|
کوردبوون و کارخانەکانی رق کوردانی رۆژئاوا و دوژمنەکانیان
ئەوەی لە دۆخی کوردانی رۆژئاوا و لەو گوتارانە ڕابمێنێت کە بەرامبەر بەو بەشەی کوردستان بەکاردەهێنرێت، دەتوانێت زۆر بە ئاسانی سێ گوتاری پڕ لە رق و هێرشی ناڕەوا لەیەکتری جیابکاتەوە. ئەو گوتارانەش بریتین لە گوتاری دوو رق کە مێژوویەکی درێژیان هەیە و گرێدراوی هاتنەکایەی کوردبوونن وەک بنەمای سەرەکیی شوناسی میلەتی ئێمە لە سەدەی بیستەمدا. مەبەستم، یەکەمیان، گوتاری رقی ئەتنیی و نەتەوەییە. دووهەمیان گوتاری ڕقێکی سیاسیی هەمەلایەنە، کە بە خواستە سیاسیی و کولتوریی و رەمزییەکانی کوردبوون خۆیەوە گرێدراوە. لەم چەند دەیەی دواییشدا گوتارێکی دیکەی هاتۆتەسەر، کە گوتاری ڕقێکی دینییە لە کوردبوون. ڕقی دینیی ئەو میوانە تازەیەیە کە چۆتە پاڵ رقە ئەتنیی و سیاسییەکەوە، کە مێژوویەکی درێژتریان هەیە.
ئەم رقانە گەرچی لەزۆر خاڵدا بەیەکدەگەن و بەیەکتری تێکەڵدەبن، بەڵام هەر یەکێکیان پێ لەسەر شێوازێکی تایبەتی دوژمنایەتییکردنی کوردبوون، دادەگرن.
کەناڵەکانی بەرجەستەکردنی ئەم ڕقانەش هەمەجۆرن، بەشێکی بەرچاوی میدیای عەرەبیی و میدیای تورکیی فەرمیی و نافەرمیی، حکومەتەکانی ناوچەکەش، بەتایبەتی حکومەتەکەی ئەردۆغان لە تورکیا و حکومەتەکەی شەرع لە سوریا، بەشدارن لە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەم رقانەدا.
با کەمەێک وردتر لەسەر ئەم بابەتانە ڕاوەستین.
یەکەم: رقی ئەتنی و نەتەوەیی.
ڕقی ئەتنیی و نەتەوەیی لە کورد رقێکە لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی و دروستکردنی دەوڵەت لەم ناوچەیەدا بەخەستی دێتەکایەوە. لە راستیدا مێژووی ئەو دەوڵەتی نەتەوانەی لەم ناوچەیەدا کورد لەناویاندا دەبن بە کەمینە، هاوتایە بە مێژووی دروستبوون و هاتنەکایەی ئەم ڕقەوە. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە مرۆڤ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا وەک ئەندامی نەتەوە، یان گروپێکی ئەتنی، یان هاونیشتیمانییەک، لەدایکدەبێت. واتە مرۆڤ لەم ناوچەیەدا وەک کورد و عەرەب و تورک وفارس لەدایکدەبێت و وەک هەڵگری ئەو شوناسانە دێتە ناو دونیاوە. لەناو زمان و کولتور و نیشتیمان و کۆمەڵێک خەونی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا، گەورەدەبێت.
لەگەڵ هاتنی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەییدا خەڵکی ئەم ناوچەیە، کوردبوون یان عەرەببوون یان تورکبوون یان فارسبوونی خۆیان هەڵنابژێرن، بەڵکو وەک جۆرێک لە بوون و لە شوناس ئامادەن، کە مرۆڤ بەبێ ویستی خۆی دەکەوێتەوە، ناوییانەوە. مرڤ لەناو زمان و کولتور و مێژوویەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دیاریکراودا لەدایکدەبێت و هەر لەوێشدا، گەورەدەبێت. هەموو ئەمانەش لە ئاستێکی سەرەتاییدا نمایشی بوونی ئەو لەناو جیهاندا، دەکەن. ئەمە وادەکات رقبی ئەتنی و نەتەوەیی، ببێت بە رقبوون لەو جۆرە ئامادەگییە سەرەتایی و حەتمییەی مرۆڤبوون لەناو جیهان و لەناو مێژوودا.
ئەم ڕقە ئەتنیی و نەتەوەییە لە دوو ئاستدا کاردەکات. لە سەرێکەوە هەڵگری روانینی بەکەمزانینی کەسانی لەخود جیاوازە. لەسەرێکی دیکەوە هەڵگری هەستی خۆ بە گەورە و گرنگ و زلزانینە لەبەرامبەر ئەو کەسانەدا کە رقە ئەتنیی و نەتەوەییەکانیان ڕووبەڕوو دەکرێتەوە. هەمیشە هیرارکیەتێک لە پشتی رقی ئەتنیی و نەتەوەییەوە بۆ پۆلینکردنی مرۆڤەکان، هەیە و کاردەکات.
مێژووی میلەتی ئێمە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە بۆ ئەمڕۆ مێژووی گیرۆدەبوونێکی هەمەلایەن و بەردەوامە بەڕووی ئەم رقە ئەتنیی و نەتەوەییەدا. رقبوون لە کوردبوون لە زیاد لە فۆرمێکدا ئامادەبووە، لەوانەش، بۆ نموونە، رقبوون لە زمانی کوردیی، لە نیشتیمانی کوردان و لە فەرهەنگ و خواست و خەونە دەستەجەمعییەکانی میلەتی ئێمە. ئەم رقە، بە پلەی یەکەم، ڕقێکی گەورە بووە لەو مەسەلەیەی لە سەدەی بیستەمدا ناوی «مەسەلەی کورد»ی لێدەنرێت. مەسەلەیەک تیایدا کورد وەک میلەتێکی بە کەمینەکراو داوای مافە سیاسیی و کولتوریی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی دەکات. مافی بوون و ئامادەگی کورد لە جیهاندا وەک کۆمەڵەیەکی مرۆیی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت.
ئەم رقە ئەتنیی و نەتەوەییە لە سەرەتاوە و تا ئەمرۆ هەم لە تورکیا و هەم لە ئێران و هەم لە عێراق و هەم لە سوریادا، بە بڕ و رادەی جیاواز، ئامادەبووە و ئامادەیە. باوکی ئەحمەد شەرع تەعبیرێکی تازە و بەرچاوی ئەم رقەیە لەمرۆکەی ئامادەگی کورد لە سوریادا. بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک، باوکی ئەحمەد شەرع لە نووسینی چەن رۆژێک لەمەوبەریدا دەڵێت: «کێشەی کورد هیچ زەمینەیەکی لە سووریادا نییە”، “نە لە مێژووی سووریادا و نە ئێستا لە سووریادا شتێک نییە بەناوی ‘پرسی کورد’ەوە». ئەم نکولیکردنە لە کوردبوون تەعبیرێکی راستەوخۆیە لەو رقە ئەتنیی و نەتەوەییە لە کوردبوون، کە لە سوریای ئەمرۆدا هەیە و کاردەکات.
رقی ئەتنیی و نەتەوەیی بەرامبەر بە کوردبوون، تەنها رقبوونەوە لەم یان لەو هەڵسوکەوت و کردە نییە ئەم یان ئەو کورد ئەنجامیبدات، بەڵکو رقێکی جەوهەرییە و رەهەندێکی وجودییانەی هەیە. لە خەیاڵی ئەو رقە ئەتنیی و نەتەوەییدا بەرامبەر بە کورد، کورد هەر بە سروشت بوونەوەرێکی خراپ و شێوێنەرە، هەڕەشەیەکی وجودییە بۆ ئەو ژینگە و دەوڵەتانەی لەناویاندا کراون بە کەمینەیەکی بێماف. کوردبوون لەم دیدگا دژە کوردییەدا هەڵگری جەوهەرێکی ناقۆڵا و نەشیاو و ناحەزانەیە. غەدرێکە لە بەشەکانی تری دانیشتوانی ئەو وڵاتە دەکرێت.
دووهەم: رقی سیاسیی.
رقی سیاسی لە پەیوەندیدا بە کوردبوونەوە، رقە لە دەرکەوتە سیاسییەکانی کوردبوون. رق لە سەرجەمی ئەو فۆرمانەی کوردبوون کە نەک تەنها تەسلیمبوون و تواندنەوە و سڕینەوە، قبووڵناکەن، بەڵکو سەرسەختانە داوای مافی سیاسیی و فەرهەنگیی و کۆمەڵەیتیی دەکەن. رقی سیاسیی لە کوردبوون ڕقە لە توانا دەستەجەمعییەکانی میلەتێک لە پەیوەندیدا بە توانای بڕیاردانییەوە لەسەر چارەنووسی خۆی، وەک گەل یان مرۆڤێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت. ڕێگرتنە لە پێناسەکردنی گەلێک بۆخۆی وەک گەل، میلەتێک بیەوێت وەک میلەت بژی، نەک وەک هاولاتییەکی پلە دوو و پلە سێ.
لە هەموو ئەم دۆخانەدا رقی سیاسیی سیاسەت لەوەدەخات پەیوەندیی بە چۆنیەتی رێکخستنێکی مافپەروەرانەی ژیانی گشتیی و پێکەوەییەوە هەبێت، لە رێگای دانان بە جیاوازیی مرۆڤەکان لەگەل یەکدا، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ چالاکی ژمارە یەکی دروستکردنی دوژمن و بۆ گۆڕەپانی جەنگ و پێکدادان لەسەر ناسنامە. نیشاندانی کورد وەک دوژمن بەشێکە لە کۆی ئەو سیاسەتانەی ئەمرۆکە لەناو زیاد لە حکومەت و دەزگایەکی میدیایی و هێزێکی سیاسییەوە پیادەدەکرێت.
سێهەم: ڕقی دینیی.
رقی دینیی رقێکی تەواو تایبەتە، تایبەتبوونەکەشی لەوەدا بەرجەستەیە کە بەناوی خودا و هەقیقەتێکی رەهاو و موقەدەسەوە، خۆی نیمایشدەکات. خودی خودا خۆیشی بۆ ناو ئەو جۆرە تایبەتە لە رقبوونەوە، ڕادەکێشێت و دەیکات بەبەشێک لە سیاسەتی بەرهەمهێنانی ئەم ڕقە. رقی دینیی خۆی وا نیشانئەدات کە پەیوەندیی بە خواست و ویست و پلانی هەڵگرانی رقەکەوە نییە، بەڵکو دەربڕی خواست و ویست و پلانەکانی خودا خۆیەتی، رقێکی خوداییە لە کەسانێک کە خودایان لەخۆیان زویرکردوە.
رقى دینیی هاوکات دەربڕی پرۆسەی کورتکردنەوەی شوناسی ئاڵۆزی مرۆڤە، بۆ شوناسێکی دینیی بەتەنها، یان بە موتڵەقکردنێکی ترسناکی شوناسی دینیی و سڕینەوەی دەرکەوتەکانی تری شوناسە. دیدگایەکیش بۆ موقەدەس بەرجەستەدەکات کە نەک ناتوانێت لەگەڵ هیچ شتێکی دەرەوەی خۆیدا بژیی، بەڵکو دەشیگۆڕێت بۆ رقبوونەوە لە هەرشتێک لە خود خۆی نەچێت. خودی دین خۆیشی لەوە دەردەکات هیچ پەیوەندییەکی بە هەستەکانی ڕەحم و بەزەیی و لێبوردن و خۆشەویستییەوە هەبێت، بەڵکو دەیگۆرێت بۆ هێزێک بۆ دروستکردنی دوژمنێکی رەها کە دەبێت لەناوببرێت. داعش و هێزە سەلەفییە جیهادیی و باڵە پەڕگیرەکانی ئیسلامی سیاسیی و بکەرە دینیە توندڕەوەکان سەر بەم جۆرە تایبەتەی دینداریی و رقی دینین.
لە ئێستادا زیاد لە هێزێکی دینیی بەناوی خودا و بەناوی موقەدەسەوە تەعبیر لە رقی دینیی خۆیان بەرامبەر بە کوردبوون بەرجەستەدەکەن. ئەم رقە دینییە لە کوردبوون تەنها لای هێزە ناکوردەکان ئامادەنییە، بەڵکو لای چەندان کەسایەتیی و بکەری دینیی کوردیی خۆیشیان، چ لەناو کوردستان خۆیدا و چ لە دەرەوەی کوردستاندا، ئامادەیە و کاردەکات. لە دوو هەفتەی ڕابردوودا نموونەکانیمان لای هەندێک لە هێزە ئیسلامییەکانی باشور و لای ژمارەیەک لە بکەرە دینییەکانی ئەم بەشەی کوردستان، بینی.
کاتێکیش موجاهیدە داعشییەکان لە حەڵەب جەستەی کچە شەرەڤانە کوژراوەکەیان لە باڵەخانەیەکەوە فرێدایە خوارەوە، موجاهیدەکان بە دەنگی بەرز هاواری ئەڵاهو ئەکبەریان، دەکرد. کەچی کەسایەتی کوردیی دینیی هەیە بەرگریی لەو موجاهیدانە دەکرد و ئیدانەی خانمە شەرەڤانەکەی دەکرد، کەسانێکی دیکەشیان وەلای خۆیان بۆ ئەحمەد شەرع نیشانئەدا و داوایان لە خودا دەکات ئەحمەد شەرع. بیپارێزێت.
هەڵگرانی ئەم ڕقە دینییە دەست بۆ مرۆڤبوونی مرۆڤەکان دەبەن و کەسەکان لەوە بێبێشدەکەن وەک مرۆڤ مامەڵەبکرێن. شوناسیان لە مرۆڤەوە دەگۆڕن بۆ کەسێک کەمتر و بێنرختر و خواروتر لە مرۆڤ. دەکرێن بە مولحید و کافر و دژەدین و دژە خودا و هتد... کاتێک گروپێکیش وەک مولحید، یان کافر، یان بێدین پێناسە دەکرێت، بەکارهێنانی توندوتیژی دژی ئەو گروپە تەنها مەسەلەی کاتە و خودی توندوتیژییەکەش دەبێت بە واجبێکی دینیی و وەک چاکەکاریی و خزمەتکردن بە خودا، نیشانەدرێت. بەیاننامەکەی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی سوریی، بەرجەستەکەرێکی بەرچاوی ئەم رقە دینییەیە کاتێک پێ لەسەر «فەتح»کردنی ناوچە کوردییەکان دادەگرێت و کوردان وەک بێدین و مولحید نمایشدەکات و بە سورەتێکیش دەستپێدەکات، سورەتی ئەنفال، کە هێما بۆ جینۆسایدکردنی کورد لە عێراقدا، دەکات.
بە کورتییەکەی، ئەو رقەی ئەمرۆ لە کوردبوون لە سوریادا دەیبینین دەرەنجامی هەڵوێستی ئەم یان ئەو هێزی کوردیی ناو رۆژئاوا نییە، بەڵکو ئەو رقە مێژوویەکی درێژی هەیە و قووڵ بەناو مێژووی کوردبوون لەناو ئەو دەوڵەتانەدا ڕۆچووە کە کورد لەناویاندا بە کەمینەکراوە. لە ساتێکدا ڕق لە کوردبوون دەبێتە هەڵگری پرۆژەی جینۆسایدکردنی کورد.
مەریوان وریا قانیع
بهروار: 23/01/2026
51 جار خوێندراوهتهوه
|