سابیری عەریزەنووس
سابیری عەریزەنووس گووتی:
ڕۆژێك  ژنێک هات بەگریان و داد و فیغان هەر چاوێکی هەڵدێنا و مستێك فرمێسکی دەباراند، لەدەست مێردە ناجسنەکەی کە چۆن دارکاری دەکا و نان و شەقی دەداتێ و چەندین جاران وەختبووە بیکوژێ.. بەڵام جیران و خێرمەندان لەبەردەستی دەریانهێنابوو..

پێی گوتبوو: بەقوربانت بم بەڵکو عەریزێکی وام بۆ بنووسی لەدادگا سەری بچێتە ڕیشی بابییەوە!!
ئیدی منیش ورد و باریك بۆم هۆندەوە چەندەبوو دوو هێندەی دیم خستەسەر ، وەڵڵا عەریزە و  سکاڵایەکەم وا ڕێکخست ئاوی لەبەردی دێنا .. تەنانەت نووسیبووم :
جەنابی حاکم! ئەو کابرایە یەك تۆز ئەخلاق و شەرەفی نییە!!
ژنە حەقدەستی دامێ و ڕۆیشت...

کاکە بەیانی هەر هێندەم زانی کابرایەکی ئاسنگەرم لێ وەژوورکەوت سوێندت لەسەرم نییە هەر باسکێکی هێندەی ڕانی من دەبوون ، گوتی ئەتۆی سابیری عەریزەنووسی ناموبارەكی؟
گوتم بببـ بەڵێ قوربان!

ئیدی ڵالبووم و تفم بۆ  قووتنەدرا بە هەڕەشە و چاو سوورکردنەوە ڕۆبووە قۆڵم و گوتی:
 هەر ئێستا دەتکووژم... شایەتمان بێنە!! 
یەك دوو بۆکسی تێسرەواندم لەبەر دەستانی دەرپەڕیم.
گوتم: ئاخر کاکە بۆ وادەکەی من چیم کردووە؟ دەمناسی دەتناسم؟!
گوتی: ئەدی سەگباب مادام نامناسی چۆن دەزانی کەمن بێ شەرەف و بێ ئابڕووم؟!
گوتم: قوربان ئەستەخفیروڵڵا جا ئەمن حەددم چییە ناماقووڵی وابکەم؟!
کابرا گوتی بەڵێ کردووتە! 
هەر وایکرد عەریزەی لەگیرفانی دەرێنا و گوتی: ئەدی ئەوەچییە؟! 
ئەوەنییە نوسیوتە:
جەنابی حاکم! ئەو کابرایە یەك تۆز ئەخلاق و شەرەفی نییە!!

ئیدی سەدجار تۆبەی پێکردم و داوای لێبوردنم لێکرد دەستم ماچکرد .
 بەڵام گوتم: توخودا ئەو عەریزەیە بۆ لەخزمەت جەنابتە؟
کەچی گوتی: وەڵڵا شەوێ کە ژنەکەم ئاشتکردەوە ، ئەو عەریزەی بەدیاری دامێ .

ڕۆژی دواتر ژنێکی دیکە هات بەقوڕپێوان و لەخۆدان و هات و هاوار لەدەست مێردەکەی...
گوتم :خوشکێ گیان جارێ پێشەکی بابزانم جەنابی ئاغای مێردت چکارەیە؟
ژنە بەگریانەوە گوتی: وەڵڵا ئەو سەگبابە قەسابە خودا غەزەبی لێ بگرێ!
گوتم: هەستە دایکم هەستە لێم دووربکەوە! خۆ ئەجەلم نەهاتووە!
 مەگەر ڕۆحی خۆم لێ بەڵایە؟!
به‌روار:  30/03/2026
212   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   663
کۆی سه‌ردان:   31246509