|
پەیامەکانی " ئۆجەلان" دەستکاری کراوە
جەنگیز چاندار:
ئەوەی تائێستا شاندەكانی ئیمرالی بە ناوی ئۆجەلانەوە وتویانە لەژێر فشاری حكومەت و میتی توركیدا بووە
پوختەی راپۆرتی لیژنەكەی پەرلەمان لەبارەی دیداری ئیمرالی هیچ بەهایەكی نییەو دەبێت فڕێ بدرێت
قسەكانی ئۆجەلان دەستكاری كراوەو گوزارشت لە بۆچونی ئەو ناكات
حكومەتی توركیا سری سورەیا ئۆندەرو پەروین بوڵدانی سەپاندبوو لەبری هاوسەرۆكانی دەم پارتی
كاتێك ویستیان بچن بۆ رۆژئاوا بەناوی ئۆجەلانەوە داوا لە هەسەدە بكەن چەك دابنێت وتم ئۆجەلان شتی واناڵێت
ئێستا هەموو شتێك ئاشكرا بووەو دەوڵەتی توركیا ناچارە هەنگاو بنێت گۆڕانكاری بكات
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراتی (دەم پارتی) دەڵێت: ئەو پوختەی كۆنوسەی لیژنەكەی پەرلەمان لەبارەی دیدارەكەی ئۆجەلان بڵاویكردەوە هیچ بەهایەكی نییەو پێویستە بخرێتە سەبەتەی فەرامۆشكراوەكانەوە.
چاندار لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆیندا رایگەیاند: چەندین جار وتمان هەرچی بە ناوی ئۆجەلانەوە لە لایەن شاندەکانەوە دەوترێت لە ژێر فشاری حکومەتی تورکیا و دەزگای "میت"دا بووەو دەستكاری دەكرێت و بە وردی گوزارشت لەوەناكات بەڕێز ئۆجەلان چی دەوێت، كاتێك من ئەمەم دەوت زۆرێک هێرشیان دەكردە سەرم، بەڵام بۆ یەکەمجار ئاشکرا بووە کە دەوڵەتی تورک چۆن دەستکاری قسەکانی ئۆجەلان دەکات.
کاتێک بڕیار بوو سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان سەردانی رۆژاڤا بکەن بۆ رازیکردنی سەرکردایەتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ داماڵینی چەک بەوەی گوایە ئەمە داواکاری ئۆجەلانە، لەو کاتەدا نوسیم کە متمانەم بە قسەی ئەو دوو کەسە نییە، بەتایبەتی کە دەوڵەتی تورکیا لەبری هاوسەرۆکانی دەم پارتی ئەو دوو کەسەی سەپاندبوو، زۆرێک لە هاوڕێیان ئەو کاتە هێرشیان کردە سەرم.
بەڵام ئەمجارە بابەتەکە ئاشکرا بوو، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ناوەرۆکی کۆبونەوەی نێوان شاندەکە و شاندی ئیمرالی و ئۆجەلان چەند رۆژێك پێش ئێستا چی بوو؟ چونكە دەوڵەت بەشێوەیەكی بەپەلە ناردنی، بەڵام بەهۆی ئەم ئابڕوبەرییەوە نەیانتوانی بیشارنەوە وەک ئەوەی حکومەت دەیویست، بۆیە وردەکارییەکانی کۆبونەوەکەیان لە ئیمرالی بە نیمچە نهێنی هێشتەوە.
چاندار لە بەشێكی تری قەسەكانیدا وتی: ئێستا دەڵێم، ئەوەی روویدا خاڵی وەرچەرخانە، یان حکومەت دەستبەرداری ئەم پرۆسەیە دەبێت- هەرچەندە ناچارە بەردەوام بێت لەسەری- یان ناچارە هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت، ئەوەی پێشتر روویدا لە ئێستا بەداوە وانابێت، بە واتایەکی تر ئەم پرۆسەیە، دوای ئەم ئابڕوبەرییە، جارێکی تر هەرگیز وەک جاران نابێتەوەو تورکیا ناچارە بە زۆر- هەندێک گۆڕانکاری بکات و هەندێک هەنگاو بنێت.
درەو
بهروار: 06/12/2025
87 جار خوێندراوهتهوه
|