بزانە نرخی چەندە . منیش هاتمە خوارەوە و مەلیکیش لەناو ئوتومبێلەکە بە تەنها مایەوە ، منیش خۆم بە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە ناساند ، گوتی :
ئوستاز دەتناسم ئەی ئەوە بۆچی جەنابی مەلیک نایەتە خوارەوە شتێک بخوات ؟
منیش گوتم:
جەنابی مەلیک دەیەوێ بزانێت نرخی ئەم ئوتومبێلە چەندە ؟
گوتی: نرخەکەی 1550 بەڵام بۆ مەلیک 10 تا 20 دینار هەرزانترە .
منیش گەڕامەوە ناو ئوتومبێلەکە و باسەکەم بۆ مەلیک گێڕایەوە ، کەمێک بێدەنگ بوو، پاشان گوتی: کاکە فوئاد تۆ چەندت پارە هەیە ؟
منیش گوتم :گەورەم لە 150 دینار زیاترم نیە ئەویش مووچەی چەند ساڵێکە کۆم کردۆتەوە ، مەلیکیش گوتی: سەیرە مووچەکەت لەچی سەرف دەکەی لەکاتێکدا تۆ لە کۆشکی من دەخۆی و دەخەوی ؟
منیش گوتم :گەورەم ژوورێکم گرتووە لە هۆتێل ڕۆژانی پێنج شەممە و هەینی میوانەکانم دێن بۆ ئەوێ و لەوێ دەمێنینەوە .
کە گەڕاینەوە بۆ کۆشک ، دایک و پورەکانی مەلیک بری 350 دیناریان بۆ مەلیک کۆکردەوە ، منیش 150 دینارەکەم خستە سەر ، پارەکە بووە 500 دینار بەڵام هێشتا پێویستیمان بە 1050 دینارە .
مەلیک هەر بیری دەکردەوە چۆن ئەو بڕە پارەیەی کە ماوە کۆی بکاتەوە بۆ کڕینی ئوتومبێلەکە ، منیش گوتم جەنابی مەلیک بۆ داوا لە وەزیری دارایی ناکەی پارەت بۆ سەرف بکات ؟
ئەویش گوتی تەلەفۆن بۆ وەزیری دارایی بکە و پێی بڵێ ئێوارە بێتە کۆشک بۆ لام ، لەکاتی ئێوارە لەسەر نان خواردن مەلیک سەیری منی کرد زانیم مەبەستی ئەوەیە کە مەسەلەکە باس بکەم بۆ وەزیری دارایی .
منیش گوتم : بەڕێز وەزیری دارایی
جەنابی مەلیک بۆ کارێک بانگی کردووی ، وەزیریش گوتی: منیش لە خزمەتی گەورەم مەلیک دام ، دواتر مەسەلەکەم لە سەرەتا تا کۆتایی بۆ گێڕایەوە ، وەزیر بێدەنگی دایگرت پاشان گووتی : بەپێی چ یاسایەک ئەم بڕە پارەیە بۆ مەلیک سەرف بکەم ؟
یاسا ڕێگا نادات کە گەورەمان دوو ئوتومبێلی هەبێت دانەیەکی ڕەسمی و دانەیەکی تایبەتی ، بەڵام ئەگەر گەورەمان دەیەوێت لە یاسا دەربچێت ئەوا هەموو خەزێنەی وڵات لەژێر دەستی خۆی دایە ، بەڵام گەورەمان ئێمەی فێرە پابەندبوون بە یاسا کردووە وە ئەوە باوکی یاسایە .
وتەکانی وەزیری دارایی وەک بۆمب بوو بێدەنگی هەموانی داگرت ، پاشان مەلیک هاتە قسە
خودا شاهیدە بۆ ماوەی پێنج دەقیقە بەس داوای لێبووردنی لە وەزیری دارایی کرد .
پاشان زۆر خۆی لە من تووڕە کرد و گوتی: هەموو خەتای تۆ بوو کاکە فوئاد ، وەزیری دارایی لەسەر حەق بوو .
دواتر دوای دوو هەفتە من و مەلیک کەسێکمان بینی کە ئەو ئوتومبێلەی لێدەخوڕی کە مەلیک حەزی لێی بوو ، کەسەکە یەکێک بوو لە دەوڵەمەندەکانی شاری سلێمانی ناوی " عەبدوڵا لوتفی" بوو.
مەلیک گوتی: بڕۆ خوارەوە پرسیاری لێبکە بزانە بە چەند ئوتومبێلەکەی کڕیوە .
منیش لێم پرسی گوتی: بە 1550 دینار کڕیومە ، کاتێک زانی لەبەر چی پرسیارم کرد سوور بوو لەسەر ئەوەی کە ئوتومبێلەکە بە دیاری بدات بە مەلیک ، بەڵام مەلیک ڕەتی کردەوە وەری بگرێت لێی .
"یاداشتەکانی فوئاد عارف"
مەلیک غازی باوکی مەلیک فەیسەڵی دووەمی مەلیکی ئێراقە.
لیوا فوئاد عارف سیاسیەکی ناسراوی کوردە و هاوڕێی مەلیک غازی بووە.
وەرگیراوە
بهروار: 26/04/2026
52 جار خوێندراوهتهوه
|