|
پیاوە دهۆکییەکە پەشیمان بوەوە!!
بەیانییەک لەو بەیانیانەی زوو دەچم بەرەو شارەزوور بۆ سەر ئیشەکەم، لەنزیک سەیتەرەی عەربەت ــ سلێمانی پیاوێکم سەرخست کە چاوەڕێی سەیارەی دەکرد. لێم پرسی بۆ کوێ دەچی؟
بە نیوەبادینی و نیوەسۆرانیی جوابی دایەوە: لە دهۆکەوە هاتووم بەخودا یەکەمجارە دێمە ئەم دەڤەرە و بۆ هەڵەبجە دەچم. کچێکم لە زانکۆی هەڵەبجە ناوی هاتووەتەوە دەچم بزانم تشتەک ناکەم بۆی.
لە ڕێگە باسی ئەوەیکرد لە تەمەنی خۆیدا یەکەمجارە دێتە سلێمانی، وتی بە تۆوەوە ئەمە سێیەم شۆفێرە کە بەبێ ئەوەی دەستڕابگرم لێیان دەوەستن و دەمگەیەنن. سوپاسی ئەو پیاوە دەکەم کە پێش تۆ لە ڕاپەڕینەوە گەیاندمیە ئێرە و نانی بەیانیشی بۆ کڕیم و خۆی گەڕایەوە بۆ ڕاپەڕین
پیاوەکە وتی: حەزدەکەم کچەکەم بگەڕێنمەوە بۆ زانکۆکانی دەڤەری خۆمان. ئێرە دوورە و بۆ من و کچەکەم تۆزێک قورسە.
من هانمدا کچەکەی با لە هەڵەبجە بخوێنێ چونکە خەڵکی هەڵەبجە زۆر بە ڕەوشتن، میوان و غەریبە لەناویاندا زۆر دەحەسێتەوە ئەوەندە چاک دەبن بۆی. هەوڵ مەدە نقڵی بکەی با ئاشنای ئەم دەڤەرەش ببن.
لەناو سەیارەکەدا ژمارە مۆبایلم لێوەرگرت و ئەوانەی خۆیشم پێدا، وتم وای دابنێ برا و کەسی خۆت لێرەیە، چ کچەکەت چ خۆت هەر پێویستییەکتان بوو بە من بڵێن.
شەو پیاوەکە تەلەفۆنی بۆ کردم وتی: سەیدا لە ڕێگە ئەو هەموو چاکەیەم لە سلێمانییەکان بینی، لە هەڵەبجە و زانکۆکەیشی چەند پیاوێکی تری جوامێرم بینی، پەشیمان بوومەوە کە کچەکەم نقڵکەم. پیاو کچی لەناو ئەم میللەتە باشەدابێت گوناحە بترسێ. بۆیە بڕیارمدا کچەکەم لەو دەڤەرە بەڕێزە زانکۆ تەواو بکات و خۆم و خێزانیشم دێینە ئەوێ.. سەد ڕەحمەت لە دایکوباوکی میللەتی ئاوا قەدرگران کە ئەوەندە چاکن بۆ خەڵکی غەریب و نەناس. بە پێکەنینەوە وتی لە ئێستاوە من هەڵەبجەیی و
سلێمانەییم.
پیاوە دهۆکییەکە ناوی سلێمانی و هەڵەبجەی بیستبوو دووربەدوور، بەس بەر سلێمانەیی و هەڵەبجەییەکان نەکەوتبوو. ئەو دەیوت هەرگیز باوەڕم نەدەکرد خەڵکی ئەم دەڤەرە ئەوەندە میهرەبان بن!
بەرکەوتن زۆر جیاوازترە لەبیستن. بیستن هەستت بۆ دروست دەکات، بەڵام بەرکەوتن باوەڕ. بۆیە ئەوناوچانەی ناوت بیستوون، زۆر باشترە بچی خەڵکەکەی ببینی تا باوەڕ بهێنی کە ئینسانی چاک زۆر زیاترە لە کەمێک خەڵکی خراپ.
کاوە شێخ عەبدوڵا
بهروار: 14/11/2025
107 جار خوێندراوهتهوه
|