|
تاوەری ترەمپ تاوەری کوردە !!
ترەمپ و ئیخوانیەکان و گرێی کورد
لە٢٠ی نیسانی ساڵی ٢٠١٢ ترەمپ تاوەر کە موڵکی ئیڤانکا, کچی دۆناڵد ترەمپە، لە شاری ئیستانبوڵ کرایەوە، جگە لەوەی بنەماڵەی ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ناوبراودا لە ٢٠١٦ تا ٢٠٢٠، چەندین بۆندی بازرگانی دیکەیان لەگەڵ دەسەلاتدارانی تورک و بە دیاریکراویش لەگەڵ گرووپی کۆمپانیا باڵادەستەکانی تورکیا واژۆکردووە، کە بە (پێنج نەهەنگەکەی تورکیا) ناسراون و سپۆنسەری ڕاستەقینەی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسین لەو وڵاتەدا. بەرامبەر بەوەش یەک مەرج لەسەر ئەو گرێبەستانە نوسراوە، کە ئەویش دەستەواژەی "کورد"ە.
سەرئێشەی کورد بۆ دۆناڵد ترەمپ لەدەرەوەی جەنگی ئێران و هەموو جەنگەکانی دیکەی ئەمریکاشە. پەیوەندیەکانی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ کۆمپانیا مافیاگەرەکانی تورکیا و تەنانەت کەنداویش لەدەرەوەی پێگەی ناوبراون وەک سەرۆکی ئەمریکا و بریتین لە پەیوەندیەکی دوورمەودا و سەرمایەگوزاریی بنەماڵەیەکی بازرگان لە وڵاتانی نەیار و دیکتاتۆر. بۆیە هەڵوێستی ئاشکرای تۆم باراک (کە زمانحاڵی شەخسی دۆناڵد ترەمپە) لەدژی ئیرادەی کورد، بەتەنیا گوزارشت لە هەڵوێست و ئەجندای خودی دۆناڵد ترەمپ دەکات.
لەکاتی داگیرکردنی سەرێکانی و گرێسپی ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن سوپای تورکەوە، کە بوو بە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی بەناوبانگترین وەزیری بەرگریی ئیدارەکەی (ژێنەراڵ ماتیس) لە پۆستەکەی، دۆناڵد ترەمپ وتی: "کوردەکان هیچیان بۆ ئێمە نەکردووە و لە جەنگی جیهانیی دووەم پشتیوانیان لە ئەمریکا نەکردووە!"، جگە لەوەش چەندین هایلایتی دیکەی کۆمێدی سەبارەت بە کورد لەلایەن دۆنالد ترەمپەوە تۆمارکراون، بەڵام سەرلەبەری ئەو وتارانە و ناوهێنانی کورد ڕووبەڕووی گەلی کورد خۆی نین، بەڵکو دۆناڵد ترەمپ لەو هەڵوێستە دژانەیدا بۆ گەلی کورد، ڕووبەڕووی هەندیک لە سیاسەتمەدارانی ئەمریکا و بەدیاریکراویش ئەو سیناتۆرانە دەوەستێتەوە، کە پێیانوایە پشتیوانیکردنی گەلی کورد و سنوردارکردنی هەژموونی ئیخوانیزم بەگشتی و ئیدارەی ئەردۆگان بەتایبەتی، خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست.
ئامانجی شەخسی و بنەمالەیی دۆناڵد ترەمپ بەشدارییردنە لە کەرتی بازرگانیی وزە، گەشتوگوزاریی و پەرەپێدانی توانای بەرگریی سنووردارە لە تورکیا و لە ولاتانی دیکەی ئیسلامییش بۆ ساڵانی داهاتوو، دیارە ترەمپ یەکەمین سەرکردەی ئەمریکی نیە، کە پشتیوانی لە باڵادەستی و هێشتنەوەی دەوڵەتی تورک و بەهێزردنی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی دەکات، کە لەسەردەمی بیل کیلینتۆندا گەیشتە لوتکە و باراک ئۆباماش درێژەی پێدا، بەڵام ترەمپ یەکەم سەرۆکە کە بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندی بنەماڵەیی خۆی ئەو کارە دەکات.
نەورۆز مەحمود قادر
بەرلین
بهروار: 08/04/2026
73 جار خوێندراوهتهوه
|